ڕاپۆرتێکی گرنگ لە بارەی جەنگی ئۆکرانیاوە دوای ساڵێك

ليست هناك تعليقات



ساڵێک لەمەوبەر رووسیا شەڕی لە دژی ئۆکراینا دەستپێکرد، کە بووەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس، ئاوارەبوونی ملیۆنانی دیکە، وێرانبوونی چەندین شار و زیادبوونی ترسی رووبەڕووبوونەوەی نێوان رووسیا و ناتۆ.

لێرەدا باس لە دیارترین رووداوەکانی شەڕەکە دەکەین.

ساڵی 2022

شوبات

لە 24ی شوباتی 2022، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا فەرمانی بە دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ پاراستنی کۆمارە میللییەکانی لوهانسک و دۆنێتسک" کرد. رووسیا لە باکوور، رۆژهەڵات و باشوورەوە دەستی بە هێرش کرد.

پووتین گوتی، ئامانج لەو هێرشە "داماڵینی ناوچەکەیە لە چەک و نازییەکان" بۆ پاراستنی ئەو پێکهاتە رووسیانەی لە رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەژین، هەروەها پووتین گوتی، ئامانج لێی رێگرتنە لە بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ.

لە بەرامبەردا، ئۆکراینا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانی، هێرشەکەیان بە کارێکی "نایاسایی و دوژمنکاری"ی دژی وڵاتێک ناوبرد، کە حکومەتەکەی بە "شێوەیەکی دیموکراسی" هەڵبژێردراوە و لە لایەن کەسێکی جووەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە کەسوکارەکەی لە هۆڵۆکۆستدا کوژراون.

سەربازانی رووسیا بە خێرایی گەیشتنە دەوروبەری کیێڤ، بەڵام نەیانتوانی ئەو شارە و ئەوانی دیکەی باکووری ئۆکراینا کۆنتڕۆڵبکەن و لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە بە تووندی بەرپەرچیان درایەوە.

لەو کاتەدا، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە بەردەم بارەگاکەی پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی پێشانیبدات هەڵنەهاتووە و لە کارەکەیدا بەردەوامە.

ئادار

2ی ئادار، رووسیا کۆنتڕۆڵکردنی شاری خێرسۆنی راگەیاند. لە رۆژانی سەرەتای ئاداردا، هێزەکانی رووسیا بەشەکانی دیکەی هەرێمی خێرسۆنیان کۆنتڕۆڵکرد و بەشێکی گەورەی هەرێمی زاپۆریژیاشیان بەدەستهێنا، لە نێویدا وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا کە گەورەترینی ئەوروپایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

بەڵام سوپای رووسیا لە نزیک کیێڤ گیری خوارد. کاروانە دوور و درێژەکانی سوپاکە لە نزیک کیێڤ، بوونە نێچیرێکی ئاسان بۆ درۆن و تۆپخانەکانی ئۆکراینا.

16ی ئادار، هۆڵێکی شانۆ لە ماریۆپۆڵ بۆردوومان کرا، ئۆکراینا دەڵێت سەدان کەسی تێدا کوژران، رووسیاش دەڵێت، ئێمە ئەو کارەمان نەکردووە.

29ی ئادار، مۆسکۆ هێزەکانی لە نزیک کیێڤ و ناوچەکانی دیکە کشاندەوە و رایگەیاند، سەرنجیان لەسەر دۆنباس دەبێت لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە ناوەندێکی پێشەسازیی گرنگە و جوداخوازەکانی لایەنگری مۆسکۆ لە ساڵی 2014ـەوە تێیدا شەڕی ئۆکراینایان کردووە.

نیسان

دوای کشانەوەی رووسیا لە هەرێمی کیێڤ، تەرمی دەیان کەس لەسەر شەقامەکانی شارۆچکەی بووچا دۆزرانەوە. ئۆکراینا و وڵاتانی رۆژئاوا سەربازە رووسیەکانیان تۆمەتبارکرد بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی ئەو کەسانە و داوایانکرد رووسیا لە بەرامبەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی سزابدرێت.

9ی نیسان، هێرشێکی مووشەکیی رووسیا بۆ سەر وێستگەی شەمەندەفەری کراماتۆرسک بووە هۆی کوژرانی 52 کەسی سڤیل و برینداربوونی سەرووی 100ی دیکە، بەگوێرەی ئۆکراینا.

لە هەمان کاتدا، شەڕی سەخت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شاری ماریۆپۆلی سەر دەریای ئازۆف دەستیپێکرد. هێرشە ئاسمانی و مووشەکی و تۆپبارانەکانی رووسیا شارەکەیان کرد بە وێرانە.

13ی نیسان، کەشتیی سەربازیی مۆسکۆڤا، کە کەشتیی هەرە دیاری کەشتیگەلی سەربازیی رووسیا بوو لە دەریای رەش، بەر مووشەکەکانی ئۆکراینا کەوت و رۆژی دواتر نقوم بوو.

ئایار

16ی ئایار، سەربازانی ئۆکراینا لە کارگەی ئاسنی ئازۆڤستالدا، کە دوایین پێگەیان بوو لە شاری ماریوپۆل، ئاڵای سپیان هەڵکرد و خۆیان بەدەستەوە دا، ئەوەش دوای نزیکەی سێ مانگ لە گەمارۆی رووسیا بۆ سەریان. کەوتنی ماریوپۆل، ئۆکراینای لە کەنارەکانی ئازۆڤ دابڕاند و رێگەیەکی وشکانی لە سنووری رووسیاوە بۆ کریمیا کردەوە.

18ی ئایار، فینلاند و سوێد بە فەرمی داواکارییان پێشكێش بە ناتۆ کرد، بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی هاوپەیمانییە سەربازییەکە، لە کاتێکدا، رووسیا بە تووندی دژی فراوانبوونی ناتۆ بوو.

حوزەیران

چەکی زیاتری رۆژئاوا گەیشتە دەستی ئۆکراینییەکان، لە نێویدا، مووشەکهاوێژی هیمارسی ئەمریکی.

30ی حوزەیران، هێزەکانی رووسیا لە دوورگەی مارەکان کشانەوە، کە دەکەوێتە نێو دەریای رەش لە نزیک شاری ئۆدێسا و لە سەرەتای هێرشەکەوە کۆنتڕۆڵیان کردبوو.

تەممووز

22ی تەممووز، رووسیا و ئۆکراینا بە نێوەندگیریی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتن لەسەر کردنەوەی رێگە لە بەردەم گواستنەوەی دانەوێڵە لە بەندەرەکانی ئۆکرایناوە بۆ بەندەرەکانی جیهان، بەوەش کۆتایی بە هەڕەشەی قەیرانی جیهانیی خۆراک هات.

29ی تەممووز، هێرشێکی مووشەکی کرایە سەر زیندانێکی شارۆچکەی ئۆلێنیڤکای ژێر کۆنتڕۆڵی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کە ئەو سەربازە ئۆکراینییانەی تێدا بەندکرابوون کە لە ماریوپۆل بە دیل گیرابوون. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی 53 کەس. رووسیا و ئۆکراینا هێرشەکەیان خستە ئەستۆی یەکدی.

ئاب

9ی ئاب، تەقینەوەیەکی بەهێز لە بنکەیەکی ئاسمانیی رووسیا لە کریمیا روویدا. هەفتەیەک دوای ئەوە، وێستگەی کارەبا و کۆگای چەکی زیاتر لەو دەوروبەرە تەقینەوە. سوپای ئۆکراینا هێرشەکانی گرتەئەستۆ.

20ی ئاب، دەریا دوگین، کچی فەیلەسۆفی نەتەوەپەروەری رووسی، ئەلێکساندەر دوگین بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە مۆسکۆ گیانی لەدەستدا و مۆسکۆ تەقینەوەکەی خستە ئەستۆی ئۆکراینا.

ئەیلوول

6ی ئەیلوول، هێزەکانی ئۆکراینا هێرشی پێچەوانەی لەناکاویان لە باکووری رۆژهەڵاتی خارکیڤ دەستپێکرد و هێزەکانی رووسیا لە چەند ناوچەیەک کشانەوە کە چەندین مانگ بوو کۆنتڕۆڵیان کردبوون.

21ی ئەیلوول، پووتین فەرمانیکرد بە جووڵەپێکردنی 300 هەزار سەربازی یەدەگ. ئەم بڕیارە بە دڵی رووسەکان نەبوو. هەزاران پیاوی رووسیا ناچاربوون بڕۆنە وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خۆیان لە سەربازیی زۆرەملێ رزگاربکەن.

لە هەمان کاتدا، رووسیا گشتپرسی لە دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا کرد، بۆ ئەوەی ببنە بەشێك لە خاکەکەی. ئەنجامی گشتپرسییەکان لە لایەن ئۆکرایناوە بە "ساختە" ناوبران.

30ی ئەیلوول، پووتین بەڵگەنامەکانی لکاندنی چوار هەرێمەکەی بە خاکی رووسیاوە واژۆکردن.

تشرینی یەکەم

8ی ئۆکتۆبەر، تەقینەوەیەک لەسەر پردی نێوان کریمیا و رووسیا روویدا. پووتین خستیە ئەستۆی ئۆکراینا. رووسیا بە هێرشێکی مووشەکیی بەرفراوان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئۆکراینا وەڵامی دایەوە.

تشرینی دووەم

9ی تشرینی دووەم، رووسیا کشانەوەی خۆی لە شاری خێرسۆن راگەیاند، کە ئەوە تاکە ناوەندی هەرێمێک بوو کەوتبێتە دەستی. ئۆکراینا گوتی کشانەوەکە بەهۆی هێرشی پێچەوانەی سەربازانی ئۆکراینییەوە بووە.

کانوونی یەکەم

5ی کانوونی یەکەم، سوپای رووسیا رایگەیاند، ئۆکراینا بە بەکارهێنانی درۆن دوو بنکەی بۆمبهاوێژی درێژبڕی لە قووڵایی خاکی رووسیادا کردوونەتە ئامانج.

21ی کانوونی یەکەم، زیلینسکی بۆ یەکەم جار دوای دەستپێکردنی شەڕ سەردانی ئەمریکای کرد و داوای لێکرد سیستمی بەرگریی پاتریۆت بە ئۆکراینا بدات.

2023

کانوونی دووەم

1ی کانوونی دووەم، چەند ساتێکی کەم دوای چوونە نێو ساڵی نوێوە، ژمارەیەک سەربازی تازە جوڵەپێکراوی رووسیا لە شاری ماکیڤا کەوتنە بەر هێرشی سوپای ئۆکراینا. وەزارەتی بەرگریی رووسیا گوتی: 89 سەربازیان کوژران. بەڵام ئۆکراینییەکان دەڵێن، سەدان سەربازیان لەو هێرشەدا کوشتووە.

12ی کانوونی دووەم، دوای چەندین مانگ لە شەڕ، رووسیا کۆنتڕۆڵکردنی شاری سۆلیداری بەناوبانگ بە کانە خوێیەکانی راگەیاند. هەروەها مۆسکۆ گوشارەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی باخمووت زیادکرد.

14ی کانوونی دووەم، رووسیا هێرشێکی دیکەی مووشەکی کردە سەر ئۆکراینا، یەکێکیان بەر شوقەیەک کەوت لە شاری دنیپرۆ، لە ئەنجامدا 45 کەس گیانیان لەدەستدا.

شوبات

20ی شوبات، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی پێشتر رانەگەیێندراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و لەگەڵ زیلینسکی کۆبووەوە. بایدن دەڵێت، پووتین سەبارەت بە جەنگی ئۆکراینا "زۆر هەڵە بوو."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif