کاریگەرییە دەروونییەکان لەسەر زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە

ليست هناك تعليقات


پسپۆڕێکی دەروونی چەند کاریگەرییەکی لاوەکی لەسەر دەروونی رزگاربووانی رووداوە سرووشتییەکان بەتایبەت بوومەلەرزە باسدەکات و دەڵێت: رزگاربووانی دوای رووداوە سرووشتییەکان پێویستە رێنوێنی و چارەسەریی دەروونییان بۆ بکرێت.

دکتۆر نیکتا بانکس، پسپۆڕ و چارەسەرکاری دەروونی لە ئەمریکا لەبارەی ناڕێکیی بیرکردنەوە و شڵەژانی دەروونیی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەوە رایدەگەیێنێت، دەشێت تووشی هەستیاربوون بە دەنگ ببن، بەجۆرێک بە راکرد و هاوار بەرپەچی کەمترین دەنگی لەناکاو بدەنەوە، هەروەها دەڵێت: ''لەوانە ئەم کێشەیە خود کارانە کەمببێتەوە.''

لەبارەی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی دکتۆر نیکتا دەڵێت: ''هەردوو نیشانەکە لە رزگاربووانی بوومەلەرزەدا بەربڵاون و زۆرینەشیان خەو، ئارەزووی خواردن و توانای مێشکیان کەمدەبێتەوە، تەنانەت تووڕەبوونیش یەکێک دەبێت لە پاشهاتەکان''، هاوکات نیکتا گوتی، ئەگەر نیشانەکان کەمنەبوونەوە ئەوا پێویستە کەسەکە لەژێر راوێژی پزیشکدا دەرمانەکانی خەمۆکی و ئارامکەرەوەکانی پێبدرێت.

شڵەژانی دەروونی یەکێکی دیکەیە لە پاشهاتەکانی دوای بوومەلەرزە کە لەسەر زیانلێکەوتووان دروستدەبێت، پسپۆڕەکەی دەروونیش ئاشکرای دەکات، پێویستە زیانلێکەوتووان شێوازی ژیانیان بگۆڕن تاوەکو بەزووترین کات دەروونیان ئاسایی ببێتەوە، چونکە گۆڕینی شێوازی ژیان وەکو 'خوێندنەوە، بیرکردنەوەی ئەرێنی، فێربوون و نووسین، تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەسانی دیکە و وەرزش' هۆکار دەبن بۆ هەست کردن بە دڵنیایی زیاتر و لەبیرچوونەوەی رووداوەکە.

بە گوتەی چارەسەرکارە دەروونییەکە، هەندێک کەس دوای بوومەلەرزە تووشی ترس 'فۆبیا' لە بوومەلەرزە دەبن، کە پێویستە لەژێر رێنوێنیی کەسانی شارەزادا ترسەکەیان کەمبکرێتەوە و چارەسەر وەربگرن، چونکە ترس لە بوومەلەرزە زۆرجار دەبێتەهۆی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و ناڕێکیی خەو سەرئەنجام تێکچوونە دەروونییەکانی کەسەکە خراپتر دەبن.

لە کۆتاییدا دکتۆر نیکتا ئاماژە بە حاڵەتێک دەکات بە ناوی تەنگژەی دەروونی دوای رووداوەکان 'PTSD' کە بە تووندترین و درێژترین کاریگەریی دەروونیی دوای بوومەلەرزە دایدەنێت و دەڵێت: ''لە کاتی تووشبوون بە PTSD نیشانەکانی وەکو 'بیرکەوتنەوەی رووداوەکە، کاردانەوەی نەرێنی، ناڕێکیی خەو، بینینی خەوی ناخۆش، خەمۆکی، گۆشەگیری و هەندێک جاریش سکچوون و رشانەوە' دەشێت رووبدەن، هاوکات رێگەکانی چارەسەریش بۆ حاڵەتەکە بریتین لە قسەنەکردن لەبارەی رووداوەکە و هەوڵدان بۆ لەبیرچوونەوەی، دوورکەوتنەوە لە شوێنی رووداوەکە، گۆڕینی شێوازی ژیان، پاڵپشتیکاری دەروونی یاخود پێدانی دەرمان لەژێر راوێژی کەسانی پسپۆڕ.''

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif