ئەوکاتەی دیواری ترس دائەڕمێ

ليست هناك تعليقات


د.یوسف محمد

(١)
ماوەیەکە ژمارەیەک گەنجی چالاکوان لە ئەوروپا، بەتایبەت لە بەریتانیا، لە کاتی سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەوێ، وەک ناڕەزایی دەربڕین لە شێوازی حوکمڕانییان، چالاکی لە دژیان ئەنجام ئەدەن و خۆپیشاندان ئەکەن. دیارترینیان هێلکەباران کردنی مەسرور بارزانی بو لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لە مانگی نیسانی ساڵی رابردو. ئەم چالاکوانانە، ئەو گەنجانەن کە بە هۆی فەراهەم نەکردنی ژیانێکی کەرامەتمەندانە، بە هۆی بێکاری، پێشێل کردنی ماف و ئازادییەکان، شکستخواردویی حوکمڕانیی دەسەڵاتدارانی هەرێم و لاواز بونی ئومێد بە پاشەڕۆژێکی باشتر، رێی هاتو نەهاتیان گرتۆتەبەر و کۆچیان کردوە. لەوانەیە هەر یەک لەمانە لەڕێی گەیشتن بە ئەوروپا چەندان چیرۆکی تراژیدیشیان بینی بێ لە خنکان و ڕەقبونەوە و ون بونی هاوسەفەرەکانیان لە دەیاچەی ئیجە و لە کەناڵی ئینگلیز یان لە سەر سنوری بیلاڕوسیا. سەیر ئەوەیە کە بەشی زۆری ئەم چالاکوانانە گەنجانی هەولێر و بادینانن کە لێرە لەبەر ریزە ئۆتۆمۆبیلی چەکدار ناتوانن دەستیان بگا بە بەرپرسانی هەرێم و، ئازار و کێشەکانیان لەگەڵ باس بکەن.

هەقە دەسەڵاتدارانی هەرێم پەند وەربگرن کە ئەو کاتەی دیواری ترس دائەڕمێ ریزە ئۆتۆمۆبیلی پاسەوانەکانیشیان بە فریایان ناکەوێ و دور نییە هەر خودی پاسەوانەکانیان تۆڵەی ستەم و بێدادییان لێبکەنەوە.
(٢)
لە ٢٢ی ئەلولی ٢٠١١ بارزانی لە سلێمانی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد. ئەوە یەکەم دیداری نێوانیان بو دوای دروست بونی گۆڕان. دوای پێشوازی و دیداری گشتی، دو بە دو لە ژورێکی تر کۆبونەوە. وەک دوایی کاک نەوشیروان گێڕایەوە لەو کۆبۆنەوەیە باسی تەلەفزیۆنی (KNN) کرا بو کە ئەو کات ئامڕازێکی سەرەکیی فشار کردن بو لە پارتی و یەکێتی و دەسەڵاتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. کاک نەوشیروان لەو کۆبونەوەیەدا ئەوەی دابو بە گوێی بارزانیدا کە رەوەندی کوردی لە ئەوروپا و ئەمریکا سوپایەکی کاریگەری ترە بۆ فشار کردن و لۆبی کردن لەپێناو ئەنجامدانی چاکسازی لە تەنیشت بەرگری کردن لە دۆزی ڕەوای کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان. کاک نەوشیروان چەندین جار ئەوەی دوپات ئەکردەوە کە ئەگەر بمانەوێ ئەتوانین چونە دەرەوە بۆ دەسەڵاتدارانی هەڕێم ئەستەم بکەین.

بەڕاستی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا سەرباری قورسیی خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژیانی ئەوێ، بەڵام بەردەوام ڕۆڵێکی کاریگەریان بینیوە لە بەرگری لە خواست و ئامانجە مەدەنی و دیموکراسییەکان هاوشانی داخوازییە نەتەوەییەکان.
(٣)
لە چوارچێوەی ئەو سەردانە دیبلۆماسییانەی لە دوای پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان، بە هاوکاریی رەوەندی کوردستانی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجاممان دا، لە کۆتایی مانگی دوی ساڵی ٢٠١٦، واتە دروست حەوت ساڵ پێش ئێستا سەردانی بەریتانیامان کرد. یەکێک لە وێستگەکانی سەفەرەکەمان (جگە لە کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و سەرۆکی لیژنە و ئەندامانی پەرلەمان و لۆردات و وەزارەتی دەرەوە) دیدارێک بو لەگەڵ رەوەندی کوردستانی لە ناو پەرلەمانی بەریتانیا. لە کاتی ئەنجام دانی دیدارەکەدا، ناچار بوین لەبەر زۆریی ئامادەبوان سێ جار هۆڵی کۆبونەوەکە بگۆڕین کەچی هێشتا چەند لە ژورەوە بون، زیاتر لەوە لە دەرەوەی پەرلەمان بون و بە هۆی نەبونی شوێنەوە رێیان نەدرا بێنە ژورەوە (ئەمە لەچەندین شوێنی تری ئەوروپا دوبارە بویەوە). یەکێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئەوێ کە لە فراکسیۆنی پارتی نەتەوەیی سکۆتلەندا بو بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسیم، تۆ چیت وا ئاوا خەڵک بە تاسەوە هاتون بۆ دیدارەکەت!؟ منیش بە دڵێکی پڕەوە وتم من هیچ نیم بەڵام دۆزەکەمان ڕەوایە! ئەو کاتە ئێمە لەبەر هەڵوێستەکانمان رێمان نەدرا بچینەوە بۆپەرلەمانی کوردستان، بەڵام دەرگای دڵی هەزاران کوردی ئازادیخوازی ئەوروپامان بۆ کراوە بو، کەچی ئێستا ئەبیستم بەشێک لەوانەی بەناوی "گۆڕان"ەوە پۆستی باڵایان لەم دەسەڵاتەی هەرێم وەرگرتوە، لە ترسی چالاکوانانی ئەوروپا بە دزییەوە سەردانی ئەوروپا ئەکەن! کێشەکە لەو پەرلەمانتارانە نییە کە ئێستا روبەڕوی توڕەیی چالاکوانان بونەتەوە، بەڵکو لە لادانە لەو پرنسیپانەی گۆڕانی لەسەر دامەزرا.
هەقە ئەمە پەند بێ بۆ کاربەدەستانی ئێستای "گۆڕان".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif