هەدەپە پاڵپشتیی کڵچدارئۆغڵو بکات، سەرۆککۆمار مسۆگەر دەکات

ليست هناك تعليقات



هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ئیی پارتی کرد و رایگەیاند، "با بزانیت، ئێمە کوردین و هەرگیز لە یادی مەکە کە خاوەن دۆزێکی نەتەوەیین."

رۆژی 7ی ئاداری 2023 مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی هەڵبژاردن و ئەگەری کۆبوونەوەی کەمال کڵچدارئۆغڵو لەگەڵ هاوسەرۆکانی هەدەپە گوتبووی، "جەهەپە و بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەتوانن لەگەڵ هەدەپە کۆببنەوە، بەڵام ناتوانێت سازشیان بۆ بکات و ناتوانێت داواکارییەکانی هەدەپە بباتە سەر مێزی هاوپەیمانیی میلـلەت."

لەوبارەیەوە رۆژی چوارشەممە 8ی ئاداری 2023 سەلاحەددین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی ئاراستەی مەراڵ ئاکشەنەر کرد و بەم پێشەکییە نامەکەی ئاراستە کرد، "بەڕێز جەنابی سەرۆکی ئیی پارتی، وەکو دەنگدەرێکی هەدەپە ئەم نامەیە دەنووسم، بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت بۆ پۆستی 13یەمین سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی هەموو پارتە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی میلـلەت و هەردوو سەرۆکی گەورەشارەوانییەکە (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوور یاڤاش) لە قۆناخێکی مێژووییدا ئەرکێکی قورستان لە ئەستۆ گرت. هیوادارم ببێتە مایەی خێر."

دەمیرتاش نووسیوویشیەتی، "جگە لە بەڕێزتان، سەرجەم سەرۆک و دەنگدەرانی پارتەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانیی میللـەت بە بەڕێز کەمال کڵچدارئۆغڵو و بە دەنگدەرانی هەدەپەشەوە هیوایان وایە گۆڕانکاریی دیموکراسی کۆیان بکاتەوە. ئەگەر چاوتان لە پاڵپشتیی دەنگدەری هەدەپەیە، بەڵام ئامادە نین دان بە هەدەپەدا بنێن وەکو رێکخستنێکی جەماوەریی سیاسی، منیش وەکو هەر دەنگدەرێکی دیکە بەرپرسیارم لە داکۆکیکردن لە هەدەپە. زۆر متمانەم بە بڕیارە دروستەکانی سەرکردایەتیی هەدەپەیە و هەرچ بڕیارێک بدەن منیش وەکو دەنگدەرێک پابەند دەبم."

هاوسەرۆکەکەی پێشووی هەدەپە باسی لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان هەدەپە و ئیی پارتی کردووە و دەڵێت، "هەدەپە وەکو ئیی پارتی، رەوایی خۆی لەلایەن گەلەوە بەدەستهێناوە. تەنانەت خەڵک لە ئێوە زیاتر دەنگی بە ئێمە داوە و شانازیی ئەوەی پێبەخشیوین کە ببینە سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی لە تورکیا. هاوکات پەرلەمانتارەکانمان لەنێو هۆڵی پەرلەماندا لەپاڵ یەکدی دادەنیشن، پێکەوە لە هەمان کۆمیسیۆن و لیژنەکاندا کار دەکەن و بەڕێز نیعمەتوڵڵا ئەردۆغموش وەکو نوێنەری هەدەپە سەرۆکایەتیی زۆربەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکات."

دەمیرتاش سەرزەنشتی ئاکشەنەر دەکات و دەڵێت، "لە کاتێکدا سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، جەماوەری پارتەکەی ئێمە و ئێوە و سەرجەم هێز و لایەنە دیموکراسیخوازەکان بەر لە هەڵبژاردن درووشمی (بە یەکگرتوویی سەردەکەوین)یان بەرز کردبووەوە، بەڵام لە لێدوانێکی تەلەڤیزیۆنیدا لە بەرامبەر هەدەپە هەڵوێستێکتان نواند، پێموایە لە دژی ئەم درووشمەیە کە هەمووان کۆکین لەسەری."

لە درێژەی نووسینەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، دەیەوێت لەبارەی هەندێک خاڵ بە روونی بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و دەڵێت، "بۆ داکۆکیکردن لەو بنەمایانەی باوەڕتان پێیەتی، دانوستاندنی چڕتان لەگەڵ ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکەتان کردووە، ئەگەر ماف بە خۆتان دەدەن دانوستاندن بکەن، بۆچی ماف بە هەدەپە نادەن داکۆکی لە خۆی بکات؟ ئەی چۆن رێگە بە خۆتان دەدەن دانوستاندن لەگەڵ بەربژێری سەرۆککۆمار بکەن کە هەدەپە دەنگی پێدەدات؟ هەروەها هەدەپە لە ئەیلوولی 2021ـەوە لە رێگەی 11 مادەوە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەر جۆرە لێکتێگەیشتن و هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردن. بەو واتایەی هەدەپە لەپشت پەردەکان مەرج و داواکاریی نەبووە و نیەتی و هەمووی بە روونی خستووەتەگەڕ."

بە گوتەی دەمیرتاش، "ئەگەر هەدەپە بڕیاری پشتیوانی بۆ بەڕێز کڵچدارئۆغڵو رابگەیێنێت و دەنگی پێبدەن، پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر دەکات. ئێوەش دەبنە جێگری سەرۆککۆمار و پارتەکەتان چەند وەزارەتێکی پێدەدرێت. ئەی کەوابێت چۆن دەنگدەری هەدەپە قایل دەکەن دەنگ بە ئێوە بدات لە کاتێکدا ئامادە نین لەگەڵ هەدەپە دانوستاندن بکەن؟ ئەوەش لەیاد نەکەن، سەرکەوتنی هەردوو سەرۆکشارەوانییە بەڕێزەکە بە دەنگی هەدەپە یەکلایی کرایەوە و بەڕێزتان لاریتان لە پاڵپشتیی دەنگدەرانی هەدەپە نەبوو."

لەبارەی هەڵوێستی ئەندامانی ئیی پارتی، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە نووسیویەتی، "بەشێک لە ئەندامەکانتان پێشتر گوتبوویان وەزارەت نەدەنە هەدەپە و دڵی هەدەپەییەکانیان رەنجاند، کەچی بەیانی ئەو ئەندامانەتان بە دەنگی هەدەپە، پۆستی وەزاری وەردەگرن، چۆن دەنگدەری هەدەپە قایل دەکەن؟ ئێوەش لەم هەڤپەیڤینەدا گوتبووتان بەڕێز کڵچدارئۆغڵو دەتوانێت لەگەڵ هەدەپە کۆببێتەوە، بەڵام ناتوانێت سازشیان بۆ بکات و داواکارییەکانی هەدەپە بباتە سەر مێزی هاوپەیمانیی میللـەت کە ئێمەی تێداین. بەڕێزم، پێتانوایە داواکارییە دیموکراسییەکان سازشن؟"

هەروەها نووسیویەتی، "ئەگەر بەیانی دەسەڵات وەربگرن و ئامادە نەبن گوێ لە داواکاریمان بگرن، دەتانەوێت ئاراستەی کوێمان بکەن، دووبارە بۆ سەر مێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟ کە 50 ساڵە بەم شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن. دەبێ ئەوە باش بزانن کە هەدەپە و ئەندامانی، هزری خۆسەپێنی و حیساب نەکردن و باڵادەستی و بەچاوی خراپ سەیرکردن لە کەس قبووڵ ناکات."

پەیامی کۆتاییشی بە زمانی کوردی نووسیوە و دەڵێت، "با بزانیت ئێمە کوردین و خاوەن ناسنامە، زمان، کولتوور و فەرهەنگ و مێژووین و خاوەن دۆزێکی نەتەوەیین، ئەوە هەرگیز لەیاد مەکە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif