سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە "رێککەوتنێکی گشتگیر" بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانیشەوە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 12.6٪ـە و لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە لە زنجیرەیەک کۆبوونەوە رێککەوتنی لەسەر کراوە." سوودانی رایگەیاند، بودجەی ساڵی 2023 بریتی دەبێت لە زیاتر لە 197 تریلیۆن دینار، بەو پێیە پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت لە 24 تریلیۆن دینار کە زیاتر لە 19 ملیار دۆلار دەبێت.
50 ملیار دینار بۆ شنگال و دەشتی نەینەوا
رۆژی دووشەممە، 13-2-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە پێنج کاژێری خایاند، باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵی عێراقی کرد.
سوودانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ سوپاس بۆ خوا بودجەی ساڵانی 2023، 2024، 2025 پەسندکرا، ئەمە یەکەمین رەشنووسی بودجەیە لەلایەن ئەم حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێت، کاتی پێویست لە گفتوگۆ و تاوتوێکردن هەبوو بەو شێوەیەی کە گەرەنتی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت لەرێگەی بودجەوە بکات، یەکێک لەو کێشانەی حکومەتەکانی پێشوو ئەوەیە پەیوەندیی لەنێوان کارنامەی حکومەت و بودجەدا نەبووە."
لەبارەی هۆکارەکانی دواکەوتنی پەسندکردنی بودجەوە، محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "جگە لە چەند هۆکارێکی دیکە، دواکەوتن لە پەسندکردنی بودجە بۆ دوورکەوتنەوە بوو لەو کێشەیە و بۆ دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە لەم بودجەیەدا پەسندمان کردووە لە کارنامەی حکومەتدا هەیە، ناسەقامگیریی بازاڕە داراییەکان و گۆڕانکاریی لە بەهای دراو و نەوت و رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پشووی پەرلەمان و جێگرکردنی بەهەمیشەییکردنی وانەبێژان و فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ هۆکاری دواکەوتنی بودجە بوون."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "رەشنووسەکە بۆ ئەو سێ ساڵە بەردەوام دەبێت، دەکرێت هەمواربکرێتەوە، بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەران."
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ناوەرۆکی قسەکانیدا باسی چەندین وردەکاریی نێو رەشنووسەکەی کرد و روونیکردەوە: "بۆ یەکەمجارە سندوقێک بۆ ئەو پارێزگایانە دادەمەزرێنین کە هەژارترینن کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە بە رووپێو دیاری دەکرێت، ئێمە لەبەردەم هەژارییەکی فرە رەهەندی داین."
سەبارەت بەو پارێزگایانەشی کە لەدەستی داعش رزگارکراون، سوودانی رایگەیاند، سندووقێکیان بۆ ئاوەدانکردنەوەیان تەرخانکردووە و بڕی 500 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان."
لەبارەی شنگالیشەوە گوتی: "50 ملیار دینارمان لە سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا لە چوارچێوەی سندووقێکدا داناوە."
گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراقدا
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم رۆژنامەڤاناندا باسی بەشێک لە بڕگەکانی نێو بودجەی گشتیی عێراقی بۆ ساڵی 2023 کرد و زۆر پەسنی پڕۆژەیاسای بودجەی کرد و لە چەندین شوێندا رەخنەی لە حکومەتەکانی پێشوو گرت و باسی کۆمەڵێک جیاوازی لەم بودجەیەدا کرد کە لە پێشووتردا نەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ژمارەی لەنێو بودجەدا خستەڕوو.
سوودانی گوتی: "کۆی گشتیی بودجە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار دەبێت، بودجەی بەکارخستن بریتییە لە 150 تریلیۆن و 273 ملیار دینار، بودجەی وەبەرهێنان 47 تریلیۆن و 555 ملیار دینارە، کورتهێنانیش 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە، داهاتەکان 134 تریلیۆن و 553 ملیار دینارن، داهاتە نەوتییەکان 117 تریلیۆن 252 ملیار دینارە، نرخی نەوت بە 70 دۆلار و بڕی هەناردەکراو لە نەوت لە رۆژێکدا 3 ملیۆن 500 ملیۆن بەرمیل دەبێت، لەنێویدا بڕی 400 هەزار بەرملیلی رۆژانە کە لە نەوتی هەرێمی کوردستان دەبێت، داهاتە نانەوتییەکان 17 تریلیۆن و 301 ملیار دینار دەبێت."
هەروەها گوتی، "بڕی یەک تریلیۆن و 865 ملیار دینار بۆ پڕۆژە تایبەتەکانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەبێت وەکو سەنتەرەکانی دڵ و شێرپەنجە و نەخۆشخانەی دیکە و پڕۆژەکانی دڵنیایی تەندروستی، ئەمە بەدەرە لە بودجەی وەزارەتی تەندروستی."
سوودانی راشیگەیاند، بڕی هاوردەکردنی کارەبایان کەمکردووەتەوە بەهۆی کەوتنەکاری ژمارەیەک وێستگەی کارەبا. گوتیشی: "لە بودجەی ساڵی 2023دا دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران تەرخانکراوە، هەروەها قەرزی بچووک زیادکراوە و بڕی 400 ملیار دیناری دیکەی خراوەتەسەر، هەروەها سەرمایەی بانکی پیشەسازیی بە بڕی 400 ملیار دینار زیادکراوە."
هەروەها ئاشکرایکرد، پڕۆژەکە دروستکردنی سندووقی عێراق بۆ گەشەپێدان لەخۆدەگرێت و یەک تریلیۆن دیناری تێدا دەبێت و تایبەتە بە کەرتی تایبەت و پشتیوانیکردنی
"پشکی هەرێمی کوردستان 12.6٪ دەبێت"
ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023، پرسیاری لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەویش لە وەڵامدا رایگەیاند، "رێژەکە 12.6٪ـە، ئەو رێژەیەش لە یاسای بودجەی ساڵانی رابردووشدا هاتووە."
بەو پێیە و بەپێی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023 کە بریتییە لە 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینار دەبێت، پشکی هەرێمی کوردستان دەگاتە 24 تریلیۆن و 926 ملیار دینار و 328 ملیۆن دینار، کە ئەگەر بەهای 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار هەژمار بکرێت کە نزیکە لە بەهای دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراق، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان بە دۆلار لە ساڵی 2023دا دەگاتە 19 ملیار و 174 ملیۆن دۆلار.
سەبارەت بە تێڕوانینی لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، سوودانی گوتی: "ئەو رێککەوتنە یان لێکتێگەیشتنەمان خستە بەردەم هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە نوێنەری سیاسی سەرجەم فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان لەخۆدەگرێت و رێککەوتنی لەبارەوە کرا و سوپاس بۆ خوا دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرجەم ئەندامانییەوە کە نوێنەرایەتی هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەن، بەڵگەیەکی روونە لەسەر بوونی سازانێکی سیاسیی لەسەر ئەو رەشنووسە کە ئومێد دەکەین لە بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رێزدار رێوشوێنەکانی پەسندکردن و جێبەجێکردنی یاساکە بەجێ بگەیەنێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق وردتر باسی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدای کرد و روونیکردەوە: "بەشێک لەو دواکەوتنەی پەسەندکردنی بودجە، بریتی بوو لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ برایان لە هەرێمی کوردستان، رێکكەوتنێکی گشتگیرمان کرد لەبارەی ئەو پرسانەی کە کێشەی هەڵپەسێردراون لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئەو لێکتێگەیشتنە لەبارەی زۆرینەی ئەو ماددانەوە کرا کە پەیوەندییان بە بودجەوە هەیە، لە هەناردەکردنی نەوت و فرۆشتنی نەوت و شێوازی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی."
سەرۆکوەزیرانی عێراق زانیاریی زیاتری لە بارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە ئاشکرا کرد و گوتی: "بۆ یەکەمجارە دەگەینە رێککەوتنێک بۆ ئەوەی سەرجەم داهاتەکانی نەوتی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی هەرێمەوە لە هەژمارێکی بانکی هەڵبگیرێت و هەموو ئەو داهاتانەی تێدا دابنرێت ئەوانەی لە هەناردەکردن یان فرۆشتنی نەوتی خاو و بەرهەمەنەوتییەکان بەبێ لێبڕین بۆ هەر مەبەستێک بێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یان هەر کەسێک ئەو رایبسپێرێت سەرپشک بکرێت لە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکانی و هەژمارە بانکییە ئاماژە بۆکراوەکە لەژێر چاودێریی حکومەتی ناوەندیدا دەبێت، سەرجەم هەژمارە هاوشێوەکانی دیکەش دادەخرێن."
هەر سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سوودانی گوتی: "بڕگەی دیکەش هەن کە پەیوەندیدارن بە وردبینی و چاودێریکردنی ئەو هەژمارەوە، دوور لە داڕشتنە ئاڵۆزەکان لێکتێگەیشتنەکان بە خاڵی روون پابەندبوونەکانی حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و یاسا و رێكکەوتنی سیاسیی بەپێی ئەوەی لە کارنامەی حکومەتدا هاتووە کە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی بۆ داوە، دەبێت، لەکاتێکدا ئەگەر هەر جیاوازییەک لە تێڕوانینەکان لەنێوان حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان هەبێت، لیژنەیەکی هاوبەش دەبێت راسپاردەکانی بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوەندیی بەرزدەکاتەوە بۆ دەرکردنی بڕیاری پێویست، ئەو تێڕوانینەی لەلای حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە بەرەو جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە هەنگاو دەنێین، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ هەنگاونان بۆ بەرکەوتەی گرنگترین، کە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق