کوڕەکەی وەک جێنشین دیاریکرد

ليست هناك تعليقات


شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات خالیدی کوڕە گەورەکەی وەک شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی دەستنیشان کرد، بەمەش دەبێتە شازادەی جێنشینی ئیمارات کە لە دوای باوکی پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکە وەردەگرێت.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئیمارات، درەنگانی رۆژی چوارشەممە، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو، دەستنیشانکردنی شێخ خالید بن محەممەد بن زاید ئال نەهیانی وەک شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی راگەیاند.

دوای ئەوەی شێخ محەممەدی تەمەن 62 ساڵ کە بە MBZ ناسراوە، ساڵی رابردوو بووە سەرۆکی ئیمارات، پرسیار لەسەر ئەوە دروستبوو کە ئایا یەکێک لە براکانی دەکاتە جێنیشینی خۆی یان نا.

ئەگەر یەکێک لە براکانی بۆ ئەو ئەرکە دەستنیشانکردبا، ئەوا سێ بەربژێری چاوەڕوانکراو هەبوون کە ئەوانیش بریتیبوون لە شێخ تەحنون بن زاید، سەرۆکە بەهێزەکەی ئاسایشی نیشتمانی؛ شێخ مەنسور، خاوەنی یانەی تۆپی پێی مانچێستەر سیتی، هەروەها شێخ عەبدوڵڵای وەزیری دەرەوەی ئیمارات.

وا پێدەچێت شێخ محەممەد دەسەڵات لەنێو خێزانە نزیکەکەیدا چڕبکاتەوە، وەک ئەوەی شا سەلمانی شای سعودیە کردوویەتی بە بەخشینی دەسەڵاتی بەرفراوان بە کوڕ و میراتگرەکەی، شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمان، کە بە MBS ناسراوە.

لە راگەیێندراوێکی جیادا باس لەوە کراوە کە شێخ محەممەد بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی، شێخ مەنسووری وەک جێگری سەرۆکی ئیمارات دەستنیشان کردووە. شێخ تەحنوون و برایەکی دیکە بە ناوی شێخ هەزاع، وەک جێگرانی فەرمانڕەوای ئەبوزەبی دەستنیشان کران.

شێخ خالیدی تەمەن 41 ساڵ، شازادەی جێنشینی نوێی وڵات، بەهۆی پێگەکەی لە ئاسایشی وڵاتەکەیدا هەروەها وەکو سەرۆکی فەرمانگەی جێبەجێکاری ئەبوزەبی، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە، زیاتر بە دووبەی ناسراوە کە ناوەندێکی گەورەی نێودەوڵەتییە بۆ بازرگانی و گەشتیاری.

ئەو وڵاتە کە لە حەوت میرنشین پێکهاتووە، لە نێویاندا ئەبوزەبیی دەوڵەمەند بە نەوت، لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا بە خێرایی خۆی لە ناوچەیەکی بیابانییەوە کە هۆزەکانی بەدەوی تێدابوون، گۆڕی بۆ هێزێکی سیاسی و ئابووریی خاوەن ژێرخانی پێشکەوتوو، لە نێویاندا بورجی خەلیفە کە بەرزترین باڵەخانەی جیهانە.

شێخ زاید بن سوڵتان ئال نەهیان، یەکەم سەرۆک و هێزی پاڵنەری دروستکردنی ئیمارات، لە ساڵی 1971 تاوەکو کاتی کۆچی دواییکردنی لە ساڵی 2004 فەرمانڕەوایی کرد. شێخ زاید سوڵتان، شێخ خەلیفەی کوڕە گەورەکەی وەک جێنشین و محەممەد بن زایدی وەک جێگری جێنشینی ئیمارات دەستنیشان کردبوون.

لەو کاتەوەی کە شێخ خەلیفە لە ساڵی 2014 تووشی جەڵتەی مێشک بوو، شێخ محەممەد بن زاید بووە سەرکردەی دیفاکتۆی وڵاتەکە. دواجار شێخ خەلیفە کە بورجی خەلیفەی بەناوەوە کراوە، هەشت ساڵ دوای جەڵتەکە لە ئایاری 2022 گیانی لەدەستدا.

لە سەردەمی دەسەڵاتی شێخ محەممەددا، ئیمارات پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سعودیەی دراوسێیدا دروستکرد و لەگەڵیدا چووە نێو هاوپەیمانیێک بۆ شەڕی دژی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، پێش ئەوەی چەند ساڵێک دواتر تاڕادەیەکی زۆر لە ململانێکە دووربکەوێتەوە. ئیمارات هەوڵی داوە دەستوبازووی سەربازیی خۆی لە تەواوی ناوچەکەدا پێشانبدات، چونکە دژی سەرهەڵدانی گرووپە پەڕگیرەکانە.

لە ساڵی 2020 ئیمارات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردنەوە و لە یەکەم رێککەوتنی بەناو ئەبراهەمدا بەشداربوو، کە دوای ئەو، بەحرێن، مەغریب و سوودانیش چوونەنێوی. ئیمارات و وڵاتانی دیکەی عەرەبیی کەنداو ساڵانێک پێش ئەوە پەیوەندیی نافەرمییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبوو، کە بەهۆی هەبوونی گومانی هاوبەش لە ئێران، لێکنزیکببوونەوە.

سێ هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە ئیماراتن کە زۆربەیان لە بنکەی ئاسمانی ئەلدەفرا لە ئەبوزەبین، لەوێشەوە درۆن و فڕۆکە جەنگییەکان هێرش دەکەنە سەر داعش لە عێراق و سووریا، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا، ناکۆکی لەنێوان شێخ محەممەد و ئەمریکادا سەریهەڵداوە، ئەمریکایێک کە لە زووەوە خۆی بە گەرەنتیکاری ئاسایشی کەنداو پێشانداوە.

ئیمارات و سعودیە بەهۆی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییەی لە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکەی جیهاندا دروستبوو، نیگەرانبوون. کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ساڵی 2021 ترسەکانیانی زیاترکرد کە ئەمریکا لە ناوچەکە پاشەکشە بکات.

پێدەچێت فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی F-35 لەلایەن ئەمریکاوە بە ئیمارات بەشێکی وەستابێت بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ چین. هاوکات ئیمارات بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ رووسیادا کردووە بۆ ئەوەی لە خۆی زویر نەکات دوای ئەوەی کە مۆسکۆ لە ساڵی 2022 شەڕی دژی ئۆکراینا دەستپێکرد.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif