پەروەردە، زەنگیک لە یادی ڕاپەڕیندا

ليست هناك تعليقات



ڕەووف محەمەد ئالانی
-
ئەمڕۆژانە، یادی ڕۆژە پڕشکۆکان وسەروەرییەکانی گەلەکەمانە، لەباشوری نیشتیمان، بیرەوەری خۆش، بۆهەستی پڕجۆشوخرۆشی گەلەکەمان، کە بەگژداگیرکاری و ستەمی زۆرداریدا وەستایەوە، ئەویش بە ڕاپەڕین و وەدەرنانی دوژمن، لەم پارچەیەی کوردستان، کۆتایی هات.

لەیادی ڕاپەڕیندا، هەموومان ئاگامان لەهەستە پڕحەماسی وتوڕەییەکانی خەڵکە، کە چۆن خەون وخواستەکانیان لەباربراوەوکەتونەتە، دەریای بێ بنی بێ ئاگایی و خۆخوازیەتی چەند کەس وبنەماڵەیەک، کۆی پرۆسەی ژیان لەدوای ڕاپەڕین ئەوەندە بەئاقاری خراپدا براوە، خەریکە مرۆڤ دەگاتە ئاستی شەرمکردن، لەباسکردنی.

کۆی سێکتەروبوارەجیاوازەکان، توشی شکست وپاشەکشە هاتوون، لەئابوری وکۆمەڵایەتی وزانستی وژینگەیی وپەروەردەیی.

لەمجارەدا باس لەمەترسیەکانی پەروەردە دەکەم، دوای سی ودوو ساڵ لەتێپەڕبوون بەسەرڕاپەڕیندا،ئەکرێ وەڵامی ئەوپرسیارە،وەربگرین کە خەڵک لەسەرپەروەردە هەیانە، دەڵێن: بۆچی ئاستی ئەوکەسانەی لەپێش ڕاپەڕین قوتابی وخوێندکاربوون، ئاستی زانستی و پەروەردەییان باشترە، لە نەوەی دوای ڕاپەڕین؟

هەموومرۆڤێک لەخۆیەوە دەبێ لەوپرسیارە بنواڕێ، ووڵامەکە لای ئەوان بەرجەستەترە،چونکە ڕوونە ئەوان چۆنن وئەوانەی ئێستا بڕوانامەیان هەیە، ئاستیان چۆنە؟

وەڵامەکەی دیارە، کە ئەوکات ئاست باشتر بووە، ئەمە ئەوەناگەیەنێ، من بەرگری لە ڕژێمی بەعسی داگیرکاربکەم، بڕوات وئەولاترچێ، مەبەست لەوخەمەیە کە من وسەدانی وەک من هەمانە، لەمەڕخەمی نیشتیمان بۆنەوەکانی داهاتوو، زمان ومێژو کەلتوری نەتەوەکەمان، جاران خوێندن، ئەرک بوو تا لەڕێگەیەوە، زانین وفێربوون،ببنە شورای پاراستنی نیشتیمان، دەکرالەو ڕێگەیەوە،خۆشگوزەرانی وئاوەدانی وجوانیەکانی خاک وخەڵک ببینین.

ئەحمەد موختاربەگی جاف، زۆر بەجوانی وبەباشی،بەهەموو مناڵانی کوردی ئەوت:

بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان

هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە

ئەوشیعرە لەسەردەمێکدا وتراوە، کە شاعیر، لەبڕوابونی تەواوەتی خۆی بە خوێندن سەرچاوەی گرتوە، بۆهەموو ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئاراستەکراوەوهانی نەوەکانی گەلی کورد ئەدات، بۆڕزگاری وشادبون بە سەربەخۆیی، تاکە ڕێگە هەرخوێندنە،چونکە دەبێتە قەڵغان وسوپەر، لەڕووی دوژمنان و ناحەزانی نەتەوەکەمان.

ئەگەرچاوێک بگێڕینەوە بۆ سەرەتاکانی ڕۆژانی ڕاپەڕین، جۆشوخرۆشی کوردایەتی و ڕوانین بۆ ئاسۆیەکی گەشتر، لەوەی کە ئەم گەلە لەژێرجەوروستەمی بەعسی دوژمندا، بیتەدەروهەناسەیەکی ئازادی هەڵمژێ، خەڵک وەها سەرگەرمی خۆشنودی ببوو، چاوی لە هەموو خراپیەکانی شۆڕش داخست وخۆی لەگەڵ دۆخەکە، ڕاهێنا تا سێ دەیەی تێپەڕاند.

ڕاپەڕین و شۆڕش هەمیشە بۆگۆڕانکاری وباشترکردنی ژیانە، بەڵام شۆڕش وڕاپەڕین پێویستی بە فکروپلان وبەرنامەڕێژی زانستی هاوچەرخ هەیە، لەوبارەوە(ئیما گۆڵدمان) دەڵێت: (هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە بەبێ شۆڕش ڕوو نادات، شۆڕش تەنها بیرۆکەیەکە کە کراوە بە کردار).

بۆیە دەکرێ لەم وتەیەوە، گومان بخرێتە سەر ڕاپەڕین کە ئایا بیرۆکەکەی بۆ ئەم ئەنجامە بووکەئێستا هەیە؟

هەمووخەڵک ودنیاش ئەزانن ئەم ئەزموونەی دوای ڕاپەڕین، چ ئاراستەیەکی خراپی وەرگرتوە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە، مێش میوانی نیە وگوێ بەهیچ نادات.

سەبارەت بەپەروەردە، سەرەتاکانی بەخراپی دەستی پێکردولە ڕێگە ڕاستەکە لایدا، بەوەی نەتوانرا دامەزراوەکانی پەروەردە بپارێزرێت، ئەوانیش وەک شوێنەکانیتربەرشاڵاوی پەلاماردان وسوتان ووێرانبوون کەوتن، دوای ئەوە، زۆربەی قوتابخانەکان کرانە باراگای حیزبەکان، ئەتوانم ئەوە بڵێم لەوکاتەوە، حیزب خۆی خزاندە ناوپەروەردەوەوتا ئەم چرکە ساتەی نوسینی ئەم وتارە، بۆتە گرفتێکی گەورەی پرۆسەی پەروەردە، بەڵام لەئێستادا زۆر بە چڕی وخراپترکاری تێدا دەکات.

لەوسەروبەندانەدا، حیزبەکان هاتن ناوی قوتابخانەوخوێندنگەکانیان بەناوی شەهیدەکان وسەرکردەکان ناونا، دڵنیام لەوەی شەهیدان شایستەی ئەوەن ناویان بەبەرزی وڕێز ڕابگیرێت و ئەوان باشترینەکانی ڕۆڵەدڵسۆزەکانی ئەم گەلەن، ئەکرێ زۆر بایەخیان پێبدرێ، بەوەی مۆزەخانەی تایبەت بەئەوان بکرێتەوەووینەوژیاننامەیان بپارێزرێت وژیانی شایستە بۆ کەسوکاریان دابینبکرێت، نەک ناوی قوتابخانەوخوێندنگەیان بەناوەوە بکرێت، پەروەردە پێویستە لەهەستی مناڵانەوە لێی بڕوانرێت، نمونەیەک باسدەکەم کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، چ کاریگەریەکی دەروونی خراپ لای مناڵ جێدەهێڵێت،

لەیەکێک لەو قوتابخانانەی بەناوی شەهیدێکەوە ناونراوە، مناڵەکە لە باوکی دەپرسێت: باوکە شەهید چیە؟ باوکەکە دەڵێ: ئەوکەسەیە خۆی بەکوشت دەدا بۆ گەل ونیشتیمانەکەی، مناڵەکە دەڵێ: کەواتە ئەوکەسە مردوە؟ باوکی دەڵێ بەڵێ وایە، باوکەکە، هەستی بە نامۆیی مناڵەکەی کردوە، هەرجارێک ناوی قوتابخانەکەی بهێنرایا، ترس و دڵەڕاوکێ، مناڵەکەی داگیردەکرد.

لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، پەروەردە ناکرێت، تێکەڵ بە هیچ کایەیەکیتر بکرێت.

پەروەردە بۆئامانجی گەورەی پەروەردەیی، هیچ ئامانجێکی بەدی نەهێناوە، زۆرجارباسی دەستی حیزبەکان دەکرێت لەناو پەروەردەدا، لەئێستادا وەک سەراتاکانی ڕاپەڕین پەروەردە زۆرخراپترئاراستە دەکرێت.

لەهەموو پەروەردەکان و قوتابخانەوخوێندنگەکانی کوردستان ژمارە وەربگرین، زۆربەی بەڕێوەبەرەکان سەربەحیزبە دەسەڵاتدارەکانن.

ئەوە دەرخەری ئەوەیە پەروەردە، لەسەربنەماوبنچینەیەکی پتەو داڕێژراودانەنراوە، لەماوەی ئەم سی ودوو ساڵەدا، پەروەردە لەدەستی حیزبەکاندا خراوەتە تونێلێکی تاریک، وەک توونی بابا و خەریکە ئومێدو هیواکان، دەخنکێنرێن.

وتارەکەم بە وتەیەکی(عەلی عیزەت بیکۆڤیچ) کۆتایی پێدەهێنم، کەدەڵێت:(شۆڕش لەگەڵ فیکردا بناغەکانی گۆڕانکاری پێکدەهێنێت، بەڵام سامان بەبێ هزر، وێرانکارییەکی دڵنیایە).

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif