نێچیرڤان بارزانی دوو تابلۆی پێشکەش بە پاپای ڤاتیکان دەکات

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤاتیکان تابلۆیەکی زەیتی و فەرشێکی چنراوی پێشکێشی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان کرد کە پێکه‌وه‌ژیانی ئایینەکان له‌ هه‌رێمی کوردستان نیشاندەدەن.

تابلۆکە بچووکە، قەبارەکەی 50 بە 70ـیە و بە رەنگی زەیتی لەلایەن هونەرمەندێکی شێوەکاری دهۆکییەوە بەناوی خەیری ئادەم لەماوەی هەفتەیەکدا کێشراوە.

خەیری لەبارەی واتای پشت تابلۆکەیەوە قسەی بۆ رووداو دیجیتاڵ کرد و گوتی "تابلۆکە لە باکگراونددا مزگەوت، دێر و پەرستگەی ئێزدییانە، ئەمە واتای بەیەکەوەژیانی ئایینەکانە لە هەرێمی کوردستان".

وەک لە تابلۆکەدا دیارە، کۆمەڵێک کەس دەستی یەکدیان گرتووە و شایی دەکەن، ئەوەی سەرچۆپییەکەی بەدەستەوەیە ژنێکە و پەڕۆی سەرچۆپییەکەی سپییە. خەیری ئادەم دەڵێ "سەرچۆپییەکە بۆیە بە دەستی ژنێکەوەیە، چونکە ئەمە سیمبوولە بۆ توانای ژن لە کوردستان لە پێشڕەویکردن و پێشەنگبووندا. سەرچۆپییەکەش سپییە، واتا ئێمە لە کوردستان لەگەڵ ئاشتی داین".

دیمەنێکی دیکەی سەرنجڕاکێشی تابلۆکە ئەوەیە، ئەوانەی شایی دەکەن وەک خەیری دەڵێ "لەنەتەوەی جیاوازن و ئایینی جیاوازیان هەیە، بەڵام لە کوردستان سەرەڕای ئەو جیاوازییانە، یەکترقبوڵکردن و کولتووری هاوبەش هەیە، هەر لەبەرئەوەشە هەموویان یەک جۆرە شایی دەکەن و لە یەک ریزن".

خەیری ئادام، لەدایکبووی ساڵی 1981ـە و خەڵکی دهۆکە. ئەو، پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی لە دهۆک خوێندووە و لە زانکۆی سەڵاحەدینیش لە هەولێر، کۆلێژی هونەرەجوانەکانی خوێندووە، لە کالیفۆرنیای ئەمریکا ماستەری لە بواری شێوەکاری بەدەستهێناوە.

زۆربەی تابلۆکانی خەیری بەگوتەی خۆی سیمبوولی نیشتمانییان تێدایە، دەڵێ "بۆم گرنگە خەڵک لە تابلۆکانمەوە بزانن کوردم".

لەسەر بانگهێشتنی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-4-2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆمای پایتەختی ئەو وڵاتەیە. نێچیرڤان بارزانی هەروەها چووە ڤاتیکان و ئەمڕۆ لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبووەوە و ئەو تابلۆیەی پێشکێش کرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif