پەروەردە ومتمانە بە خۆبوون

ليست هناك تعليقات


ڕەووف محەمەد ئالانی

زۆرجارئاماژە بەگرنگی وڕۆڵی پەروەردە کراوە، تەنانەت بەسەرچاوەی هەموو ئاراستەکان دادەنریت. هەرکۆمەڵگەیەک لە ڕەوتی شارستانی و ژیاریی لە پێشەوە بێت، بێ چەندو چون بۆگرنگیدانی ڕۆڵی پەروەردە دەیگێڕننەوە، بەپێچەوانەشەوە کاتێ کۆمەڵگە لەدواوە بێت و دوور بیت لە ژیانی شارستانی وژیاری، ئەوە یەکسەر دەڵێن گرنگی نەدراوە بە پەروەردەکەی، لەم ناساندنە کورتەی پەروەردە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهەر پەروەردە یە ژیانی شایستە بەدیدێنێت بۆ کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بە ڕۆڵپێنەدانیشی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی پڕلە نەخۆشی و ناخۆشی بەرهەمدێنێت.

بێینە سەربابەتەکەمان کە متمانەبەخۆکردنە، لە سەرەتادا ئاماژەمان بە بایەخی پەروەردەکرد لە هەموو کایەکانی ژیاندا، دەبێ لە سەردروستکردنی متمانەبەخۆکردن، پەروەردە ڕۆڵی چیبێت؟بێگومان لەم بوارەشدا کاریگەری زۆرگەورە دەبینێت.

متمانە بەخۆبوون، بەواتای مرۆڤ هەست بە بەهێزی خۆی بکات و بڕوای وابێت ئەوکارو ئەرکەی پێی دەسپێرن یان خۆی ئەنجامی دەدات سەرکەوتوو دەبێت، یان کاتێک توشی گرفتیکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ڕووبەڕووی دەوەستێت ولاواز و دەستەوسان دانانیشێت، خۆی ڕادەستی قەدەرێکی وێڵ ناکات، بەڵکوبەبیرکردنەوەوپلانی ووردو بڕوابوون بەتواناکانی بۆسەرکەوتن بەسەرئەوگرفتەدا هەنگاودەنێت، لەئەنجامدا زاڵدەبێت بەسەر ئەوتەنگژەوسەختیەدا.

بڕوابەخۆبوون زۆرجارمرۆڤ فێری دەبێت، یان پرۆسەی فێربوون لەناوسیستەمی پەروەردەدا دەبێتە فاکتەری هەوێنی ئەومتمانەیە لەناخی هەرتاکێکدا.

هەربۆیە گرنگە پەروەردە کارلەسەردروست بوونی ئەو متمانەیە بکات، پێویستە لەناوپرۆگرامەکانی خوێندن بەناڕاستەوخۆلەڕێگەی چیرۆک وشیعروبەسەرهاتەکانەوە، مناڵان بەوشێوازە پەروەردە بکرێن، بەوهۆیە دەبنە تاکێکی خاوەن ئیرادە و متمانە وبڕوا بەخۆبوونیان لێدەردەچێت.

دیارە ئەوەی گرنگ و پێویستە بۆمناڵ دابینبکرێت، بۆ هێنانەدی متمانەبەخۆبوون کەشێکی ئارام وگونجاوە، بەتایبەت لەناوژینگەی قوتابخانەوخوێندنگە، لەمبارەوە (ماجد عرسان گەیلانی) وتوێتی (منداڵێک کە لە کەشێکی ئاسایشدا دەژی، فێری متمانە بەخۆبوون دەبێت).

جا ئەم کەشە پڕئارام وئاسایشە چۆن دروست دەبێت؟

بەرلەوەی منال بێتە قوتابخانە وخوێندنگە، ژینگەی ماڵ دەبیتە یەکەم بەریەککەوتنی ئەو مرۆڤە لەگەڵ کەشێک کە دەکرێ بکرێتە سەرچاوەی بەهێزکردن وئاراستەکردنێکی دروست لەگەڵ دەروونی ئەومناڵە، تەنانەت زۆرجارمناڵان لە ناوژینگەی ماڵاکانیان، یان ئەوگیانە بەرزە دروست دەکەن کە مناڵەکە متمانەی بەخۆی هەبێ، یان بەپێچەوانەوە ئەبێتە کەسێکی لاوازکە ترس وبێبڕوایی جێگەی متمانەبەخۆبوون بگرێتەوە.

بۆدەرچوون لە مۆتەکەی لاوازیی منال، دایکان وباوکان ئەرکی گرنگیان لەسەرشانە کە لەناوماڵدا کەشێکی پڕلەئارامی وئاشتی بۆ دروست بکەن، ئەوەش بە هاندانی مناڵ بۆ زاڵ بوون بەسەرگرفت وئاریشەکاندا، دەکرێ هەرلەڕێگەی یاریکردن وهەندێ کەلوپەلی مناڵەکە ئەوڕێگە دروستە بگرنەبەروپەیڕەویبکەن.

کەش وژینگەی قوتابخانەوخوێندنگە شوێنێکیترە بۆئەوەی گیانی متمانەبەخۆبوون دروست بکرێت، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی کەشێکی ئارامی وا کە مناڵان هەست بەئاسودەیی دەروونی خۆیان بکەن، لەڕێگەی فەلسەفەیەکی دروستی پەروەردەیی هاوچەرخ، لەسەربنەمای خۆشەویستی نێوان مامۆستاوقوتابی وخوێندکار.

هەوڵبدرێت وابکرێ لەناخی تاکدا متمانە هەمیشە بوونی هەبێت و لێی دانەبڕێت، چونکە کاتێ متمانە بارگەی لە ناخی کەسێکدا پێچایەوە، بەئاسانی نایەتەوە بۆ ماڵی چۆڵکراوی هەستە تۆراوەکە، لەو کاتەدا مرۆڤ بڕوات باشترە، ئەگەری گەڕانەوەی هەیە بەڵام متمانە ئەگەرێکی قورسە بگەڕێتەوە، بۆئەم دۆخە(شکسپیر) نوسەری ناوداردەڵێت:(ڕۆیشتنی متمانە، قورسترە لە ڕۆیشتنی کەسەکان).

متمانەدروستکردن پێویستی بەبنەمای پلانی داڕێژراوی پەروەردەیی وزانستی هەیە، چونکە ئەگەروانەبێت، لەوانەیە ئەو کەسە مرۆڤێکی دەرچوولەداب ونەریت و یاسا بێتە مەیدانی ژیان، لەوکاتەدا لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەبێتە کەسێکی خۆبەزلزان وپڕکێشە بۆکۆمەڵگەکەی،چۆن (وەین دایر) لەسەر هەستی خۆبەزلزانین و متمانەبەخۆبوون جیاکاری دەکات و دەڵێت: (متمانە بەخۆبوون بە مانای خۆبەزلزانین نییە، بەڵکو متمانە بەخۆبوون تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوانی دیکە بچووک نەبینێت)لەو کاتەدا دەبێتە ئازایەتی وجوامێری، لەلایەکیترەوە (ئیمێرسۆن)دەڵێت:(متمانە بەخۆبوون گیانی قارەمانێتییە)دەبێ ئەو هەستە چیبێت والەمرۆڤ بکات وەک قارەمان دەربکەوێت؟

چەندین ڕەهەندولایەنی گرنگ دەبنە خەسڵەتی قارەمانێتی بۆ مرۆڤ، کەواتە دەکرێت مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێنە مرۆڤگەلێکی قارەمان کەخاوەنی متمانەبن، بەپێی وتەکەی(ئیمێرسۆن) کە بەقارەمان ناوزەدیکردوون.

متمانەبەخۆبوون پرسێکی گرنگ وهەستیارە، پێویستە بە وریایی و ئاگایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆ وەزارەتی پەروەردە گرنگە پلانی باشی لەسەردابنی بۆئەوەی بەشێوەیەکی زانستی لەپڕۆگرامەکانی خوێندن جێی بکرێتەوەوخولی تایبەت بۆمامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بکرێتەوە، تا ڕێنمایی و وانەی گرنگ لە خولەکاندا پێشکەش بکرێن، دەبێ ،کەسانی زۆر شآرەزاو لێهاتووی بواری کۆمەڵناسی و دەرونناسی وانەکان بڵێنەوە، ئەوانیش لە قوتابخانەوخوێندنگەکانیان پەیڕەوی بکەن، لەپێناوئایندەی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ دروستکردنی تاکی بەهێزوباوەڕی پتەوبەخۆیان و ژیانی پڕ لەژیاری و کامەرانی، بۆ ئەوەش تازووتر هەنگاوبنێین درەنگە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif