ناسا و ئیسرۆ مانگێکی دەستکرد بۆ چاودێریی گۆڕانی کەشوهەوا دروستدەکەن

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی ناسا و رێکخراوی لێکۆڵینەوە لە بۆشایی ئاسمانیی هیندستان، ناسراو بە (ئیسرۆ) لە کالیفۆرنیا مانگێکی دەستکردیان بەناوی نیسار دروست کردووە، ئەوەش بەمەبەستی چاودێریکردنی توانەوەی بەستەڵەکەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا و زەریاکان، وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما.

سوزان ئۆوێن، جێگری بەڕێوەبەری پڕۆژەی نیسار دەڵێت: "نیسار یارمەتیمان دەدات بزانین تاوەکو چەند کاربۆن لەم هەسارەیەدایە، بزانین چ بڕێک کاربۆن قەتیس دەمێنێت و بەوپێیەش دەتوانین لە بازنەی کاربۆن تێبگەین کە بەشێکی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوا پێکدەهێنێت."

تاوەکو چەند هەفتەیەکی دیکە، مانگی دەستکردی نیسار دەگوازرێتەوە بۆ هیندستان و بڕیارە لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024 يش بنێردرێتە بۆشایی ئاسمان.

نیسار لە ماوەی 12 رۆژدا دەتوانێت نەخشەی 3 دووریی زەوی بەتەواوەتی بگرێت و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە زەوی و ژینگە ئاشکرابکات.

لۆری لێشین، بەڕێوەبەری تاقیگەی ناسا دەڵێت، "ئەمە پێشکەوتووترین مانگی دەستکردی رادارە کە دەخرێتە خولگەی زەوی. وێنەیەکی 3 دووریی لە ئیکۆسیستمی زەویمان بۆ دەنێرێت. بە وردییەکی سەرسووڕهێنەرەوە زانیارییمان پێ دەدات."

باڤیا لال، یاریدەدەری بەڕێوەبەری تەکنۆلۆجیای ناسا دەڵێت، "نیسار بەو شێوازەی گوێتان لێ بوو، زانیاریی زۆر هەستیارمان پێدەدات لەسەر گرنگترین ئەو ئاڵنگارییانەی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دروستبوون. داتاکانی نیسار نەک تەنیا بۆ ئەمریکا و هیندستان بەڵکو بۆ هەموو جیهان گرنگن."

مانگی دەستکردی نیسار کێشەکەی دوو هەزار و 800 کیلۆگرامە. لە ساڵی 2017 وە دروستکردنی دەستیپێکردووە و 1.5 ملیار دۆلاری تێچووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif