باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان کە هەفتەیەک لەمەوبەر بەفەرمی چووە نێو رکابەریی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی 2024، هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە داراییەکانی عێراق دەکات "ئەگەر وەکو سەرۆک هەڵبژێردرێت".
نیکی هەیلی لە گوتارێکیدا بۆ نیویۆرک پۆست نووسیویەتی، "لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیار دۆلارمان داوەتە عێڕاق، کەچی حکومەتەکەی لە چەتە مرۆڤکوژەکانی ئێران نزیکدەبێتەوە کە درووشمی مردن بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە و هێرشدەکەنە سەر سەربازانمان".
نیکی هەیلی هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێت، هاوکاری دارایی لەسەر چەند وڵاتێک دەبڕێت، ئەو وڵاتانەش بە دوژمنی ئەمریکا ناودەبات و دەڵێت " ئەمریکا ساڵی رابردوو 46 ملیار دۆلاری بۆ هاوکاری دەرەکی خەرجکردووە"، هەرچەندە بایدن بەشی زۆری پارەکانی لە شەڕی ئۆکراینا خەرجکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا دەڵێت "ئەوانەی باجدەدەن پێویستە بزانن پارەکەیان چی بەسەردا دێت". دەڵێت، "تووشی شۆک دەبن ئەگەر بزانن پارەکانیان دەڕوات بۆ ئەو وڵاتانەی دژی ئەمریکا و دۆزەکانین".
هەیلی ناوی هەموو ئەو وڵاتانەی هێناوە کە واشنتن هاوکاری داراییان دەکات و دەڵێت، "کەچی ئەو وڵاتانە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا ناجووڵێنەوە".
عێراق لە لیستی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بەگوتەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا، ساڵی رابردوو 1 ملیار دۆلاری وەرگرتووە، بەدوای ئەویشەوە پاکستان؛ کە ئەمریکا لە هاوکاریکردنی دارایی بەردەوامبووە، کەچی بەگوتەی هەیلی، "وڵاتەکە بووەتە لانەی چەندین رێکخراوی تیرۆرستی، هەروەها بە تووندی خۆی بە چینەوە بەستووەتەوە".
هەیلی باسی فەڵەستینیش دەکات و دەڵێت "ئیدارەی بایدن نیو ملیار دۆلارەکەی فەڵەستینی گەڕاندەوە "ئاژانسێکی گەندەڵی"، سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، کەچی فەڵەستین "پارەکە بۆ پروپاگەندەی دژە سامی و ئیسرائیلی هاوپەیمانمان بەکاردێنێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەیلی باسی بێلاڕووس دەکات و دەڵێت "ئەمریکا پارە دەداتە بێلاڕووس کە بەهێزترین هاوپەیمانی رووسیایە"، لەبارەی زیمبابۆیشەوە دەڵێت، "سەدان هەزار دۆلارمان داونەتێ، کەچی لە نەتەوەیەکگرتووەکان زۆرترین دەنگیان لە دژی ئەمریکا داوە".
بەگوتەی باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا، باجدەرانی ئەمریکی هێشتا پارە دەدەنە چین، کە لەبەرنامەی ژینگەیی خەرجدەکرێت، ئەمە سەرەڕای ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان دوو ولاتەکەدا هەن.
خانمە تەمەن 51 ساڵانەکە باسی کوبا-ش دەکات و دەڵێت "هەرچەندە وەکو سپۆنسەری تیرۆر ناساندوومانە، کەچی پارەمان داونەتێ".
نیکی هەیلی لە چوار ساڵی ئیدارەی ترەمپدا، باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام ئێستا لەگەڵ هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و راماسوامی لەسەر پشکی کۆمارییەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای ساڵی 2024 بەشدارن، تەنانەت هەیلی پێیوایە "دەتوانێت لە دۆناڵد ترەمپی رکابەرەکەشی بباتەوە".
نیکی هەیلی لە 20ـی کانوونی دووەمی 1972 لە کارۆلاینای باشوور لەدایکبووە، لە 2005 بووەتە نوێنەری کارۆلاینای باشوور لە ئەنجوومەنی نوێنەران، لە 2011 بووەتە حاکمی کالیفۆرنیا و لە 2017 تاوەکو 2018ـش باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق