سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەستدەکەن بە ئامادەکاری بۆ داڕشتنی راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بۆ ساڵی 2022 و دەڵێت "ئێستا لە داڕشتنی کۆتایی راپۆرتی دارایی ساڵی 2021 نزیکدەبینەوە و رەوانەی سێ سەرۆکایەتییەکەی دەکەین."
رۆژی سێشەممە، د.خالید هادی چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، لەبارەی راپۆرتی دارایی ساڵانەی هەرێمی کوردستانەوە بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە هەموو ساڵێک راپۆرتی خۆمان ئامادە دەکەین و گشت راپۆرتەکانی ساڵانەی خۆمان بۆ سەرۆکایەتییەکان ناردووە، تەنیا دوایین ساڵی دارایی نەبێت کە ساڵی 2021ە، ئێستا لە قۆناخی داڕشتنی کۆتایی راپۆرتەکەین و رەنگە بۆ مانگێکی دیکە تەواو ببێت و بینێرین."
سەبارەت بە راپۆرتی دارایی ساڵی 2022ش، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی گوتی: "راپۆرتی دارایی ساڵی 2022 لە کۆتایی ئەمساڵ ئامادە دەبێت، چونکە بۆ یەکی نیسانی ئەمساڵ هەموو هەژمارەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان دادەخرێن، واتە سێ مانگ پاش تەواوبوونی ساڵی دارایی، تاوەکو راپۆرتەکانی خۆشمان کۆدەکەینەوە، واتە ئامادەکردنی کۆتایی راپۆرتەکە لە کۆتایی ساڵ نزیک دەبێتەوە."
بەپێی یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ژمارە (2) ی ساڵی 2008، دیوان راپۆرتی ساڵانەی خۆی تەنیا پێشکەش بە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات و تێیدا بەکورتی ئاماژە بە کار و چالاکییەکانی دیوانی چاودێری دارایی دەکات، ئامار و داتای پێویست و هەروەها پێشنیازی دیوان بۆ باشترکردنی بوارەکانی کارگێڕی و دارایی دەخرێتەڕوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق