عێراق و ئێران پاسپۆرتى تایبەت بە زیارەتکاران دەردەکەن

ليست هناك تعليقات


عێراق و ئێران رێککەوتن لەبارەى دەرکردنى پاسپۆرتى تایبەت بە زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن کە ساڵانە لەو بۆنەیەدا سەردانى عێراق دەکەن. پاسپۆرتەکە نرخى هەرزانترە و خێراتر لە پاسپۆرتى دیکە چاپ دەکرێت.


رۆژی پێنجشەممە، 16ـى شوباتی 2023، سەید مەجید میر ئەحمەدى، جێگرى وەزیرى ناوخۆى کۆمارى ئیسلامیى ئێران بۆ کاروبارى ئاسایش رایگەیاند، لەگەڵ لایەنى عێراقى رێککەوتوون لەسەر دەرکردنى پاسپۆرتێکى تایبەت بە زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن.

ئەو لێدوانەى بەرپرسە ئێرانییەکە لە پەراوێزى دووەم کۆبوونەوەى گرووپى کارى هاوبەشى نێوان وڵاتەکەى بوو لەگەڵ عێراق کە لە شارى مەشهەد بەڕێوەدەچێت.

جێگرى وەزیرى ناوخۆى ئێران بۆ کاروبارى ئاسایش ئاماژەى بەوەدا، کە تایبەتمەندیى ئەو پاسپۆرتە نوێیە ئەوەیە کە نرخەکەى هەرزانە و خێرا چاپ دەکرێت.

رێوڕەسمی سەرەکیی چلەى ئیمام حوسێن لە شارى کەربەلا بەڕێوەدەچێت کە دەکاتە 40 رۆژ دواى کوژرانى ئەو ئیمامەى شیعەکان و ساڵانە رۆژەکەى دەگۆڕدرێت، ساڵى 2023 لە 9ـی مانگى ئەیلوول بەڕێوەدەچێت.

سەید مەجید میر ئەحمەدى ئاشکرایکرد، بڕیاردراوە بۆلەمەودوا زیارەتکارانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە دەروازەى چەزابەى سنوورى پارێزگاى میسانەوە سەردانى عێراق بکەن، کە پێشتر لەو رێگەیەوە سەردانیان نەدەکرد.

ساڵى 2022 زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتیى ئێران سەردانى عێراقیان کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکانى چلەى ئیمام حوسێن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif