کۆنسوڵی ئەمریکا: پاشەکشەیەکی بێزارکەر لە ئازادی رادەربڕیندا هەیە

ليست هناك تعليقات

 


ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی ڕووداودا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا کە رۆژی 13ـی شوباتی 2023 لە ناوەندی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە، رایگەیاند کە ئەوان زۆر "نیگەرانن" لەو "پاشەکشێ بێزارکەر"ـەی لە بواری مافی مرۆڤ، مافی ژنان و مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان دا هەیە. لە هەمانکاتدا رایگەیاند کە ئەوان تەنیا "هاوبەش" نین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەڵکو "هاوڕێ"ـی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانن بۆیەش ئامادەن بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە.

کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی، ئێستا ئەمریکا و بەتایبەتی باڵیۆز ئەلینا رۆمانۆڤسکی رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە باشترکردنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و لە پشت پەردەوە کاری زۆر دەکەن بۆ ئەو مەبەستە.

شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک پرسیاری لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، دۆخی ئازادی و مافی کەمینەکان لە هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پێشمەرگە و نرخی دۆلار ئاراستە کرد.

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئێرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان:

رووداو: بەڕێز هیکس سڵاو

ئێرڤن هیکس: سڵاو

رووداو: من، ئەو شێوازەی تۆم پێخۆشە کاتێک بە کوردی قسە دەکەیت. هەرچەندە ئێوە تەنیا ماوەیەکی کەمە، لە مانگی ئابەوە لێرەن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە هەوڵدەدەن بە کوردی قسە بکەن. ئەوە زۆر باشە.

ئێرڤن هیکس: زمانێکی خۆشەویستە.

رووداو: سوپاس، زۆر باشە. من دەزانم ئێوە زمانزانێکی باشن.

ئێرڤن هیکس: من هەوڵدەدەم هێدی هێدی فێری سۆرانی ببم.

رووداو: زۆر باشە. ئێوە، لە مانگی ئابی 2022ـوەوە لێرەن. ئایا پەیامێکتان بۆ گەلی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە؟

ئێرڤن هیکس: بەڵێ، بەتایبەتی دەمەوێت دەرفەتی ئەوەم هەبێت هەندێک بابەت لەگەڵ خەڵکدا بەش بکەم. دەمەوێت دەستکەوت و کارە فرەچەشنەکانی حکومەتی ئەمریکا باس بکەم کە لێرە ئەنجامیان دەدات. من، چەند تێبینییەکم ئامادە کردووە، ئەگەر دەرفەت بدەن، دەمەوێت راستەوخۆ ئەو قسانە بکەم.

رووداو: بەڵێ، تکادەکەم.

ئێرڤن هیکس: سوپاس. دەمەوێت ئەوە بڵێم، سوپاستان دەکەم ئەم بەیانییە لەگەڵ ئێوەم، سوپاس بۆ بانگهێشتنامەکە تاوەکو باسی پەیوەندیی بەهێز و بەردەوامی حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ خەڵكی کورد بکەم. وەک کۆنسوڵی گشتی، من و تیمی کۆنسوڵخانە، شانازی بەو هاوبەشییەوە دەکەین کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها لەگەڵ نوێنەرانی میدیا و بەرپرسانی کۆمەڵگەی بازرگانیی کوردستان دروستمان کردووە. ئێمە، گەورەترین بەخشەری هاریکاری مرۆیین و، لە ساڵی 2014ـەوە 3.4 ملیار دۆلارمان بۆ ئەم مەبەستە خەرج کردووە.

ئێمە وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبین لە گەڕان بە شوێن دەرفەتەکاندا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسی، سەربازی، کولتووری، پەروەردەیی و بازرگانییەکان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق. هاوکات ئێمە نیگەرانین لە پاشەکشێ لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ، تووندوتیژی لەسەر بنەمانی رەگەز و سەروەری یاسا، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ ژنان و دەرفەتی یەکسان بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی پێکهاتەکانی کوردستان، هەروەها رێزلێگرتن و لێبووردەیی بەرامبەر کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئایینی کوردستان.

ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی کوردستان بەهای هاوبەشیان هەیە، کە ژیان و ئازادی و بەدەستهێنانی خۆشبەختی لەخۆدەگرێت. لەنێو ئەم بەهایانەدا، بەهای ئازادی راگەیاندن، ئازادی رادەربڕین و مافی گردبوونەوەی ئاشتیانەش هەن، بۆ بەرپرسیار ڕاگرتن و لێپرسینەوەی حکومەت.

ئێوە، زۆرجار گوێتان لە من بووە، دەڵێم ماڵێک کە یەکگرتووبێت، هەمیشە گەشە دەکات. من، هەروەها شانازی بە دەستپێشخەریی کۆنسوڵخانەوە دەکەم بۆ ئەوەی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریکا رابکێشێتە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە مانگی حوزەیراندا پێشوازی لە شاندێکی بازرگانیی ئەمریکا دەکەین. هەر دوێنێش، ئێمە تۆڕی ژووری بازرگانیی ئەمریکامان دروستکرد، بە هاوبەشی لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها لەگەڵ ژووری بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان.

ئەم تۆڕەی ژووری بازرگانیی ئەمریکا وەک گرووپێکی بانگەشە، کار دەکات بۆ هاندان و دەستنیشانکردنی دەرفەتەکان بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان بەرپرسانی بازرگانی ئەمریکا و کورد لە تەواوی کوردستانی عێراق و عێراقیشدا.

لە کۆتاییدا، دەمەوێت پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بکەم بەهۆی واژۆکردنی مەرجەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشمەرگە. هاوئاهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی، گرنگی دامەزراندنی هێزێکی بەهێز، کاریگەریی پیشمەرگە پیشاندەدات. ویلایەتە یەکگرتووەکان هێشتا چاوەڕێی پیشڤەچوونی زیاترە سەبارەت بە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا. ئێمە، چاومان لەوەیە پارتی و یەکێتی ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن تاوەکو بتوانین بەردەوامبین لە قوڵکردنەوە و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کوردستان. هەروەها دەمەوێت پیرۆزبایی لە کاک بەشدار حەسەن ئیسماعیل و تیمە یاساییەکەی بکەم بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤی سەر بە وەزارەتی دەرەوە بۆ ساڵی 2023.

کار و دۆستایەتی و هاوبەشی حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق وەک خۆی بە بەهێزی دەمێنیتەوە و، پەیوەندی خۆمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق فراوانتر دەکەین، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی بینای نوێی کۆنسوڵخانە کە تێچووەکەی 800 ملیۆن دۆلارە، هەروەها بە زیادکردنی سەردانی پایەبڵند و VIPـیەکان لە واشنتن دیسییەوە، بە بەهێزکردنی تواناکانی پیشمەرگە و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کۆنسوڵە هاوبۆچوونەکانمان بۆ برەودان بە مافەکانی مرۆڤ، ئازادی راگەیاندن، ماف و دەرفەتی یەکسان بۆ ژنان و گرووپی پێکهاتەکان.

ئێمە 2.3 ملیۆن دۆلارمان پێشکێشکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی لالش، پەرستگەی ئیزدییان. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنیان بە دابینکردنی زیاتر لە 28 ملیۆن دۆلار بۆ بنیاتنانەوە و سەقامگیرکردنی شنگال، پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دیجیتاڵکردن و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت، راکیشانی بازرگانی و وەربەرهێنانی ئەمریکی و شاند و گرووپی بازرگانی بۆ کوردستان، دەستنیشانکردنی ئەو بەرنامانەی تایبەتن بە وزەی پاک و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، فراوانکردنی پرۆگرامی ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و کولتووریی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەخشینی 650،000 دۆلار بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، فراوانکردنی پرۆگرامی راهێنانی رۆژنامەگەری و راگەیاندن، هەروەها دڵنیابوونەوە لەوەی کار و پرۆگرامەکانمان سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر لەخۆدەگرێت.

من، تەنیا ماوەی پێنج مانگە وەک کۆنسوڵی گشتی لە کوردستانم و ئەو دەستپیشخەرییانەی ئاماژەم پێدان پێچەوانەی ئەو قسە دەخاتەڕوو، کە گوایە حکومەتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی عێراق، لە عێراق یان لە ناوچەکە دەکشێتەوە. لە راستیدا، ئێمە خەریکین پێچەوانەکەی دەکەین. زۆر سوپاس.

رووداو: سوپاس.

ئێرڤن هیکس: ئێستاش پێشوازی لە پرسیارەکانت دەکەم.

رووداو: بەڕێز هیکس، بەپێی ئەوەی لە وتارەکەتدا گوتت، من دەکرێت هەندێک پرسیاری زیاتر بکەم. ئێستا دەمەوێت بزانم ئێوە چۆن دەڕواننە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکان؟

ئێرڤن هیکس: پەیوەندییەکی بەهێزە، پەیوەندییەکی هاوئاهانگە، ئەوە پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای هاوبەشی دروستکراوە، هاوبەشییەکی بەهێز، بەڵام نیگەرانییش هەن، ئەو نیگەرانییانەش کاتێک پەیوەست دەبن بە مافەکانی مرۆڤ گەورەن، بەتایبەت بەو پرسەی خستمەڕوو، پرسی بەهێزکردنی ژنان، مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپەکانی کەمینەکان، قبوڵکردنی گرووپی جیاوازی پێکهاتەکان، هەروەها کۆمەڵگەی ئایینی. ئێمە، ئەم پرسانەمان بە رێگەی دیپلۆماسی خۆمان لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، بە تیشک خستنە سەر ئەم نیگەرانییە. ئێمە پێمان وایە ئەمانە پاشەکشێن. ئێمە ئامادەین بۆ یارمەتیدانی حکومەت بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرسانە، بەڵام وەک هاوڕێ، چونکە ئێمە بە تەنیا هاوبەش نین، بەڵکو هاوڕێین، وەک هاوڕێش دۆخی وا دێتە پێشەوە رەنگە هاوڕام نەبیت. دەبێت هاوڕێیەکەت قسە بکات، بەڵام لەبەرئەوەی هاوڕێی راستەقینەین، دەبێت ئەو قسانە بگوترێن. ئەم قسانەش بە بێدەنگی دیپلۆماسی گوتراون و ئێمەش ئامادەین. بۆ نموونە لە هەفتەی رابردوودا لە گفتوگۆمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دادوەری، ئێمە چاومان لەوەیە چۆن بتوانین هاوکاریی راهێنانیان بکەین و چۆن دەسەڵاتی دادوەری بەهێز بکەین.

رووداو: باشە. بەم دواییانە تێبینی ئەوەمان کردووە سەردانی بەرپرسانی باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئێرە کەمی کردووە، بۆچی؟

ئێرڤن هیکس: دەبێت بەڕێزەوە پێچەوانەی هەڵسەنگاندنەکەی تۆ قسە بکەم، لە راستیدا لە پێنج مانگی رابردوودا کارم لەسەر ئەمە کردووە، دەتوانم ئەوە لەگەڵت بەش بکەم کە لە هەر مانگێکدا پێنج سەردانی ڤی ئای پی (VIP - کەسی زۆر گرنگ)ــمان هەبووە. لەو پێنج مانگەی من لێرە بووم، ئەو کەسە ڤی ئای پییانەش بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی لەخۆگرتووە وەک باربەر لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە. بەم دواییانەش ئێمە لەلایەن کۆشکی سپییەوە سەردانمان هەبوو وەک برێت مەکگۆرک.

ئێمە، سەردانی بەرپرسی باڵامان هەبووە کە هاتن بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێشمەرگە. سەردانی ئەندامانی کۆنگرێسمان هەبوو، سێ بۆ چوار شاند لە کۆنگرێسەوە هاتبوونە ئێرە. با وەک دیپلۆماتێکی بە ئەزموون پێت بڵێم، ئەوە کارێکی نامۆیە بۆ کۆنسوڵخانەیەک بتوانێت ئەو ژمارە زۆرە سەردانەی لە ئاستی باڵادا هەبێت. لە باشترین دۆخدا دەکرێت یەک یان دوو سەردان بۆ هەر کۆنسوڵخانەیەک هەبێت، بەڵام سەردان لە ئاستی باڵا بەشێوەیەکی ئاسایی لە ئاستی باڵیۆزخانە دەبێت، لەو شوێنەی کە باڵیۆزی لێ دەمێنێتەوە.

بەڵام لەبەر پەیوەندیی ناوازە، لەبەر هاوبەشی و هاوڕێیەتیمان، هەرێمی کوردستانی عێراق پێشوازی لە سەردانی ڤی ئای پی دەکات. دەتوانم ئەوەشت پێ بڵێم، من ئەوە دەزانم بەردەوام لەبەرئەوە لە فڕۆکەخانە کورسییەکم هەیە، چونکە کاتێکی زۆر لە پێشوازیکردن لە سەردانەکان بەسەردەبەم و ئەو گرنگیپێدانەش شتێکی زۆر باشە. ئەوە شتێکی زۆر باشە کە ئەو گرنگیپێدان و سەردانانە هەبن، بەڵام ئەو قسەیەی کە کەمبوونەوەیەک هەیە، دەتوانم پێت بڵێم؛ من و ستافەکەم بەهیچ شێوەیەک بەو شێوەیە نایبینین.

رووداو: باشە. ئایا هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵپشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراقی بەهێز لەناو عێراقێکی یەکگرتوودا دەکات؟

ئێرڤن هیکس: بەدڵنیاییەوە، بەڕێوەبەرەکەم، باڵیۆز رۆمەناوسکی رۆڵێکی سەرەکیی گێڕاوە لە باشترکردنی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان. من تێبینی ئەوە دەکەم سەرۆک نێچیرڤان بەم دواییانە چەند سەردانێكی کردوون، سەرۆکوەزیران دوو هەفتە پێش ئێستا لەوێبوو، ئەمانە ئاماژەی باشن لەبارەی پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی. چاوەڕێی پەیوەندییەکی هاوکارانە و بنیاتنەرین بۆ چارەسەرکردنی چەند پرسێكی زۆر قورس وەکو یاسای نەوت و گاز.

سەبارەت بە پرسی شنگال، دوای گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئاوارە و پەنابەرەکان، هەروەها چەندین پرسی زۆر قورس هەن کە دەبێت چارەسەربکرێن: میلیشیاکان، هەوڵەکانی داعش بۆ گەڕانەوە و سەرهەڵدانەوە. هەموو ئەمانەش لە پەیوەندییەکی کاریگەر و هاوکارانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا سەرچاوە دەگرن. ئێمەش گەشبینین کە ببینین بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی بەم ئاراستەیەدا هەیە.

رووداو: باشە. بەهۆی پارتە سیاسییەکانەوە هەڵبژاردن لە کوردستان دواخراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ئارەزوومەندن هەڵبژاردنەکە ئەمساڵ بکرێت، کەچی هێشتا رێککەوتنێکی ئەوتۆ لەنێوانیاندا نییە. چۆن دەڕواننە دواخستنی هەڵبژاردن لە کوردستان؟

ئێرڤن هیکس: ئێمە، هەمیشە پێشوازی لە هەڵبژاردن دەکەین، چونکە هەڵبژاردن هەمیشە دەرفەتێکە بۆ خەڵک بۆ بڕیاردان سەبارەت سەرکردایەتییان، کاتەکەشی پەیوەستە بە خەڵکی کوردستانەوە و ئێمە رێزی لێدەگرین. ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دەکەین ئەوەیە؛ هەڵبژاردنەکان بە شێوازێکی روون و بێگەرد بەڕێوەبچن و، بەشێوەیەک بێت کە هیچ پرسیارێک لەبارەی شەرعیەت و وردیی پرۆسەکە هەڵنەگرێت، بەڵام ئێمە سەیری خەڵکی کوردستان دەکەین. سەبارەت بە کاتەکەش سەیری ئەوە دەکەین بزانین کەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن، چونکە دیموکراسی هەمیشە لە رێگەی پرۆسەی دەنگدانەوە دەبووژێتەوە.

رووداو: بەڵێ، بەڕێز هیکس ئێوە لە وتارەکەتان بەتایبەتی تیشکتان خستە سەر ئازادیی رادەربڕین و مافی کەمینەکان بۆ هەموو کەسێک لە کوردستان، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، راگەیاندن و مافەکانی ژنان لە کوردستان دەکەن؟

ئێرڤن هیکس: وەکو خۆم لە قسەکانمدا ئاماژەم پێدا، ئێمە لێرە پاشەکشەیەکی بێزارکەر لەو بوارانەدا دەبینین، لە چەند بەشێکی دیاریکراوی هەرێمەکە. ئەم رەهەندانەی قبووڵنەکردن، لێدوانی دەمارگیرانە کە یارمەتیی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو نادەن. وەکو نموونەیەکیش لەسەر ئەوە ئێمە لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا گرووپی هاوئاهەنگیی کۆنسوڵخانە گشتییەکانمان پێکهێناوە. ئێمە 15 ئەندامی هاوبۆچوونمان لەگەڵ کۆنسوڵخانەکانی دیکە هەیە کە تێیدا نیگەرانییەکانمان بەدەنگێکی بەرزتر سەبارەت بە پاشەکەشێی مافەکانی مرۆڤ دەگەیێنین. ئێمە ئەم گفتوگۆیانەمان لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بەتایبەت لەبارەی بەندکردنی پەیامنێران، هەروەها پێشێلکاری بەرامبەر بەو کەسانەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە خۆپێشاندان دەکەن، ئەمانە ئەو شتانەن، کە ئێمە لە راپۆرتی مافەکانی مرۆڤ تیشکمان خستوونەتە سەر کە بەوشێوازە نموونەییە نییە کە ئێمە حەزمان لێیەتی و، ئێمە بەردەوامین لە باسکردنی ئەم پرسانە. هەروەک ئاماژەشم بە کاک بەشدار حەسەن دا، کە خەڵاتی بەرگریی لە مافی مرۆڤی لەلایەن وەزیری دەرەوە وەرگرت. ئەمە رەنگدانەوەیەکە، مەرج نییە تایبەت بێت بە کەیسەکانی دادگە، کە بەرگرییان لێدەکەن، بەڵکو تایبەتە بە گرنگیدان بە هەبوونی نوێنەرایەتیی یاسایی لەنێو کۆمەڵگەدا، بەجۆرێک دادپەروەرانە بێت و وەکیەکی بپارێزرێت بۆ هەموو کەسێک. ئایا کەسێک تاوانبارە یاخود نا، ئەوە کاری ئێمە نییە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

رووداو: بەڵام ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە بۆ هاندانی ئەم پرسانە لە کوردستان؟

ئێرڤن هیکس: ئێمە وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، هەفتەی رابردوو لەگەڵ ئەندامێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان کرد، ئەوان پرسی ئەوەیان کرد ئایا دەتوانین هاوکاری پێشکێش بکەین بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دادوەری، تایبەت بە سەروەریی یاسا. بۆیە ئێمە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆداین کە چۆن دەتوانین هاوکاربین. ئێمە، بەرنامەیەکی نایابمان هەیە، هەندێکجار کەسانی شارەزا دێنە وڵاتەکە و ئەزموونی ئەمریکا پێشکێش دەکەن و هاوبەشی پێدەکەن، با ئاماژە بەوەش بدەم؛ ئێمە، ویلایەتە یەکگرتووەکان ناڵێین بێ کەموکورتین لەو بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام کۆشش دەکەین بۆ باشترکردن. هەروەها بەرنامەمان هەیە بۆ ناردنی شاندی ئاڵوگۆڕی کولتووری. ئێمە، شاند دەنێرینە ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردن و فێربوون لەبارەی پرۆسەی دادوەری لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوە یەک نموونە بوو لە تیشکخستنەسەر مافەکانی مرۆڤ.

رووداو: دەمەوێت سەبارەت بە هەندێک پرسی نێوان بەغدا و هەولێر قسە بکەم. دادگەی فیدراڵیی عێراق چەند بڕیارێکی دژی هەرێمی کوردستانی عێراق دا، لە هەمان کاتدا حکومەتی عێراق هاوکاریی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان وەستاندووە. کورد بەردەوامن لە داواکردنی جێبەجێکردنی دەستوور، ئێوە دۆخەکە چۆن دەبینن؟

ئێرڤن هیکس: وەک دەزانی، شاندێک ئێستا لە واشنتنە، وەزیری دەرەوە، وەک پێشتر گوتم بەڕێوەبەرەکەم، باڵیۆز رۆمەناوسکی رۆڵێکی زۆر گرنگی گێڕاوە لە یارمەتیدانی بنیاتنانی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا. دەمەوێت بڵێم، ئەمە یەکەم شتی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە ئاڵنگارییەکانی وەکو بڕیاری دادگە. بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی ئەو سەردانەین، بەڵام ئێمە بەردەوام لە پشتی پەردەوە خەریکی هاندان و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش یان پەیوەندییەکی بنیاتنەرانەین. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە دەبینین شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئەم ئاڵنگارییانەی لە پێشمانن و، ئێمەش بەردەوام دەبین لە یارمەتیدانی گفتوگۆ بۆ چارسەرکردنی ئەم پرسە قورسانە.

رووداو: بەڕێز کۆنسوڵ، بەم دوواییانە بەهای دۆلاری ئەمریکی بەشێوەیەکی لەناکاو بەرزبووەوە کە بەشێوەیەکی نەرێنی کاری کردە سەر ئابووریی عێراق و کوردستان، خەڵکیش لەڕووی ئابوورییەوە ئازار دەچێژن، هیچ شتێکتان هەیە بەشی بکەی لەگەڵماندا لەوبارەوە؟

ئێرڤن هیکس: سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم، سەبارەت بە خستنەڕووی دۆلار، حکومەتی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق نییە. ئەو پرسەی ئێستا هاتووەتە ئاراوە بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو کاری لەسەر دەکرا. ئەوەی ئێستاش روودەدات ئەوەیە: چەند کەسێکی دیاریکراو و چەند هاوبەشێکی دیاریکراوی ناوچەیی هەن، چەند چالاکییەکی تاوانکاری دیاریکراو هەن کە سیستەمی بانکی بەکاردەهێنن بۆ سپیکردنەوەی پارە و لە رێگەی نایاسایی دیکە، ئەوەش زیان بە ئابووریی هەرێمی کوردستانی عێراق دەگەیێنێت. بۆیە ئەم پرۆسەیە لێرەدا بۆ ئەوەیە ئەم کەسانە وەدەربنرێن تاوەکو شەفافیەت هەبێت و، چالاکیی نایاسایی نەبێت کە لەلایەن سیستەمی بانکییەوە رێگەی پێنەدرابێت. ئێستا گفتوگۆی هەنووکەیی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئێمەدا هەن لەبارەی چۆنیەتی دانانی نەخشەڕێگەیەک، بە دانپێدانان بەوەی کە چەند ئاڵنگارییەکی هەنووکەیی سەبارەت بە خستنەڕووی دۆلار هەن. دەڵێم با چاوەڕێ بین و بزانین ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوە چ ئەنجامێکی دەبێت، بزانین ئەو پرۆسانە چی دەبن و بزانین چ گفتوگۆیەک کراوە.

بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم؛ ئەم پرۆسەیە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گفتوگۆی لەسەر دەکرا، بەهۆی ئەوەی هەندێک لایەنی تایبەتی لە ناوچەکە سیستەمی بانکییان بە خراپ بەکاردەهێنا بۆ ناردنی پارەی نایاسایی و زیانگەیاندن بە ئابووریی هەرێمی کوردستانی عێراق.

رووداو: وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەمریکا نیگەرانە لە ناردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و سووریا؟

ئێرڤن هیکس: ئاماژە بەوە دەدەم، ئەوانە بەشێک بوون لە گفتوگۆکان، بەڵام من چاوەڕێ دەکەم بزانم ئەنجامی گفتوگۆکان چی دەبن، بۆیە لەوە زیاتر قسەی لەسەر ناکەم.

رووداو: باشە. ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکان یارمەتی پێشکێش دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگەی لالش. ئەمریکا پاڵپشتی لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان دەکات بۆ شنگال، بەڵام وەزیرێکی پێشووی ئەمریکا، پێموابێت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو گوتی، هەندێک بەربەست لەبەردەم پرۆسەی گەڕانەوەدا هەن، چونکە هەندێک میلیشیا کە سەر بە ئێرانن یارمەتیدەر نین، بەربەست دەخەنە بەردەم پلانەکانمان. چیت هەیە لەمبارەوە؟

ئێرڤن هیکس: یەکەم شت وەکو باسمان کرد پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا خاڵی دەستپێکە بۆ ئەوەی رێککەوتنی شنگال بگەڕێندرێتەوە و وەکو یەکێک لە کارە لەپێشینەکان. زۆر کاری لەپێشینە هەن، زۆر ئاڵنگاری رووبەڕوومان دەبنەوە، چ لە بەغدا بن و چ لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو یاداشتی لێکگەیشتنەی ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە دروستمان کرد، بەشێکی زۆر گرنگە. ئەم پرۆسە بۆ ئەوەیە پێشمەرگەیەکی یەکگرتوو هەبێت. ئێستا یەکەی حەفتا و هەشتات هەیە و بۆ ئەوەی بتوانی بیانکەیە یەکەیەکی یەکگرتوو و کاریگەر. دەتوانم بڵێم [پێویستمان بە یەکەی] 150ـیە نەک 70 و 80، ئەوەش هێزێکی کاریگەر دەبێت بۆ وەدەرنانی ئەو میلیشیایانە، بۆ ئەوەی پارێزراوی و ئاسایش لەم ناوچانە هەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی گەڕانەوەی کەسانی ئاوارە و پەنابەر بۆ ماڵەکانیان، هەر بۆیە ئەم یاداشتی لێکگەیشتنەی پێشمەرگە بەشێکی زۆر گرنگە و ئێمە بەم دواییانە واژۆکردنی نێوان پارتی و یەکێتیمان هەبوو سەبارەت بە وردەکارییەکان کە لێکتێگەیشتنەکە بەرەوپێش دەبات. ئەوە یەک هەنگاوە و ئێمە چاومان لە بەرەوپێشچوونی زیاترە لەو بارەوە، چونکە ئەوە بەشێکی زۆر گرنگی مەتەڵە گشتییەکەیە، ئاوارە و پەنابەرانی وڵاتیش بەشێکن لەو مەتەڵە. بەڵام لەو ناوچانەی ئەمنییەت نییە، هەبوونی پێشمەرگەی کاریگەر و بەهێز و یەکگرتوو زۆر گرنگە بۆ ئەو پرۆسەیە.

رووداو: بەم دواییانە ئەڵمانیا تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکان بەجینۆساید ناساند، ئەمریکا هیچ پلانێکی لەو شێوەیەی هەیە؟ هیچ شتێک هەیە بۆ برەودان بەو بابەتە؟

ئێرڤن هیکس: ئێمە وەکو لە قسەکانمدا ئاماژەم پێدا، بەردەوام دەبین لە قەبارەی پاڵپشتیمان و بەردەوامین لە بەخشینی هاوکاری بە کۆمەڵگەی ئێزدی. سەردانەکەم بۆ لالش دوو مانگ پێش ئێستا، بووە هۆی پێدانی زانیاریی زیاتر لەسەر گرنگیی هەبوونی پێشمەرگەیەکی بەهێز لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکگەیشتن، بۆ هەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئێزدی کە هەست بە پارێزراوی بکات بۆ گەڕانەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی هاوکاریی سەرەکی لەبارەی کوالێتیی ژیان، لەو هاوکارییە مادییەی دەستەبەرمان کردووە. ئەمە زۆر گرنگە، کۆمەڵگەی ئێزدی ئازارێکی زۆری چەشتووە لە ئەنجامی هەوڵەکانی داعش بۆ جینۆساید و، ئێمە بەردەوام دەبین لە توانادارکردن و بەخشین بەو کۆمەڵگەیە. لە هەمان کاتدا چاوەڕێی دروستبوونی ئەم پێشمەرگە یەکگرتووە دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن هێزێکی بەهێزی وەهایان هەبێت کە هانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیە بدات بۆ گەڕانەوە.

رووداو: باشە، ئایا ئەمریکا هیچ نیگەرانییەکی هەیە لە بەهێزبوونی ئیسلامی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؟

ئێرڤن هیکس: ئەوەی من زۆر لە کارکردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چێژی لێ دەبینم، رێزی بێپایانە بۆ ئیسلام و نەریتەکەی، بەتایبەت بۆ قبووڵکردن و هەستی پێکەوەبوون. ئەوەی جێی نیگەرانی ئەمریکایە کەسەکانن، ئێمەش لە ئەمریکا لەو جۆرە کەسانەمان هەیە کە لێوانلێون لە رق و قبووڵنەکردن، ئەوانەی بەشوێن ئەوەوەن لۆمەی کەسانی دیکە بکەن، لەجیاتی ئەوەی ببنە بەشێک لە کۆمەڵگە. ئەوان کۆمەڵگە دابەش دەکەن، ئەمەش نیگەرانییە تایبەتەکەیە، رەنگە بە خۆیان نەڵێن داعش، بەڵام هەندێک لە گوتارەکانیان وەکو داعشە. بۆیە ئێمە وەکو کۆمەڵگە دەبێت دڵنیاببین لەوەی ئەم دەنگانە کاریگەر نابن و کۆمەڵگەی ئێمە ئاڵوودە ناکەن، لە کۆمەڵگەی جیهانی و لێرەش لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

رووداو: بەڕێز ئیرڤن هیکس خۆشحاڵ بووم بە قسەکردن لەگەڵ ئێوە، زۆر سوپاس.

ئێرڤن هیکس: سوپاس.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif