ئانتۆنێلا داهاتووی مێسی یەکلایی دەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



ئەنتۆنێلا، هاوژینی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنس، رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە یەکلاکردنەوەی داهاتووی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بۆ وەرزی داهاتوو.

ماوەی گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس هاوینی داهاتوو کۆتایی دێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاریسییەکان هەوڵی چڕ و پڕ بۆ مانەوەی دەدەن، بەڵام هەندێک لە هەواڵەکان باسیان لە ئاڵۆزی دانوستاندنەکان بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسی لە پارکی شازادەکان کردووە، هەروەها نزیکبوونەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە لە رۆیشتن بۆ یانەی ئینتەر میامی ئەمریکی.

بەگوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، ئەنتۆنێلا پشتگیری لە رۆیشتنی مێسی دەکات لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان، و دەیەوێت هاوژنەکەی بۆ یاریکردن بچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، هاوژینی مێسی دەیەوێت لە فلۆریدا بژی، هەروەها خۆی و مێسی ماڵێکیان لە میامی هەیە، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی فلۆریدا.

میدیاکانی فەرەنسا، سەرەڕای ئەو حەزەی ئانتۆنێلا، دەیڤید بێکهامی خاوەنی یانەی ئینتەر میامی دەبێت ئامراز و هۆکاری دروست بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی مێسی رازی بکات بچێتە خولی ئەمریکی، چونکە لیۆ هێشتا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و ئەگەر بڕیار بدات لە پاریس دەڕوات، بەدڵنیاییەوە چەندین گەورە یانەی ئەوروپا دەستەوارەی پێشکێش دەکەن.


لیۆنێل مێسی دوای ئەوەی لە یاریی هەفتەی رابردووی یانەکەی بەرامبەر لیل، لە خولی فەرەنسادا، بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵی بردنەوەی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، لەگەڵ ئانتۆنێلای هاوژینی و منداڵەکانی بۆ وەرگرتنی پشوو چووە بارسێلۆنا و لە نزیکەوە چاوی بە سێرخیۆ بوسکێتس، خۆردی ئەلبا و هاوڕێکانی کەوت، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی جارێکی دیکە هەواڵی ئەگەری گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەی بارسێلۆنا لە میدیای ئیسپانیا و جیهاندا کاردانەوە دروستبکات.

یانەی هیلالی سعودی و ئینتەرمیامی ئەمریکیش، چاودێریی بارودۆخی مێسی دەکەن و دەیانەوێت ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان، چەند رۆژێک لەمەوبەر رودی گالێتی، رۆژنامەڤانی بەنێوبانگی ئیتاڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "یانەی هیلال هەڵسەنگاندن بۆ گرێبەستێکی گەورە دەکات کە گواستنەوەی مێسییە و گرێبەستەکە 400 بۆ 450 ملیۆن یۆرۆ دەبێت".

مێسی لە هاوینی 2021 پەیوەندیی بە یانەی پاریس سانجێرمانەوە کرد، هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە کۆتاییدێت، هەرچەندە گرێبەستەکەی ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ ساڵی سێیەمی لەگەڵە، بەڵام هێشتا داهاتووی یاریزانەکە بەتەواوی دیارنییە و لیۆ کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا و گەڕایەوە پاریس.

پێشتر بەرپرسانی تۆپی پێی سعودیە رایانگەیاندووە، گرێبەستی گەورەتر لە گواستنەوەی رۆناڵدۆ ئەنجامدەدەن، بەمەش ئەگەرەکان بۆ چوونی مێسی بۆ یانە سعودییەکە بەهێزتردەبن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif