ئیمارات دەیەوێت دەستی کاری نێوخۆیی لە کەرتی تایبەت زیاد بکات

ليست هناك تعليقات



زۆربەی ئەوانەی لە پڕۆژەکانی ئیمارات کار دەکەن بیانین، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە نیازی راگەیاندنی ژمارەیەک هەلی کاری بۆ خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکە هەیە.

رۆژی چوارشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2022، خەلیفە سوەیدی، توێژەری ئیماراتی کە فەرمانبەری حکومی بوو و، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی لە کار کێشایەوە، گوتی، "ئێستا خەڵکێکی زۆرمان هەن کە خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن و ئەم کەسانەش لە کەرتی حکومی جێگەیان نابێتەوە، ئێمە گەیشتووینەتە خاڵێک کە فرە چەشنی لە رووی هێزی کارەوە لەنێو ئیماراتییەکان دروستبووە."

ئەمە لە کاتێکدایە، حکومەتی ئیمارات کەرتی حکومی بۆ بەخشینی هەلی کار بۆ ئیماراتییەکان تەرخانکردووە و کەرتی تایبەتیشی بە کرێکاری بیانی پڕکردووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی کرێکارانی نێودەوڵەتی، تەنیا 12٪ـی دانیشتووانی ئیمارات لە کۆی 9 ملیۆن دانیشتووی، خەڵکی رەسەنی وڵاتەکەن و زیاتر لە 90٪ـی ئەو کەسانەی کە لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، بیانین.

سوەیدی کە نووسەری کتێبێکە بە ناوی "ئیماراتی عەرەبی دوای بەهاری عەرەبی" ئاماژەی بەوە داوە، ئەو سیڤی بۆ خاوەنکارەکان ناردووە، بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئیماراتە، رەتیانکردووەتەوە کاری بدەنێ. بە گوتەی خۆی، خاوەن کارەکان پێیانوایە ئیماراتییەکان پارەی زیاتر داوا دەکەن. گوتیشی: "کەرتی تایبەت پێویستە چاکبکرێت، ماوەیەکی زۆر من سیڤی دەنێرم و وەڵامم نادرێتەوە."

گوشارەکان

ئێستا حکومەتی ئیمارات ئامانجیەتی هێزی کاری ئیماراتی لە کەرتی تایبەتی وڵاتەکە زیادبکات، ئامانجەکە ئەوەیە تاوەکو ساڵی 2026، 10٪ـی هێزی کاری کەرتی تایبەت بدرێتە ئیماراتییەکان.

لە ساڵی نوێوە، کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە کۆی 50 کرێکار، ئەگەر 2٪ـی ئیماراتی نەبێت، دەبێت باج بدەنە حکومەت. ئەمەش ژمارەیەک هەلی کاری زۆری لەنێوخۆی وڵاتەکە راگەیاندووە و هەندێک کۆمپانیاش کارمەندیان دەستناکەوێت.

حەمزە زوەیلی، بەرپرسی ئاژانسی دامەزرانی ئیریس رایگەیاند: "ئەوە جووڵەیەکی قورس دەبێت، بەڵام مەحاڵ نییە بۆ حکومەت، رێگە دروستەکە ئەوەیە کە ئابووریی ئیمارات پشت بە هێزی کاری ئیماراتی ببەستێت."

لە مانگی تشرینی دووەمدا، عەبدولڕەحمان عەوار، وەزیری سەرچاوە مرۆییەکانی ئیمارات رایگەیاند، 14 هەزار ئیماراتی لە ساڵی 2022دا لە کەرتی تایبەت کاریان دەستکەوتووە. حکومەتی ئیماراتیش بڕی 1,900 دۆلار وەکو پشتیوانی دەداتە ئەو کەسانەی، کە مووچەکەیان لە 8,116 دۆلار کەمترە لە مانگێکدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئیماراتی عەرەبی لە 10 دەوڵەمەنترین وڵاتەکانی جیهانە. بە گوێرەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2022دا، تێکڕای داهاتی تاک 47 هەزار دۆلار بووە کە لە بەریتانیا و فەرەنسا بەرزترە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif