بۆری گرنگترە لە دیموکراسی

ليست هناك تعليقات


ئاسۆ عەبدوللەتیف
-
بە تەنیشت گەشتە دیبلۆماسیەکانی کوردەوە !

دەوڵەتانی ئەوروپای نوێ، لە ئێستادا سەر بەو گوتارە کلاسیکی و کۆنزێرڤاتیڤیزمە نین کە لەسەر دیرۆک و ململانێی مێژوویی کۆن و کەنیسەو ئیمان و شەرعیەت بنیادنرابێت، بەتەواوی ئەم جیهانە دابڕاوە لەو دیدو ڕوانگەو کۆڵۆنیالیزمە کۆنە، ئەم ئەوروپایەی ئێستا، عەقیدەکەی لەسەر قازانج دامەزراوە، کێ قازانجی زیاتری باتێ ئەوەی دەوێ، کێ قازانجەکانی داگیربکات دژی ئەوە دەوەستێتەوە.

ئەم ئەوروپایەی ئێستا عاشقی بۆریەکانی نەوت و گازو وزەو بانک و نەختینەو پارەو دنیای میتاڤێرسە، هەڵوەدای مەرگەسات و خوێن و جەنگ نییە وەک جاران، بەشوێن مافی مرۆڤ و دیموکراسیەت و ئازادیشەوە نییە، بەشوێن سەرچاوەکانی ژیانەوەیە، گرنگ نییە بەلایەوە دەوڵەت و سەروەری و ئاڵات هەبێ یان نا. ئەخلاقی دیموکراسی و حیزبی و پەڕلەمانی و مۆڕاڵی پێکەوە ژیانت هەبێ یان نا؟

ئەوان پێویستیان بە گازە بەدەرەجەی یەکەم، کاتێک دەرگایان لە کورد کردۆتەوەو پێگەی کوردیان بردۆتە ئاسمان، پێویستیان بە مۆدێلە سیاسیەکەی کورد نیە، پێویستیان بە فەیلەسوف و زانکۆو کارەسات و مێژوەکەی نییە، هەرچۆن سیاسەت دەکەیت ئاساییە بەلایانەوە، کاتێک کورد بەشدارە لە نێو ساڵۆنە گەرمەکاندا هاوشانی سەرکردەو سەرۆکە جیهانیەکان و ڕۆچۆتە ناو ئەو مۆدێل و نەخشە تازەیەوە دەبێت بزانین پرسەکە نەوت و گازە.

تەناهی و سەقامگیریی لە جیهاندا ئێستا پەیوەستە بە وزەو گازی سروشتیەوە، وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو چین خەریکی دۆزینەوەی ڕێگا تازەکانن بەرەو کان و خان و بیرو سەرچاوە گازیەکان، کێ هەیەتی کڕیارێکی باشن بۆی، کێش نییەتی، یان برسییە یان بێبەریە لەو باوکە قازانجویستە.

ئەگەر #گازی_سروشتی کوردستان، ئەم ئۆتۆمبیل و شەقام و باڵەخانە ساردانەی ئەوروپا گەرم بکاتەوەو لە قەیرانی هەناردەی گازی سروشتی ڕوسیا ڕزگاریان بکات وەک پێشنیار کراوە لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن بە ڕاکێشانی بۆری گازە کوردیەکە لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا، ئەوا کورد ئەمجارە یاریەکی عەقڵانی دەکات و دەچێتە ناو شەترەنجەکەوە.

ساڵانێکە سڵۆگانی میونشن کاریگەرترین پلاتفۆڕمەکانی کۆنگرەی ئەمنیی و سیاسیی و سەربازییە کەخێرا گۆڕانکاری دروست دەکات، خێرا دەتکەن بە دۆست، خێرا هاوکارت دەبن، لای ئەوان ئەمن و وزەو ئابوری کارتی بنەڕەتییە بۆ پەیوەندی دۆستانە نەک سەروەری و ئاڵاو دەوڵەت و مێژوو، ساڵانێکە کورد وەک ئەکتەرێکی سوپایی و ئەمنی و ئەکتەری دژە داعش و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی هەیەو وجودی دیارە، بەڵام بەقەد گازی سروشتی و وزەی جێگرەوە کاریگەری نییە لەسەریان، پێگەی هەستیاری جیۆستراتیجی کورد جێگای پرسیارەو دەبێت کورد ئەوە وەک دەستکەوت لێی بڕوانێت.

مەهێڵن گەندەڵی ڕێکخراوو ساردوسڕی سیاسی ناوخۆیی ئەو گەرم و گوڕییە بگۆڕێت بە گوتارێکی ساردو سڕو پاسیڤ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif