وەزیرى پلاندانانى عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى بە کرداری بۆ ساڵى 2023 دەبێت و ئەنجوومەنى وەزیران خشتەى ساڵانى 2024 و 2025ـى بودجەى هاوپێچى پڕۆژەکە نەکردووە، گوتیشى: "لە 10 ساڵى رابردوودا تەنیا 15%ـی قەرزەکانى عێراق دراونەتەوە."
لە راگەیێندراوێکدا محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانى عێراق کە هاوکات جێگرى سەرۆکوەزیرانە، ئاشکرایکرد، دیاریکردنى پڕۆژەیاساى بوجەى گشتى بۆ سێ ساڵ هەنگاوێکى نوێ نییە، بەڵکو لە یاساى کارگێڕى دارایی ساڵى 2019 هاتووە و گوتی: "پڕۆژەیاساکە بۆ سێ ساڵ دەبێت، بەڵام بە کردارى بۆ ئەمساڵە و ئەنجوومەنى وەزیران خشتەى ساڵانى 2024 و 2025ـى هاوپێچى پڕۆژەیاساکە نەکردووە."
رۆژی 16ـی ئادارى 2023 ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى نارد بۆ پەرلەمان، کە بڕەکەی زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و گەورەترین بوودجەیە لە مێژووى عێراقدا.
محەممەد تەمیم رایگەیاند، ئەو 60 ترلیۆن دینارەى کە لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیدا هاتووە وەک کورتهێنان تەنیا بۆ ساڵى 2023 دەبێت.
ئەو گوتانەى وەزیرى پلاندانان لە کاتی بەشداریکردنیدا بوو لە کۆڕبەندێک کە ناوەندى رافیدەین بۆ دیالۆگ لە بەغدا رێکی خستبوو.
وەزیرى پلاندانان ئاماژەى بەوەدا لە پڕۆژەیاسای بوجەى گشتیدا چارەسەرى قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان کراوە، کە لەسەر حکومەتە. گوتیشى: "لە 10 ساڵى رابردوودا تەنیا 15%ى قەرزەکانی حکومەت دراونەتەوە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق