رووسیا و سووریا و تورکیا کۆدەبنەوە

ليست هناك تعليقات

 


وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەڵێت، ئێستا کار بۆ کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی رووسیا، تورکیا و سووریا دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە، 26ـی شوباتی 2023، میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەوەی ئێستا لە ئەجێندا دایە، رێکخستنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەیە".

بۆگدانۆڤ گوتیشی: "چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و مەرجەکانی کۆبوونەوەکە تاوتوێ دەکرێن" بەبێ ئەوەی زانیاریی لەبارەی کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکات.

رۆژی 12ـی کانوونی دووەمی 2023، مەولوود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هیچ رێککەوتێکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا نییە، بەڵام گوتیشی کە کۆبوونەوەکە "بە زووترین کات" دەکرێت. کۆبوونەوەی لەوجۆرەش، بە نێوەندگیریی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا دەکرێت.

کۆبوونەوەیەکی لەو جۆرە دەبێتە باڵاترین کۆبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق لەو کاتەوەی شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011دا دەستیپێکردووە.

وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی 2022دا هەریەکە لە عەلی مەحموود عەباس، وەزیری بەرگریی سووریا و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بە نێوەندگیری سێرگی شویگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.

ئەوکات، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەبارەی کۆبوونەکەوە رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی تورکیا و سووریا بۆ یەکەمجار لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011، "هەنگاوێکی ئەرێنییە."

تورکیای ئەندامی ناتۆ، رۆڵێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریا بینیوە، پشتیوانی لە دژبەرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی وڵاتەکە دەکات و هێزە نزیکەکانیشی لە بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری سووریا جێگیرکردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif