چیتر هەورامیەکان بێدەنگ نابن لە پەراوێزخستنی ناوچەکەیان

ليست هناك تعليقات



ئەمڕۆ(٢٥/ ٢/ ٢٠٢٣) دەستەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەورامان  بە نوێنەرایەتی سەرجەم گوندەکانی هەورامان  لە گردبونەوەیەکدا تەواوی داخوازیەکانیان لە چەند خاڵێک خستەروو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆنامەنوسیدا ڕایانگەیاند کە پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا حکومەت بەدەم داخوازیەکانەوە بێت، لە بەرامبەر بەدەمەوە نەهاتنی حکومەتی هەرێمدا ڕێگای فشارە مەدەنیەکان دەگرینەبەر بۆ بەدیهێنانی خواستەکانمان کە تەواوی ئەو خالانەی خراونەتەڕوو خواستی سەرەتایی و بنەمای ژیانێکی ئاساین. 

دەقی داخوازییەکان

پەپامێک لە (دەستەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەورامان)

خەڵکى هەورامانى سەربەرز و خاوەن ئیرادە ... لەکاتێکدا ئەم پەیامەتان ئاڕاستە دەکەین، (خەڵک و خاک و زمان و کلتورى) هەورامان لەبەردەم مەترسى گەورەدایە، ناوچەکەمان لەلایەن دەسەڵات و چەند سەرمایەدارێکی چاوچنۆکەوە، رووبەرووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە.

ئەو زەویانەى کە هەزاران ساڵە نەوە بەنەوە خەڵکى هەورامان رەنجی لەگەڵدا کێشاوە، خەریکە لەدەستمان دەڕوات، تەنانەت ڕاپۆرتى نەتەوەیەکگرتووەکان، پێشبینى لەناوچوونى زمانى هەورامى دەکات، بۆیە پرسیاردەکەین ئێمە ئەگەر خاکو زمانو کلتورمان لەدەست بدەین، کەواتە کێین؟ سەربارى ئەوەی خەڵکى هەورامان لەشەڕى (عێراق-ئێران) و کیمیابارانی هەڵەبجەو شەڕى گروپە تیرۆرستییەکاندا پشکى شێرى قوربانیو کاولکارى بەرکەوتووە، بەڵام بەرپرسانى خۆجێیو حکومەتی هەرێمى کوردستان زۆر بێ باکاکە مامەڵە لەگەڵ قوربانیەکانى خەڵکى هەورامان دەکەن.

بەشێکی ئەم دۆخە دەرئەنجامى بێهەڵوێستیو بێباکی کاربەدەستانو بەرپرسەکانی هەورامانە لە جومگە جیاوازەکانی دەسەڵاتدا، کە لەسەر رەنج و ماندووبوونی خەڵکى ناوچەکە پۆستو پلەیان لە حزبو حکومەتدا بەدەست هێناوە.

بێدەنگی مەترسیداری خەڵکی ھەورامانیش رێخۆشکەر بووە بۆ ئەو ستەمەی کە لەناوچەکەیانکراوە. بۆیە سەرەتا ڕوی دەممان لە ھاونشتیمانیانی خۆمانە کە کاتی شکاندنی بێدەنگییەو نابێت ئەم دۆخە دژوارە لەمە زیاتر قبوڵبکرێت.

(دەستەی داکۆکی لەمافەکانی خەڵکی هەورامان) چەند داواکارییەکی سەرەتایی دەخاتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان، لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەسەڵاتی خۆجێیی کە ناوچەکە مۆڵەتی دە رۆژ دەدەینە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدەمەوەھاتنی گرفتەکانی خەڵکەکەی. لەئەگەری بەدەمەوە نەهاتنمان رێگای مەرزی (تەوێڵە-شۆشمێ) و سەرجەم جموجوڵی بازرگانی لە رێگا لاوەکییەکاندا پەکدەخەین:

١-زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا، کە سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە گەشتیاریەو گەشتیارێکی زۆر ڕوی تێدەکات، ھاوکات رێگای بەشێک لەئاڵوگۆڕی بازرگانیە و ناوچەیەکی شاخاویوی سەختە، بەڵام جێی داخە لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها (٨-٩) کاتژمێر کارەبای دابیندەکرێت...

٢-چاککردنی رێگای سەرەکی (تەوێڵە-گردی گۆ) لەگەڵ رێگا لاوەکییەکانی ناوچەکە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە وتن و بەڵێن بودجەی بۆدابینکراوەو لە ئەرزی واقعدا ڕۆژ بەڕۆژ ڕێگاکە خراپتر دەبێت و ھیچ ھەنگاوێکی کرداری بۆ چاکردنی ڕێگاکە نەنراوە.

٣-دابینکردنی پزیشک و دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانی ناوچەکە. بەداخەوە ھاونشتیمانیانی ناوچەکەی ڕوبەڕوی گرفتی مەترسیدار کردۆتەوە و بۆچارەسەر دەبێت ڕوبکەنە شارەکانی ھەلەبجەو سلێمانی...

٤-دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، کە لەئێستادا سەرەڕای بونی سەرچاوەی ئاوی باش لە ناوچەکەدا، بەڵام حەفتانە نیو کاتژمێر یان کاتژمێرێک ئاو بۆ خێزانەکانی ناوچەکە دابیندەکرێت، ھاوکات گرفتی کەم ئاوی باخەکان وایکردوە لەساڵی ڕابردودا بەشێوەیەکی مەترسیدار باخو سەوزایی ناوچەکە وشک بون و بەرپرسانی ناوچەکەش لە بری چارەسەر بێدەنگیان لێکردووە...

٥-چارەسەرکردنی گرفتە پەروەردەییەکان لە دابینکردنی مامۆستا و پێداویستییەکانی ناوەندەکانی خوێندن، کە بەداخەوە بەشێک لەگوندەکان بەھۆی نەبونی قوتابخانەو پێداویستیە پەروەردەیەکانەوە چۆڵکراون...

٦-رێکخستنەوەی کەرتی گەشتیاری بەشێوازێک لەگەڵ تایبەیمەندی ناوچەکەدا بگونجێت و کەمترین زیانی لێ بکەوێتەوە. چونکە جێگەی داخە بەھۆی بێ پلانی حکومەت و بەناوی گەشتاری دەستدرێژی کراوەتە سەر سروشت و کەلەپوری ناوچەکە، بەھەمان شێوە دەسەڵاتی خۆجێی ناوچەکە ڕێخۆشکەربووە بۆ ئەم کارەساتە.

٧-دەستبەجێ ڕاگرتنی ھەڵمەتی تێکدانی گوندی زەڵم...

لەکۆتایدا ئێمە وەک (دەستەی داکۆکی لە مافەکانی خەڵکی هەورامان) پێمان وایە پشتگوێ خستنی ناوچەکە لە روی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە بە مەبەستەو ئامانج لێی چۆڵکردنی ناوچەکەیە کە بەداخەوە بە پێی ئامارەکان ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خێزان بەهۆی نەبوونی ئەو خزمەتگوزاریانە لە سەرەوە باسمان کردن ناوچەکە چۆڵ دەکەن و روودەکەنە شارەکان..!!!




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif