تەنها لە نۆ ساڵدا ٨٠٠ کتێبی لەسەر ئەرکی خۆی چاپکردوە

ليست هناك تعليقات


سەرمایەدارێکی شاری سلێمانی دوو ملیۆن دۆلار بۆ چاپکردنی ٨٠٠ ناونیشانی کتێب تەرخان دەکات هاوڵاتی دکتۆر تەها ڕەسوڵ، دامەزرێنەری دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان و یەکێک لە کەسایەتیە دیارەکانی شاری سلێمانیە کە لەماوەی ساڵانی ٢٠١٣ تاوەکوو ئێستا نزیکەی ٨٠٠ ناونیشانی کتێبی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ کردووە؛ وەک خۆی دەڵێت ئامانجی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەیە کە لە کتێبخانەی کوردیدا هەیە.

ئەو کتێبانەی کە دکتۆر تەها گرنگیەکی زۆری پێداون، کتێبە پەروەردەیی و فەلسەفی، جینۆساید و بوارە ئەدەبی وجوگرافیەکانن.

پۆستتراومای منداڵان وجەنگ وتیرۆ، کوردستان وعێراق: ململانێی ناوخۆیی و ئایندەی سیاسی، تورکیا وهەرێمی کوردستان: چ جۆرە پەیوەندیەک؟، کوردستان و کورد لەسەدەکانی ناوەڕاست، بە کۆمەڵایەتی کردن وگەشەی منداڵان، کورد لە دیدی سویدیەکانەوە، وانەکانی ژیانم لە نوسینی دکتۆر عەلی وەردی؛ ئەمانە بەشێکی ئەو کتێبانەن کە تەها ڕەسوڵ وەک سەرمایەداریک وڕۆشنبیرێکی شاری سلێمانی ئەرکی چاپکردنیانی لە ئەستۆ گرتووە.

دکتۆر تەها رەسول لە بارەی کارەکانیەوە دەڵێت، چاومان لەوەیە کە خوێنەرمان کەمە، من ئەوە دەبینم کە کتێبەکان ناکڕدرێن و ناخوێندرێنەوە، هەربۆیە جگە لە چاپکردنی زۆرترین کتێب، سەدان هەزار کتێبم لەچەندین چالاکیدا دابەش کردووە بەسەر ناوەندەکاندا وەک هەوڵێک بۆ هاندانی چین و تویژە جیاوازەکان بۆ خوێندنەوە.

من ئەمە بە ئەرکێکی خۆم دەبینم و وەک قەرزێک دەیبینم کە دەیدەمەوە بە نیشتیمان، دکتۆر تەها لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەی هاوڵاتیدا بەمجۆرە دوا لەبارەی کارەکانیەوە. لەمیانەی لێدوانەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی دکتۆر تەها وتی، زۆربەی ئەو کتێبانەی کە چاپم کردوون بەناوی دەزگای جەمال عیرفان، کەریمی عەلەکە، کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەچاپ گەێندراون، هەروەها تێچووی چاپکردنیان زیاتر لە ٢ ملیۆن دۆلار بووە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئایا چۆن وەک سەرمایەدارێک بواری فکر و ڕۆشنبیری هەڵبژاردووە کە سەرمایەیی خۆی بۆ تەرخان بکات، دکتۆر تەها وتی: بەڕای من مەعریفە وحەزی خویندنەوە شتێکە دەبێت لە مرۆڤەکە خۆیدا هەبێت، منیش عەشقێکی زۆرم بۆ ڕۆشنبیری وخوێندنەوە وایلێکردووم بەم ئەرکە هەستم، بۆیە پێموایە هەموو کەسێک بۆ ئەوەی دەست بداتە کارێکی لەم جۆرە جا سەرمایەدار بێت یان هەر کەسێکی دیکە، دەبێت لە بنەڕەتدا خۆی حەز وخولیایەکی زۆری بۆ خویندنەوە هەبێت.

دکتۆر تەها لە درێژەی قسەکانیدا کە بۆچی بەشێکی زۆری کتیبەکانی کاری لەسەر کردوون لە بوارەکانی فیکری، پەروەردەیی، جینۆسایدن، وتی: بوونی کەلێنێکی گەورەی پەوەردەیی لە کتێبخانەکاندا، ئەو ژان وناسۆر وئەنفال و سەرکوتکاریەی سەر کورد کە بوونی هەیە و لە مێژووشدا ڕوویداوە ، بوونی ئەو بۆشاییە گەورەیە لەبواری فکری ناو کۆمەڵگە کە دەیبینین، هانی داوم زۆربەی کارەکانم لەسەر ئەو بوارانە چڕ بکەمەوە. وەک دەبینی کوردیش خاوەنی میژوویەکی تراژیدیە وەک ئەرمەنەکان و جولەکەکان کە لە جیهاندا کۆمەڵکوژ کراون، هەربۆیە پێموایە ئەرکی سەرشانمانە کاری جدیان لەسەر بکەم. ئەمانە گەورەترین کاریگەریان هەبووە لەسەرم، هەر ئەمەش هۆکاربووە کە تەنها لە بواری جینۆساید نزیکەی ٨٧ کتێب چاپ بکەم.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif