بەرەو ھەڵبژاردن، رەخنەی ئەمریکاو بابەتی نەوت و وزە

ليست هناك تعليقات


تەنیا کوردی
-
((رەخنەی ئەمریکا لە ھەرێم و بڕیاری پاریس بۆ نەوت و پرسی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، سێ ھەنگاوی ئەرێنین بۆ داھاتووی ھەرێم))

(١)
ھەڵبژاردن
....یەکێک لە سەرنجە نێودەوڵەتییەکان کە لەسەر ھەرێم ھەبوو، دواخستنی ھەڵبژاردن بوو، لەگەڵ ئەوەی ساڵی پار سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رۆژی ھەڵبژاردنی دیاری کرد، بەڵام ھێزە سیاسییەکان نەیانتوانی لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن رێککەون، ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ١٨-١١ وەک رۆژی ھەڵبژاردن دیاری کرد، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ھەرێم دەخاتەوە سەر بەھێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و، رەخنەی نێودەوڵەتی لەسەر ھەرێم کەمتر دەبێ، بەتایبەت کە چاکسازی لە ھێزی پێشمەرگە ئەنجامی ئەرێنی ھەبێ و، ھێزە سیاسییەکان بەرەو ئاشتەوایی نێو ماڵی کوردستانی ھەنگاو بنێن، ھەرێم بە تەعریفێکی نوێ لەم گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ھەن، خۆی نوێ دەکاتەوە و چاوی رەخنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ھەرێم لادەچن.

(٢)
رەخنەی ئەمریکا

رەخنەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ھەرێم زۆر ئاساییە، کاتێک ھەرێم زەخیرەی دیموکراسی بەھێزە، ئەم سەرنجانەی ئەمریکا بەواتای روخانی ئەم ئەزموونە نییە، ئەوەتا رەخنەکانی ئەم وەزارەتە لە عێراق و سوریا تا ھێڵی سوور ھاتوون، رەخنەکان جێگەی نیگەرانین، بەڵام زەخیرەی دیموکراسی ھەرێم بەشی ئەوەی ھەیە بۆ ھاوبەشێکی ستراتیژی وەک ئەمریکا ئەم نیگەرانیانە لابدات.

ئەم رەخنانە دەکرێ بخرێنە توێژینەوەیەک و ئەو بەشەی حەقیقەتە بۆ بەھێزکردنی زیاتری بناغەی دیموکراسی ھەرێم تا ساڵی داھاتوو ھەر گرفتێک ھەبێ چاک بکرێ و ئەم رەخنانە بۆ بەھێزکردنی بناغەی حوکمڕانی لە ھەرێم ئەرێنێن.

-ئەم ڕەخنانە نە ھەرێم دەروخێنن، نە بەیتی کوردی کونەو کارتۆنییە تا بروخێ، بەڵکوو ئەمە بابەتە پێوەندی بە ئازادی و دیموکراسی ھەیە، لەو بابەتەشدا ھەرێم ئەزموونی ھەیەو دەتوانرێ وەک ئەوەی ھەرێم نمونەیەکی باڵای پێکەوەژیانە لە ناوچەکە، وەھایش ئەم نیگەرانیانەی ئەمریکا بە شێوەی چاککرنی ھەندێ کەموکورتی لە ئیدارەدان و پرسی ئازادی و دیموکراسی، باشتر بکات، چونکە چەندە زەخیرەی دیموکراسی بەھێزکەین ئەوەندەی تر دەتوانین پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاری لە ھەرێم بەدەستبێنین.

-لە داھاتوو ئامانج کوردستانێکی بەھێز و دیموکراسیە، بۆیە ھەرێم لە نیگەرانی ئەمریکا تێدەگات و ئەمریکا بۆ ھەرێم دۆستێکی کاریگەرو گرینگەو پێوەندییەکان پتەوتر دەکرێن و، ئەم رەخنانە بەشێک لێی بۆ باشترکردنی ئەدای دیموکراسی و ئازادی لە ھەرێم بۆ داھاتوو ئەرێنین، دەکرێ وەبەرھێنانی دیموکراسی تێدا بکرێ و ئەزمونەکە دەوڵەمەنتر بکرێ.

(٣)

نەوت و کۆنفیدڕاڵیەتی وزە

بابەتی راگرتنی نەوتی ھەرێم کاتییە، روانگەی نێودەوڵەتی لە دوای رێککەوتنی ئەبرەھام، لەگەڵ ھاتنە ژوورەوەی خەلیج بۆ عێراق و سووریا، رێککەوتنی ئێران و سعودیە، پرۆگرامێک ھەیە کە کورد بەھێزتر لە عێراقی فیدڕاڵ ڕۆڵی خۆی بگێڕێ، ئانکاراو ھەولێر و بەغدا رێککەوتن، تا پەسەندی پرۆژە یاسای نەوت و غاز ھەناردەی نەوت لەرێگای تورکیا بەردەوام بێ. پرۆژەیەک ھەیە کە نەوت و وزەی عێراق لە ڕێگەی ئوردنیشەوە ھەناردە بکرێ لە داھاتوو، بۆ ئەم بابەتە ھاوسەنگی لە نەوت و وزەی ھەرێم لە نێوان بەغداو ھەولێر دەکرێ.

ئەم بڕیارەی لە پاریس درا، بە مانای خنکاندنی ئابووری سەربەخۆی ھەرێم نییە، بەڵکوو ئەمە پێواندار دەبێ لە داھاتوو بە ھاوسەنگی نەوت وزە لە ناوچەکە کە ئەمریکاو خەلیج رێککەوتنێکی پێشوەختەیان ھەیە لەگەڵ عێراق، ھەرێمیش بەشێک دەبێ لەم رێککەوتنەو بەتەکید نەوت و وزە لە ھەردوو کەناڵەوە تورکیاو ئوردن بۆ داھاتوو ھەناردە دەکرێ، لە پرۆژە یاسایی نەوت و غازیشدا کە پەسەند کرا، دەرفەتی ھەرێم بۆ وزەو نەوت لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھاوسەنگی زیاتری دەبێ.

لە بابەتی وزەدا بە یاسای نەوت و غاز ھەرێم لە بەرگێکی شەرعی نێودەوڵەتی دەبێت، ئەمەش ھەنگاوێکی دروستە کە ھەرێم بەرەو کۆنفیدڕاڵیەتێکی نوێ وزە لە ڕێگەی عێراقەوە ھەنگاو دەنێ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif