کۆمپانیای مێتا بەهێزتر دەچێتە نێو رکابەرایەتیی ژیریی دەستکردەوە

ليست هناك تعليقات


 کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک بە ئاشکراکردنی ئەپێکی ژیریی دەستکردی تایبەت بەخۆی دەچێتە نێو رکابەرایەتیی ئەپەکانی وەک ChatGPT. مێتا دەڵێت، سەرەتا رێگە بە لێکۆڵەران دەدات ئەپەکەی بەکاربێنن بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەبوونی کێشە و مەترسییدا چارەسەریان بکەن پێش ئەوەی بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی بەردەستبێت.

ئەم وریاییەی مێتا لە کاتێکدایە کە لێکۆڵەران چەند کەلێنێکیان لە ئەپی ChatGPT دۆزینەوە، کە دەکرێت بۆ مەبەستی شەڕانگێزانە و زیانگەیاندن بەکاربهێنرێت، وێڕای هەوڵە بەردەوام و چڕەکانی کۆمپانیای OpenAIـی بەرهەمهێنەری سەر بە مایکرۆسۆفت بۆ نەهێشتیان.

ناوی ئەپەکەی مێتا LLaMA (لاما) دەبێت.

کۆمپانیاکە کە لە پاڵ فەیسبووک خاوەنی واتساپ، ئینستاگرام و ئۆراکڵیشە، ئاماژە بەوە دەکات، ئەپە نوێیەکەی بە نموونەیەکی "بچوەکتر و ئاستبەرزتر" ناودەبات بۆ "یارمەتیدانی لێکۆڵینڤانان تاوەکو کاری خۆیان بەرەوپێش ببەن"

ChatGPTـی مایکرۆسۆفت بە خێرایی جیهانی تەنی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەتوانێت بە چەند چرکەیەک نووسینی جوان داڕێژراو (یاخود جوانتر لە زۆر مرۆڤ)، وەکو گوتار، هۆنراوە، لێکۆڵینەوە بخاتە بەردەستی بەکارهێنەر. ئەمە جگە لەوەی دەتوانێت لێکدانەوەی زانستی، پزیشکی و یاسایی بە وردبینییەکی بەرزەوە بەرهەمبێنێت. نەک تەنیا ئەوە، بەڵکو چات جی پی تی توانایێکی بەرزی لە پڕۆگرامسازیدا هەیە و ئەو کۆدانەی کە مرۆڤ بە ئاسانی سەری لێ دەرناچێت، چات جیپیتی بە چەند چرکەیەک هەڵەکانی دەدۆزێتەوە یان لە سەرەتاوە دەیانوسێت.

ئەم ئەپە بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیایێک کاردەکات کە پێیدەگوترێت نموونەی گەورەی زمانەوانی Large Language Model (LLM).

LLM بەشێکە لە بوارێکی تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد کە ژیریی دەستکردی بەرهەمهێنەری پێدەگوترێت و توانای ئەوەی هەیە بەگوێرەی داواکاریی بەکارهێنەر وێنە، نەخشە و بەرنامە دروستبکات؛ ئەمە هەمووی بە چەند چرکەیەکی کەم.

مایکرۆسۆفت کە کۆمپانیایێکی تەکنەلۆژیی سەنگینە، هاوبەشیی خۆی لەگەڵ کۆمپانیای OpenAIـی بەرهەمهێنەری چات جی پی تیدا قوڵکردووەتەوە و ئەم مانگە رایگەیاند، کە تەکنەلۆژیاکە لەگەڵ بزوێنەری گەڕانی Bing و گەڕیدەی Edge تێکهەڵکێش دەکات، ئەمەش وەکو هەوڵێک بۆ بەزاندنی بزوێنەری گەڕانی گووگڵ و گەڕیدەی Google Chrome لێدەدرێتەوە کە زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.

هەر بۆیەشە، گووگڵ هەستی بە هەبوونی مەترسی لەسەر باڵادەستیی بزوێنەری گەڕانەکەی کرد و ماوەیەکی کەم دوای وەشانی چات جی پی تی، خێرا کەوتە خۆی و رایگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەپێکی ژیریی دەستکردی تایبەت بەخۆی بە ناوی Bard (بارد) بەردەستدەکات.

بەڵام دەنگۆی هەبوونی بواری خەراپبەکارهێنانی چاتبۆتێکی مایکرۆسۆفت، وایکرد هۆشداریی بدرێت لەوەی کە تەکنەلۆژیاکە هێشتا ئامادە نییە بۆ بەکارهێنان. لە نموونەی ئەو وەڵامە نەرێنییانەی کە چاتبۆتەکەی مایکرۆسۆفت بە بەکارهێنەرەکانی داون بریتین لە: هەڕەشەکردن، دەربڕینی حەزی دزینی کۆدی نهێنی چەکی ئەتۆمی و ساردکردنەوەی دڵی بەکارهێنەرێک لەسەر هاوژینەکەی.

مێتا دەڵێت، ئەم کێشانە دەتوانرێت باشتر چارەسەربکرێن ئەگەر لێکۆڵینڤانەکان بتوانن باشتر دەستکاری تەکنەلۆژیا گرانبەهاکە بکەن.

کۆمپانیاکانی OpenAI و مایکرۆسۆفت بە تووندی دەستڕاگەییشتن بە تەکنەلۆجیای پشتەوەی چاتبۆتەکانیان سنووردارکردووە، بەهۆی ئەوەشەوە رەخنەیان لێ دەگیرێت بەوەی کە گوایە قازانجی خۆیان دەخەنە سەرووی بەرەوپێشبردنی تەکنەلۆژیاکە.

بەڵام مێتا بڕیاریداوە، کۆدی چاتبۆتەکەی بخاتە بەردەستی لێکۆڵەران بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و بتوانن ئەو کێشانەی کە هەیەتی، بدۆزنەوە و چارەسەری گونجاوی بۆ پێشنیاز بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif