ماکرۆن: بۆچوونەکانم لەبارەی چین و تایوان نەگۆڕاون

ليست هناك تعليقات



سەرۆککۆماری فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆچوونەکانی لەبارەی پرسی تایوان و چینەوە نەگۆڕاون. دەشڵێت، "خراپترین شت ئەوەیە کە بیر لەوە بکەینەوە ئێمەی ئەوروپییەکان دەبێت ببینە شوێنکەوتوو لەسەر ئەم بابەتە."

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو سەردانی پەکینی کرد، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتبووی، هەڵوێستی فەرەنسا و ئەوروپا لەبارەی کێشەی تایوان ئەوەیە، پێویستە ئەو دۆخەی ئێستا هەیە بپارێزرێت و نەگۆڕدرێت.

رۆژی چوارشەممە، ماکرۆن دوای نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی سەردانە دوو رۆژەکەی بۆ هۆڵەندا لە ئەمستردام گوتی، "هەڵوێستی فەرەنسا و ئەوروپییەکان لەسەر تایوان وەکو یەکە. ئێمە لەگەڵ دۆخی ئێستاین و ئەم سیاسەتە بەردەوامە."

لەبارەی هەڵوێستیانەوە، ماکرۆن گوتی، هەڵوێستی ئەوان "نەگۆڕاوە، سیاسەتی یەک چین و یەکلاییکردنەوەی ئاشتییانەی کێشەکەیە."

مەبەست لە سیاسەتی "یەک چین" بریتییە لە سەیرکردنی تایوان و چین وەکو یەک وڵات.

تایوان دوورگەیەکی خۆبەڕێوەبەرییە و خۆی بە وڵاتێکی سەربەخۆ دادەنێت، بەڵام چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت. بەرپرسانی پەکین دەڵێن، "رۆژێک، بە خۆشی بێت یان بەشەڕ، دەبێت بگەڕێتەوە سەر چین."

ماکرۆن رۆژی یەکشەممە قسەی بۆ چاپەمەنیی فەرەنسی کرد و لێدوانەکانی گومانیان لێکەوتەوە بەوەی کە ئایا بۆچوونەکانی ماکرۆن لەگەڵ هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە پێگەی تایوان دەگونجێن یاخود نا؟

لە هەڤپەیڤینی چاپەمەنیدا ماکرۆن گوتبووی، "ئەو پرسیارەی کە پێویستە وەکو ئەوروپییەکان وەڵامی بدەینەوە، ئەوەیە: ئایا لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە کە دروستبوونی قەیرانێک لەسەر تایوان خێراتر بکەین؟ نەخێر."

سەرۆکی فەرەنسا روونیکردبووەوە، "خراپترین شت ئەوەیە کە بیر لەوە بکەینەوە ئێمەی ئەوروپییەکان دەبێت ببینە شوێنکەوتوو لەسەر ئەم بابەتە و ئاماژەکانمان لە ئەجێندای ئەمریکا و کاردانەوەی زیادەڕۆی چینییەکان وەربگرین."

ماکرۆن رۆژی چوارشەممە ئاماژەی بەوەش کرد، پێش گەشتەکەی بۆ چین لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە.

لە چەند مانگی رابردوودا زنجیرەیەک سیاسەتڤانی بیانی سەردانی تایوانیان کردووە، لەوانەش نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا و ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتڤانەکانی یەکێتیی ئەوروپا.

سەرۆکی فەرەنسا لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ هۆڵەندا باسی لە بابەتەکانی دیکە کرد. پێشتر ماکرۆن رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو، ناڕەزایەتییەکان لە فەرەنسا و هۆڵەندا باجێکی کۆمەڵایەتییە کە دەبێت بدرێت لە کاتێکدا حکومەتەکانی ئەو دوو وڵاتە چاکسازییەکانیان بەرەو پێش دەبەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif