ئەنتۆنیۆ گوتێرێز: ئیسلام بەر لە چەندین سەدە هانی پاراستنی کەسانی لێقەوماوی داوە

ليست هناك تعليقات


سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەو رێککەوتنەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەدەی رابردوودا بۆ پاراستنی کەسانی لێقەوماو، کۆچبەر و پەناخواز کردی، "ئیسلام بەر لە چەندین سەدە" هانی هەمان شتی داوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پەیامێکی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا - واتە ترس، رقوکینە لە ئیسلام و موسڵمانان پێشکێشکرد و باسی لە هاتنی مانگی رەمەزان کرد.

گۆتێرێز گوتی: "چەند رۆژێکمان ماوە بۆ مانگی رەمەزان کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ، پەیامی ئاشتی، هاوسۆزی و بەزەیی ئیسلام لە سەرانسەری جیهان بۆ خەڵکی ئیلهامبەخش بووە. وشەی ئیسلام خۆی لە هەمان رەگەوە هەڵقوڵاوە کە وشەی 'سەلام' یان ئاشتی یە."

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، کاتێک کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بۆ کاروباری پەنابەران، "بەخشندەیی وڵاتانی ئیسلامم بینی کە سنووریان بۆ ئەو کەسانە کردەوە شوێنی خۆیان جێهێشت، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵکی دیکە سنووریان بەڕوویاندا دادەخست."

هەربۆیە، وەکو خۆی دەڵێت، بەشێوەیەکی کردەیی ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە لەلایەن موسڵمانانەوە "جێبەجێکراوە" و ئایەتێکی قورئانی پیرۆز بە وەرگێڕانی ئینگلیزی خوێندەوە کە ئایەتی 6ـی سوورەتی تەوبە بوو، "وَإِنْ أَحَدٌ مِّنَ الْمُشْرِكِينَ اسْتَجَارَكَ فَأَجِرْهُ حَتَّىٰ يَسْمَعَ كَلَامَ اللَّهِ ثُمَّ أَبْلِغْهُ مَأْمَنَهُ ۚ ذَٰلِكَ بِأَنَّهُمْ قَوْمٌ لَّا يَعْلَمُونَ"، واتە، ئه‌ی محەممەد (د.خ) "ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ بێباوەڕەکان په‌نای بۆ هێنایت ئه‌وا تۆ په‌نای بده‌، تا گوتەی خودای گه‌وره‌ ده‌بیستێ، واته‌ قورئانی پیرۆز. ‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ گوتەی خودای گه‌وره‌ی بیست، بیگه‌یێنه‌وە شوێنی سەلامەتی خۆی، لەبەرئەوەی ئەوانە کەسانێکن کە زانیارییەکی باشیان نییە خێروشەڕیان بۆ لێک جیابکاتەوە".

گۆتێرێز گوتی: "ئەم پاراستنە بۆ باوەڕداران و بێ باوەڕان دەبێت بە هەمان شێوە بێت، ئەوەش هەر بەگوێرەی قورئانی پیرۆز. ئەوە دەربڕینێکی ناوازەی پرەنسیپی پاراستنی کەسانی لێقەوماوە، چەند سەدەیەک بەر لە رێککەوتنی ساڵی 1951ـی پەنابەران".

رۆژی 15ـی ئادار بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دیاریکراوە؛ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسلامۆفۆبیای بە "ژەهر" ناوبرد و گوتی "بەهۆی بیروباوەڕیانەوە رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە".

دەقی گوتەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:

چەند رۆژێکمان ماوە بۆ گەیشتنی مانگی رەمەزان کە بۆ ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ، پەیامی ئاشتی، هاوسۆزی و بەزەیی ئیسلام لە سەرانسەری جیهان بۆ خەڵکی ئیلهامبەخش بووە. وشەی ئیسلام خۆی لە هەمان رەگەوە هەڵقوڵاوە کە وشەی سەلام یان ئاشتییە. کاتێک کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بووم بۆ کاروباری پەنابەران، بەخشندەیی وڵاتانی ئیسلامیم بینی کە سنووریان بۆ ئەو کەسانە کردەوە شوێنی خۆیان جێهێشت، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵکی دیکە سنووریان بەڕوویاندا دادەخست. من بەرجەستەکردنێکی ئەوەم بینی کە لە سوورەتی تەوبەی قورئانی پیرۆزدا هاتووە: "ئەگەر هەر کەسێک داوای پاراستنی لە ئێوە کرد، بیپارێزن بۆ ئەوەی گوتەی خودا پێی بگات. دواتر رێنوێنی بکە بۆ ئەو شوێنەی تێیدا سەلامەت دەبێت." ئەم پاراستنەش بۆ باوەڕداران و بێ باوەڕان، دەبێت بە هەمان شێوە بێت، ئەوەش هەر بەگوێرەی قورئانی پیرۆز. ئەوەش دەربڕینێکی ناوازەی پرەنسیپی پاراستنی کەسی لێقەوماوە کە چەند سەدەیەک بەر لە رێککەوتنی ساڵی 1951ـی پەنابەران هەبووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif