بەریتانیا هاوکاریی دارایی دەداتە کەمدەرامەتەکان

ليست هناك تعليقات


حکومەتی بەریتانیا یارمەتیی دارایی دەداتە ئەو خێزانانەی کە داهاتی کەمیان هەیە، بەجۆرێک هەر خێزانێک لە ساڵێکی داراییدا 900 پاوەند وەردەگرێت و، بڕیارەکە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.

رۆژی سێشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2022، وەزارەتی کار و کاروباری خانەنشینان رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە، کە دەکاتە 1,084 دۆلاری ئەمریکی بە نرخی ئێستا، بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەچێتە سەر هەژماری بانکیی سوودمەندان بە درێژایی ساڵی دارایی.

ئەو پڕۆژەیە، سەرەتا لە گوتاری پاییزەی جێرێمی هەنت، وەزیری دارایی بەریتانیاوە خرایەڕوو لەکاتێکدا رێژەی باجدان لە بەرزبوونەوەدا بوو، ئەوکات حکومەت وردەکاری لەبارەی پلانەکەوە نەخستەڕوو.

بەگوێرەی وەزارەتی کار و کاروباری خانەنشینان، هاوکاریی دارایی دەدرێتە سەروو شەش ملیۆن کەسی نڤیشکان، بەجۆرێک هەر کەسێک 150 پاوەندی پێدەدرێت. هاوکات، هاوکاریی دارایی بە بڕی 300 پاوەند دەدرێتە 8 ملیۆن مووچەخۆری خانەنشین.

ئەو پڕۆگرامی هاوکارییە لەدوای ئەوە دێت کە ساڵی رابردووش حکومەتی بەریتانیا هاوکاریی دارایی بە بڕی 1,200 پاوەند پێشکێشی ئەو خێزانانە کرد کە داهاتیان کەمە.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەرزبوونەوەی نرخ هەموو ناوچەی یۆرۆ و بەریتانیاشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک، بەراورد بە پار، رێژەی هەڵاوسان لە ناوچەی یۆرۆ 10.1٪ بەرزبووەتەوە. لە بەریتانیا کە لە ساڵی 2020 لە یەکێتیی ئەوروپا دەرچوو، رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 10.7٪.

بەگوێرەی دامەزراوەی دژە هەژاری لە بەریتانیا، سەروو سێ ملیۆن خێزان لە وڵاتەکەدا ناتوانن پارەی گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان بدەن. لەنێویدا، 710 هەزار خێزان ناتوانن خۆراک و پۆشاکی پێویست بکڕن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif