٧٠ + ٨٠ =؟

ليست هناك تعليقات


فـــــارس نـــــەورۆڵـــی
-
پێشتر لەسەر ئەم بابەتەم نوسیووە، بەڵام وەک کوردێک بە پێویستم زانی قسەیەکی دیکەی لەسەر بکەمەوە، چونکە بە خەمێکی قوڵی خۆم و هەر کورد پەروەرێکی ڕاستگۆی دەزانم.

لەناو کورددا جوانترین وشە و ڕەونەقدارترین و بە ویقارترین وشە، وشەی پێشمەرگە بوو. ئێستاش لای من هەمان مانای هەیە، بۆیە ئەگەر دوێنێ لەبەر هەر هۆکارو هەلومەرجێک بووبێ هەر حزبێک پێشمەرگەی خۆی هەبووبێ ئەوا ئەمڕۆ هیچ هۆکارێک نییە ئەقڵ قبوڵی بکات بۆ ئەوەی نەتوانین هێزی پێشمەرگە لەیەک یەکەی سەربازیدا کۆبکەینەوە. ئەگەر ئەو کارە نەکەین ئەوا کێشە لەبیرکردنەوەماندا هەیە، چونکە ئەگەر دروست بیر بکەینەوە ئەوا بەرەنجامی دروست وەردەگرین، بەڵام نادروست بیربکەینەوە ئەوا لە حەقیقەتی مێژوو تێناگەین و بەرەو وەهم دەچین

ئێستا ناوچەکە لە هەلومەرجێکی ناجێگیردایە و نازانرێ لەکوێدا دەگیرسێتەوە. کورد لەم هەلومەرجەدا لە ناسکترین دۆخدایەو بە ڕەشەبایەکی سیاسی لەرزۆک دەبین.

بۆیە پێویستە خۆمان ئامادە بکەین بۆ هەموو ئەگەرەکان، خۆئامادەکردنیش واتە کورد خاوەنی یەک گوتاری سیاسی بێت خاڵی بەهێزی گوتاری سیاسی هاوبەش یەکگرتنەوەی هێزەکانی (٧٠ و٨٠)یـــــە. ئەگەر ئەم هەنگاوە بە سەرکەوتویی ئەنجام بدەین ئەوا زۆر گرفت تێدەپەڕێنین و دەیسەلمێنین کورد بوونمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتییەوەیە، کورد بوون پابەندبوونی مێژوویی و ئەخلاقییە، کورد بوون ئەشقە، باوەڕ و ئیرادەیە.

کەواتە پێویستە هەر لایەک پێیوایە حەقیقەت لای ئەوە دەبێ بزانێ بەشێک لە حەقیقەت لای ئەوانی دیکەیە. هەر لایەنێک باوەڕی بە حەقیقەتی کوردبوون هەیە، پێویستە بەشێک لە مافەکانی خۆی بکاتە قوربانی ئەو کورد بوونە و دەبێ هەموو حزبەکان ئەو حەقیقەتە بزانن و ئەو قوربانییەی بۆ بدەن. وەک هاوکێشەی بیرکاریش نابێ هیچ هێزێک بە خەیاڵی ئەوە کار بکات ١٠٠ بەدەستبهێنێت. بەتایبەتی (پارتی و یەکێتی)، لەبەر ئەوەی ئەرکە قورسەکە لەسەر شانی ئەوانە بۆئەوەی نەکەونە ژێر پرسیاری مێژووەوە دەبێ زۆر وورد بیر لەو دۆخە بکەنەوە.

کێڵگەی مێژووی کورد پڕە لە دۆخی ترسناک، پێویستە وانەی لێوەربگرین. ئێستا میللەتەکەمان و دۆستەکانمان لە جیهاندا داوامان لێدەکەن هێزی پێشمەرگە یەکبخەن و یەکەی ٧٠ و٨٠ بکەنەوە بە یەک، لەبەر ئەوەی لەم هەلومەرجەدا کۆکردنەوەی ٧٠و٨٠ یەکسانە بە پاراستنی هەرێم لە هەر ئاشوبێک. کۆنەکردنەوەیان یەکسانە بە سەرەو لێژبونەوە و ڕێگاگرتنە بەرەو نادیاری. بۆپاڵپشتی ئەم بۆچونەم شەوی ڕابردوو (دۆگڵاس ئۆلیڤانت) لە بەرنامەی (ڕووداوی ئەمڕۆ)ی تەلەفزیۆنی ڕووداودا ڕوانینی ئەمریکای بۆدۆخی عێراق و هەرێم خستەڕوو، بەڕاشکاوی باسی هێزی پێشمەرگەو ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەو یەکنەگرتنەوەی خستە ڕوو کە قسەی ترسناکی کرد. پێویستە ئەو قسانە بەهەند وەربگیرێت.

دواجار منیش وەک کوردێک مافی ئەوەم هەیە لە خەمی کۆنەکردنەوەی بە ویقارترین ناوی ناو مێژوودابم ئەویش ناوی پێشمەرگەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif