سوودانی بەنیازە ژمارەیەک وەزیر بگۆڕێت

ليست هناك تعليقات


محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە گۆڕانکاری لە کابینە وەزارییەکەیدا بکات و ژمارەیەک وەزیر، پارێزگار، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بگۆڕێت.

سوهێلە سوڵتانی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-04-2023) بە رووداوی راگەیاند، گۆڕانکارییەکە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی کاری ئەو وەزیر و بریکار و پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی و بەرپرسانە دەبێت لەو ماوەیەدا، چونکە سوودانی 100 رۆژ بۆ 6 مانگ دەرفەتی پێداون، دواتر هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت لەسەر ئەو بنەمایە سوودانی بڕیار لە مانەوە یان گۆڕینیان دەدات.

رۆژی 27-10-2022 پەرلەمانی عێراق کابینە وەزارییەکەی محەممەد شیاع سوودانی پەسند کرد، کە 27ـی ئەم مانگە، تەمەنی کابینەکەی دەبێتە شەش مانگ.

مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای شەش مانگ تێپەڕبوون بەسەر تەمەنی کابینە وەزارییەکەی، ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی دەگۆڕێت و رەنگە 4 بۆ 5 وەزیر بن، هەروەها گۆڕانکارییەکە پارێزگار و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەکانیش دەگرێتەوە.

ناوی چەند وەزیرێک دەهێنرێت کە ئەگەر هەیە بگۆڕدرێن، لەوانە وەزیری وەزارەتەکانی: نەوت، بازرگانی، کارەبا، گواستنەوە و گەیاندن، هەروەها باس لەوەش دەکرێت هەریەک لە نەعیم عبوودی، سەرکردە لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق، کە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە، ئەحمەد ئەسەدی، سەرکردەی گرووپی جوند ئیمام، کە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا خوازراو نین، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاوە.

مەحما خەلیل دەڵێت "هەموو ئەو ناوانەی باس دەکرێن، تەنیا قسەی میدیاکانە و هیچ بڕیارێکی فەرمیی نییە". سوهێلە سوڵتانی-ش کە ئەندامی لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمانە دەڵێت وەزیری کارەبا کاری باشی کردووە و لیژنەکەیان رایان لەسەریەتی، "گۆڕینی وەزیری کارەبا دوورە لە راستییەوە".

محەممەد بەلداوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی سادقوونی سەر بە عەسائیب ئەهل حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی گوتی: سەرۆکوەزیران هەر لە یەکەم رۆژدا شەش مانگی دیاریکردووە بۆ هەڵسەنگاندنی کاری وەزیر و بریکار و پارێزگارەکان، لیژنەی پێکهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان.

بەلداوی گوتیشی: هێزە سیاسییەکان بە دیاریکراوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت چرای سەوزی بۆ سوودانی هەڵکردووە بۆ گۆڕینی ئەو وەزیر و بریکار و پارێزگارانەی کە کارەکانیان بەپێی پێویست نییە.

هەروەها عارف حامی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی رایگەیاند، بەم نزیکانە سوودانی ژمارەیەک لە وەزیرەکان دەگۆڕێت، چەند پێوەرێکی داناوە بۆ هەڵسەنگاندنیان دوور لە گوشار و موجامەلەوە، لە داهاتوودا هەنگاوی گونجاو دەنێت. کارەکەش لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە پشتیوانی دەکرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif