ئەمریکا: ئێران دەتوانێت لە چەند هەفتەیەکدا پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیێنێتە 90٪

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا – CIA دەڵێت، ئێران هێشتا بڕیاری نەداوە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی لە بواری چەکسازیدا بەکاربهێنێت. دەشڵێت، ئەگەر ئێران بیەوێت "ئەو هێڵە ببەزێنێت" دەتوانێت پوختەکردنی یۆرانیۆمەکەی بگەیێنێتە 90٪.

رۆژی شەممە، 25ـی شوباتی 2023، ویلیام بێرنس، بەڕێوبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا – CIA لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی گوتی: "ئەوەندەی ئێمە بیزانین، پێمانوانییە [عەلی خامنەیی] رابەری باڵای ئێران بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆگرامی چەکسازیی [ئەتۆمی] دابێت کە پێمانوایە لە کۆتایی ساڵی 2003دا وەستاندبووی".

بێرنس گوتیشی، کە ئەوان وەکو ئەمریکا "هیچ بەڵگەیەک" لەوبارەیەوە نابینین، بەڵام باسی لەوەشکرد، ئاڵنگارییەکانی دیکە بەشێوەیەکی نیگەرانکەر بەڕێوەدەچن و "لە پرۆگرامی پوختەکردنی یۆرانیۆمدا زۆر بەرەوپێشەوە چوون، بەجۆرێک ئەگەر بیانەوێت ئەو هێڵە ببەزێنن، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا دەتوانن پوختەکردنەکە بگەیێننە 90٪".

بەڕێوەبەری گشتیی CIA لەبارەی ئەو مووشەکانەی کە دەتوانن چەکی ئەتۆمی هەڵبگرن، گوتی کە لە ئەگەری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمدا، ئەو مووشەکانەش "بەرەوپێشەوە چوون".

ئەوەش لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو، میدیای ئەمریکی لەسەر زاری دوو دیپلۆماتی باڵا بڵاویکردەوە، چاودێرە نێودەوڵەتییەکانی وزەی ئەتۆم لە ئێران "ئەوەیان بەدیکردووە کە پوختەکردنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ئاستێکی نزیک لە گەیشتن بەو ئاستەی کە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم پێویستە."

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هەوڵدەدات روونی بکاتەوە کە چۆن "ئێران گەیشتووەتە پوختەکردنی 84%ـی یۆرانیۆمەکەی"، ئەوەش بەرزترین ئاستە تاوەکو ئێستا پشکنەرەکانی وزەی ئەتۆم دۆزیبێتیانەوە.

بەوپێیەش بێت، ئێران ئێستا تەنیا 6%ـی زیاتر پوختەکردنی یۆرانیۆمی پێویستە بۆ ئەوەی چەکی ئەتۆم دروستبکات.

لە تشرینی دووەمی 2022دا ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە وێستگەی فۆردۆ دەستی بە پوختەکردنی یۆرانیۆمەکەی بە رێژەی 60% کردووە.

بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران لە بەشێکی وێستگە ئەتۆمییەکانی دیکەیدا رێژەی پوختەکردنی یۆرانیۆمی گەیاندووەتە 60%، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە بۆ دەستکەوتنی چەکی ئەتۆم، پێویست دەکات رێژەکە بگەیێندرێتە 90%.

لە ساڵی 2015دا ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی جیهان رێککەوتنێکیان لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران واژۆ کرد. وڵاتە بەشدارەکان بریتی بوون لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەگەڵ ئەڵمانیا کە بە وڵاتانی 5+1 ناسراون. یەكێتیی ئەوروپاش بەشداریی لە رێککەوتنەکەدا کرد. رێککەوتنەکە لە مانگی کانوونی دووەمی 2016 چووە واری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام کشانەوەی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و سەپاندنەوەی سزا ئابوورییە سەختەکان وایکرد، ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری رێککەوتنەکە ببێت و لە بەرامبەریشدا پەرە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بداتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif