بە فەرمانی جۆ بایدن بۆریی نۆرد ستریم 2ی رووسیا تەقێندراوەتەوە

ليست هناك تعليقات



ئەمریکا بە تووندی راپۆرتی رۆژنامەڤانێکی لێکۆڵەر رەتدەکاتەوە کە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بە هێرشکردنە سەر بۆریی گازی نۆرد ستریم 2ی رووسیا لە ساڵی رابردوودا تۆمەتبار دەکات.

رۆژی چوارشەممە 08-02-2023 سایمۆر هێرش، رۆژنامەڤانی لێکۆڵەری ئەمریکی لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ماڵپەڕی سەبستاک لێکۆڵینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزی دەریایی ئەمریکا لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا بۆمبی بە بۆرییەکانی نۆرد ستریمەوە بەستووە و سێ مانگ دواتر بۆمبەکانی تەقاندوونەتەوە.

هەمان رۆژ، ئادریان واتسن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئەو راپۆرتەی سایمۆر بە هێرشی "تەواو بێ مانا" ناوبرد. ئاژانسێکی ناوەندیی هەواڵگریی ئەمریکاش پشتگیری لە بەدرۆخستنەوەکەی کۆشکی سپی کرد و راپۆرتەکەی بە "هەڵەیەکی زەق و تەواو" ناوبرد.

هێرش لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، گوایە "وەزارەتی دەرەوەی نەرویج هاوکاریی ئەمریکای کردبێت لە دانانی بۆمبەکاندا". لەوبارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی نەرویج دەڵێت، "ئەو دەنگۆیانە هەڵەن."

ئەو تۆمەتەی رۆژنامەڤانە ئەمریکییەکە دەیداتە پاڵ ئەمریکا و نەرویج لە کاتێکدایە، وڵاتانی رۆژئاوا لە ئەیلوولی رابردوودا رووسیایان بە ئەنجامدانی کردەکە تۆمەتبار کرد، تاوەکو گاز بۆ ئەوروپا نەنێرێت. هاوکات بە جەنگی وزەی رووسیا بەرامبەر تەواوی ئەوروپا ناوزەندیان کرد؛ بەڵام سوێد، دانیمارک و ئەڵمانیاش لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە کردووە و تۆمەتیان نەداوەتە پاڵ هیچ وڵات و لایەنێک.

سایمۆر هێرش دەڵێت، بڕیاری تەقاندنەوەی بۆریی گازی نۆرد ستریم 2، کە لە رووسیاوە گازی بۆ ئەڵمانیا پێدا دەڕۆشت، لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە دەرکراوە و ویستوویەتی لەو رێگەیەوە رێگە لە رووسیا بگرێت لە دەستگەیشتنی بە ملیاران دۆلار لە رێگەی فرۆشتنی گازی سرووشتییەوە.

ئەو رۆژنامەڤانە لێکۆڵەرە دەڵێت، ئەمریکا پێیوابووە مانەوەی ئەو بۆرییە گازانە لە کاردا، هەژموونێکی بەهێزتری رووسیا بەسەر ئەوروپادا دروستدەکات و وادەکات وڵاتانی ئەوروپا لە هاریکاریکردنی ئۆکراینا دەست بپارێزن، تاوەکو رووسیا بۆرییەکانی نۆرد ستریم وەکو کارتی گوشار لە دژیان بەکارنەهێنێت.

دوو هەفتە پێش دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 24ی شووباتی 2022، جۆ بایدن بە ئاشکرا لە گوتارێکیدا گوتی، ئەگەر رووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا، ئەمریکا رێگە نادات بۆریی گازی نۆرد ستریمی 2 بکەوێتە کار.

هێرش دەڵێت، بیرۆکەی تەقاندنەوەی ئەو بۆرییە گازیانە لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی نێوان جۆ بایدن و راوێژکارانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا هاتووەتە بەر باس، کە باسیان لەوە کردووە دەبێت وەڵامی ئەمریکا چۆن بێت ئەگەر رووسیا ئۆکراینا داگیر بکات.

رۆژنامەڤانەکە دەڵێت، دیزاینی هێرشەکە دەزگای CIAی ئەمریکا دایناوە لەژێر سێبەری مانۆڕی ناتۆدا لە حوزەیرانی 2022 بۆمبەکان لە نێو دەریای بالتیکدا بەستراونەتەوە بە بۆرییەکانی نۆرد ستریمەوە و بۆ ئەو کارەش نەرویج هاریکاریی ئەمریکای کردووە.

لەدوای رووداوەکە، زۆربەی گومانەکان چوونە سەر ژمارەیەک وڵات، لەوانە: رووسیا، ئەڵمانیا، ئۆکراینا، پۆڵەندا، بەریتانیا و ئەمریکا. وڵاتانی رۆژئاوا دەستی تۆمەتیان بۆ رووسیا راکێشا و هەرچی رووسیاشە بەریتانیا و ئەمریکای بە ئەنجامدانی کردەکە تۆمەتبار کرد.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif