پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی ئەلبوبالی و تارمییە دەکات

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە رووداوە ئەمنییەکانی هەردوو ناوچەی ئەلبوبالی و تارمییە دەکات و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەی ئاسایش و بەرگری بۆ ئەو مەبەستە رادەسپێرێت.

سەگڤان یوسف، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە 21-02-2023 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوە ئەمنییەکانی ناوچەی ئەلبوبالی و تارمییە بکەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق گوتی: "سبەی چوارشەممە لیژنەکە کۆدەبێتەوە و دوو لیژنە پێکدەهێندرێت. یەکێکیان دەچێتە ئەلبوبالی لە سنووری پارێزگای دیالە و ئەوی دیکە دەچێتە ناوچەی تارمییە لە باکووری بەغدا و لێکۆڵینەوە لە هەردوو رووداوەکە دەکەن و دواتر راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەرزدەکەنەوە و راسپاردەکانیان دەخەنەڕوو. دواتر لە ژێر رۆشنایی راپۆرتەکەیان رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر."

رۆژی دووشەممە 20-2-2023، لە هێرشێکدا لە ناوچەی ئەلبوبالی لە سنووری قەزای خاڵسی پارێزگای دیالە حەوت کەس کوژران و سێی دیکەش برینداربوون.

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی 16-2-2023، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی بەغدا رایگەیاند، "لە ئۆپەراسیۆنێکی پشتبەستراو بە زانیاریی هەواڵگریی ورد، لیوای کۆماندۆی هێزەکانمان لە قەزای تارمییەی بەغدا توانییان هەڵبکوتنە سەر مۆڵگەیەکی چەکدارانی داعش و چوار چەکدارایان لێ کوشتن، کە یەکێکیان پشتێنی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو."

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە هێرش و رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکەی هێزەکانی عێراق و چەکدارانی داعش، چوار سەربازی عێراق کوژران، شەشی دیکەش برینداربوون کە یەکێکیان ئەفسەرێکە بە پلەی موقەدەم و یەکێکی دیکەیان پلەی ملازمە.

لە رووداوەکەدا یەکێک لە چەکدارانی داعش خۆی بە هێزە ئەمنییەکاندا تەقاندەوە، رووبەڕووبوونەوەکەش لە باخەکانی عگێلی و ئەبو حۆسە لە قەزای تارمییەی بەغدا روویداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif