لە دوو مانگی داهاتوودا ئێران و سعودیە باڵیۆز ئاڵوگۆڕ دەکەن

ليست هناك تعليقات


دوای بەڕێکردنی حەوت ساڵی پڕ لە ناکۆکی، بەرپرسانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و سعودیە بە ناوبژیوانی و لەژێر چاودێریی وڵاتی چین، رێککەوتنیان واژۆکرد.

محەممەد حوسێنی، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان لەبارەی رێککەوتنەکە دەڵێ "رێککەوتن کراوە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا باڵیۆز ئاڵوگۆڕ بکرێ و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان دەستپێبکەن. عەرەبستانی سعودیە رۆڵێکی گرنگی بەسەر وڵاتانی کەنداوی فارسەوە هەیە، بۆیە ئەم هاوکارییانە دەتوانن زۆر گرنگ بن. (رێککەوتنەکە) هەروەها دەتوانێت لە پرسە ئەمنی، سیاسی، ئابووری و هەموو بوارەکاندا، کاریگەریی گونجاوی هەبێت".

ململانێی نێوان ئەو دوو هێزە گەورەی ناوچەکە، کێشەکانی لە ناوچەکەدا قوڵتر کردبووەوە؛ هەر لە شەڕی یەمەنەوە تاوەکو کێشە ناوخۆییەکانی لوبنان. ئەو دوو وڵاتە لە چوار دەیەی رابردوودا ململانێیان هەبووە، بەم پێیەش هێشتا زووە ئەنجامەکانی ئەم رێککەوتنە لەسەر هاوکێشە ناوچەییەکان دەربکەوێت.

محەممەد جەمشیدی، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری سیاسی لەمبارەیەوە دەڵێ "لە رێککەوتنەکەدا پێداگری کراوەتەوە لەسەر پەیوەندیی نێوان دوو وڵات، ئەمەش بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشترمان هەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێکەوەهەڵکردن، هاوکاری و یەکگرتوویی لە ناوچە و لە جیهانی ئیسلامیشدا بەهێزتر ببێت".

رێککەوتنی سعودیە و ئێران لە ناوخۆی ئێرانەوە کاردانەوەی ئەرێنی بەدواوە بووە.

رۆژنامەی تووندڕەی کەیهان، کە ساڵی 2016 پەیوەندیی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیی بە مایەی سەرشۆڕی دەزانی، سەبارەت بە رێککەوتنەکە نووسیویەتی، رێککەوتنەکە قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیانێکی کەمەرشکێنە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل.

لە شەقامەکانی تارانیش خەڵک کاردانەوەی هاوشێوەیان هەبووە. گودەرزی، دانیشتووی تاران دەڵێ "ئێران و عەرەبستان وەک دوو وڵاتی موسڵمان هەرچەند بتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن و پەیوەندیی گونجاویان هەبێت، بۆ دوو وڵاتەکە باش و گونجاوە".

دانیشتوویەکی دیکەی تاران بەناوی مەحموود یەزدی دەڵێ "ئەگەر ئێران پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەت عەرەبستان نەبێت، لایەنی دیکە جێگای دەگرنەوە، ئەم رێککەوتنە ئەو قازانجەی هەیە کە ئیسرائیل ناتوانێت جێگای ئێران بگرێتەوە".

دانیشتوویەکی دیکەی تاران بەناوی رەحیم گوتی "ئیسرائیل یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی پێخۆش نییە، کێشەیەک دروست دەکات، پیلانێک دەگێڕێت".

پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیە دووەم رۆژی ساڵی 2016 دوای هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران کێشەیان تێکەوت، دوای ئەوەی عەرەبستان شێخ نێمێر، کەسایەتیی ئایینیی شیعەی لە سێدارەدا، لایەنە تووندڕەوەکان باڵیۆزخانەکەیان سووتاند.

دوای ئەو زنجیرە رووداوە، پەیوەندیی هەردوو وڵات دوژمنکارانە بوو. لە ئەنجامی ئەم ناکۆکییانە، هێرش کرایە سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆی سعودی لە ساڵی 2019 و گوترا دەستی ئێرانی تێدا بووە.

لەم ساڵانەدا ئێران زۆر جار گوتوویەتی ئامادەی دانوستاندنە لەگەڵ سعودیە. لە ساڵی 2019ـەوە بە ناوبژیوانی عێراق چەندین خولی دانیشتنیان بەڕێوە برد. سعودیە هەمیشە داوای کردووە، ئێران دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەرنەدات و سیاسەتی رەواندنەوەی ململانێ لە ناوچەکەدا رەچاو بکات. هێشتاش روون نییە ئەم رێککەوتنە یارمەتیدەری ئەو سیاسەتە دەبێت، یان نا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif