هەڤاڵ ئەبوبکر: لە وڵاتی غانا :خواستێکی زۆر بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەیە

ليست هناك تعليقات



پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، کە لە سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ وەفدێکی ئیداری شاری سلێمانی بۆ ماوەی هەفتەیەک سەردانی وڵاتی غانای کرد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە ئامانج لە سەردانەکە دروستکردنی پەیوەندی کلتوری و دیالۆگی هاوبەش بوو لە نێوان سلێمانی وڵاتی غانادا.
هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند،"ئاکای پایتەختی غانا لە یونسکۆ شاری داهێنەری کتێبە، وە سلێمانیش شاری داهێنەری ئەدەبە. بۆیە لەگەڵ پارێزگاری ئەو شارە پێمان باش بوو پەیوەندی هاوبەشمان هەبێت."

بە وتەی دکتۆر هەڤاڵ ئێستا لە غانا خواستێکی زۆر بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەیە و بۆ ئەمەش ئەو کوردانەی چوونەتەوە ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، " کوردانی ئێمە بە سوپاسەوە توانیویانە ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە کردنەوەی خوێندنگاکانی ئەواندا، چونکە ئەوان لە قۆناغی سەرەتا تا زانکۆ خوێندنیان بە پارەیە. بەڵام کوردەکان توانیویانە قوتابخانە دروست بکەن و بەشێکی ئەو خەڵکە بێ بەرامبەر دەخوێنن، وە زمانی کوردی لە هەندێک لە خوێندنگەکان، دەڵێنەوە، وە خواستێکی زۆر هەیە بۆ فێربوونی زمانی کوردی، چونکە بەشێکی زۆریان لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن."

سەردانەکەی پارێزگاری سلێمانی پرسیاری لای بەشێک لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردبوو بەوەی کە دەبێت مەبەستی سەردانەکە لەم کاتەدا چێ بێت بۆ ئەو وڵاتە، لەبەر ئەوەی غانا وەک وڵاتێکی هەژار بە چەندین قەیران و کێشەی ناوخۆییدا تێدەپەڕێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی دا کە غانا لە ئێستادا وڵاتێكی گەشەسەندووە و هەروەها ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی ئەو وڵاتە لە شاری سلێمانی کار دەکەن. پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند کە سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە لەسەر بانگهێشتی ڕێكخراوی (دیالۆگ و کلتور) بووە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی،" ئەم وڵاتە گەشەیەکی زیاتری کردووە لە چاو وڵاتانی تری دەوروبەری، وە خەڵکێکی زۆریان لە کوردستان کار دەکەن و کەلتوری ئێمەیان بردۆتەوە ئەو وڵاتە، وە ژمارەیەک لە خەڵکی خۆمان لە شاری سلێمانی ڕۆشتوون لەوێ لە کەرتی پەروەردەی ئەو وڵاتە کار دەکەن، وە خوێندنگەی زۆر باشیان کردۆتەوە و بوون بە جێگەی سەرنجی هەموو دامودەزگاکان و وڵاتەکە، بۆیە ڕێکخراوەکە پێیان باش بوو، ئەم وەفدە سەردانی ئەو وڵاتە بکات."

لە پرسیاری ئەوەی ئایە هەرێمی کوردستان دەکرێت سوود لە ئەزمونی غانا وەربگرێت یان بە پێچەوانەوە، دکتۆر هەڤاڵ دەڵێت" مەبەست لە سەردانەکە کاری هاوبەشە نەک زاڵكردنی ئەزمونی شوێنێک بەسەر شوێنەکەی تردا."

لە ڕووی پێکەوە ژیان و پیادەی دیموکراسیەوە، پارێزگار پێی وایە، " لە غانادا یەکتر قبوڵکردنێکی باش هەیەو تا ڕادەیەک سیستەم دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات هەیە، بۆیە بەشداری دیداری ئاینە جیاوازەکانمان کرد لەو وڵاتەدا."

بۆ وەفدەکەی شاری سلێمانی غانا ئەزمونێکی جیاواز بووە و چونکە هەم سیستەم و هەم بیرکردنەوەی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە نوێ بووە.

وەفدەکەی ئیدارەی سلێمانی لە 7 کەس پێک هاتبوو، وە بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەکەی لەو وڵاتە مابوونەوە و لە ئێستاشدا گەڕاونەتەوە بۆ شاری سلێمانی.








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif