مەترسییەکانی باسکردن لەهەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات


سۆزان حەمەتاتە
-
چەند ڕۆژی ڕابردوو، لەڕۆژنامەی سەباحەوە کە نزیکە لەحکومەتی عێراق، پرسی هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وروژێنرا، ڕاستییەکەی ئەم بابەتە بێ هۆکار نییە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم تەنها وتار یان شیکردنەوەیەکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو بابەتێکی نێو ئەجێندای بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکانی عێراقە، ئەوە سەرەتای وەرگرتنی فیت باکی خەڵکییە، لەداهاتوشدا بەبەرنامە کاری لەسەردەکرێ، ئەگەر بۆیان بچێتەسەر.

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستورییە، هەروەها دەستور ڕێگە دەدات هەرێمی دیکەش دروستبکرێ، شاری بەسرە چەندجارێک هەوڵیدا، بەڵام شکستیخوارد، ئەمە پەیوەندیی بەئاوەزی سیاسیی دەستەبژێری سیاسیی عیراقی بەسوننەو شیعە هەیە کە هەمیشە حەزیان لەدەوڵەتی ناوەندیی‌و دەسەڵاتی ڕەها هەیە، ناتوانن لەگەڵ پلۆرالیزمی سیاسیی‌و فرەیی بۆچون‌و ئازادیی سیاسی‌و میدیایی‌و دەسەڵاتی خۆجێی خۆیان بگونجێنن، چونکە سروشتێکی سیاسیی دڵڕەقانەیان هەیە.

هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان کارێکی هەروا ئاسان نابێ، بەڵام ئاراستە سیاسییەکان بەرامبەر ئەو پرسە جیاوازن، لەگەڵ ئەوەشدا سیاسەتی هەرێمایەتی‌و نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی ڕۆڵیان لەو پرسەدا دەبێت:

یەکەم: تورکیاو ئێران‌و تەنانەت سوریاش هەرێمی کوردستان بەهێزیان ناوێ، بەڵکو لەگەڵ بونێکی لاوازن، هەڵبەت ئەگەر بۆیان کردەبێت ئەوا لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریدان.

دوەم: سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، بەریتانیاو فەرەنسا بەئاشکرا لەگەڵ بونی عێراقێکی بەهێزو یەکگرتودان، بەڵام تائێستا هاوکارو پشتیوانی هەرێمی کوردستانن‌و دژی هەڵوەشاندنەوەین.

سێیەم: شیعەو سوننە بەئاشکرا ئەمە ناڵێن، بەڵام دەیانەوێت عێراقێکی ناوەندیی یەکگرتوی بەهێز هەبێت، دەسەڵاتە گرنگەکان لەدەستی خۆیان بێت، هەرێمی کوردستان لاوازبێت‌و ئەگەریش کرا ئەوا هەڵبوەشێنرێتەوە.

هەڵبەت هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی کوردستان پرسێکی سیاسییەو لەڕێگەی یاساوە ناتوانرێت جێبەجێبکرێت، ئەوەی بەدەست عێراقەوەیە دادگای باڵای فیدراڵییە، کە پێشتریش چەندین بڕیاری دژ بەهەرێمی کوردستان داوەو بۆتە هۆکاری قوڵتربونەوەی ناکۆکییەکان، بۆیە جارێ ئەو ڕێگەیە بۆ پرسێکی وا گرنگ ناگیرێتەبەر.

ئەوەی پەیوەندیی بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە ئەوەیە بەڵگەی مێژویی‌و سیاسیی ڕەوای لەدەستە کە نەک جێبەجێکردنی، بەڵکو هەر بیرکردنەوە لەپڕۆژەیەکی لەو جۆرە دەبێتە هەڵەیەکی سیاسیی گەورە کە دورنییە کارەساتی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا بهێنیت، ڕونە ئەوە پڕۆژەیەکی سیاسیی شۆڤێنیانەیە‌و ئامانج لێی گەڕاندەوەی عێراقە بۆ مێژوی خوێناویی سەد ساڵەیی.

ئەوەی نیگەرانیی زیاتر دروستدەکات سەبارەت بەو پرسە کۆمەڵێک دەنگی ناوخۆییە کە دیارە خۆشحاڵن بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵگەیان بۆ ئەو خۆشحاڵییەیان بونی گەندەڵی‌و نادادپەروەرییە لەهەموو ڕوەکانەوە. ڕاستییەکەی ئەوە هەیەو کەس نکۆڵی لێناکات، خراپەو وادەکات خەڵک بێهیوابن، بەڵام گەندەڵی‌و نادادپەروەریی کردەی چەند کەسێکە، زوو یان درەنگ دەبێت بڕۆن‌و مێژوو دادگاییان دەکات، بەڵام قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خەبات‌و خوێنی شەهیدان‌و شۆڕشەکانێتی، دەستکەوتی شۆڕش‌و ڕاپەڕینی خەڵکە، ئەرکی گرنگ ئەوەیە هەڵەکانی ڕاستبکرێنەوەو چاکسازیی تێدابکرێت نەک هیواخواستن بەوەی هەڵبوەشێنرێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif