سعودیە یەکەم ژن دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان

ليست هناك تعليقات


سعودیە یەکەم ژن وەکو کەشتیوانی ئاسمانی دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان و بڕیارە گەشتەکە لە بەهاری ئەمساڵ بکرێت.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سعودیە (واس) رایگەیاند، رەیانە بەرناویی تەمەن 33 ساڵ، لەگەڵ عەلی قەرنی، کەشتیوانی سعودی گەشتێکی 10 رۆژە بەرەو وێستگەی بۆشایی ئاسمان دەکات.

بەگوێرە ئاژانسەکە، بەرناوی و قەرنی لەم بەهارەدا بە کەشتیی ئاسمانیی سپەیس ئێکس دراگۆن گەشتەکە دەکەن، کە لەلایەن کۆمپانیای ئاکزیۆم سپەیسی کەرتی تایبەتی ئەمریکییەوە رێکخراوە.

پێگی ویتسن، کەشتیوانی پێشووی ناسا، کە ئێستا تەمەنی 63 ساڵە، یەکێک دەبێت لە سەرنشینانی کەشتییەکە و ئەمە چوارەم گەشتییەتی بەرەو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان. هاوکات، جۆن شۆفنەر، کە بازرگانێکی ویلایەتی تێنێسیی ئەمریکایە، وەکو فڕۆکەوان یان شۆفێری کەشتیوان تێیدا کاردەکات.

بڕیارە گەشتەکە لەلایەن رۆکێتی فالکۆن 9ـی کۆمپانیای سپەیس ئێکسەوە لە ناوەندی کەنەدی لە ویلایەتی فلۆریدا بکرێت.

ناردنی ژنێک لەلایەن سعودیەوە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان دوای ئەوە دێت لە ساڵی 2019ـدا، ئیمارات بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی هاووڵاتییەکی بنێرێتە بۆشایی ئاسمان.

لەدوای ئەوەی محەممەد بن سەلمان لە ساڵی 2017ـدا بووە شازادەی جێنشین، هەلی زیاتر بە ژن و کچانی سعودیە دەدرێت بۆ ئەوەی ئەو کارانە بکەن کە پێشتر بەهۆی رەگەزیانەوە، رێگەیان پێنەدەدرا.

یەکەم هەنگاوی گەورەی سعودیەش بۆ رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ ژنان ئەوکاتەبوو رێگەیان پێدرا مۆڵەتی شۆفێری دەربکەن و شۆفێری بکەن، دواتر رێگەیان پێدرا بەبێ بوونی سەرپەرشت بە تەنیا گەشت بکەن. رێژەی بەشداریی ژنان لە شوێنی کاردا بەراورد بە ساڵی 2016، زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە و لە 17٪ـەوە بووەتە 37٪.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif