دە ملیۆن عێراقی هەژارن

ليست هناك تعليقات


سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ساڵی 2024 سیستمی بیمەی تەندروستی جێبەجێدەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە 62 تریلیۆن دینار بە مووچەی مووچەخۆران دەدرێت؛ گوتیشی، 10 ملیۆن هاووڵاتی عێراقی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.

رۆژی سێشەممە 3-1-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوای یەکەم کۆبوونەوەی ساڵی 2023ـی کابینەکەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا کە ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویش ئامادەی بوو، تیشکی سەر ژمارەیەک پرس و گوتی: "لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023 بایەخی زیاترمان بە کەرتی تەندروستی داوە بۆ ئەوەی دابینکردنی دەرمان لە نەخۆشخانە حکومییەکان 100٪ بێت. بەداخەوە کە دەچیتە نەخۆشخانەیەک لە هاووڵاتی دەپرسیت و پێت دەڵێت، 40٪ بۆ 50٪ـی دەرمان لە دەرەوەی نەخۆشخانە دەکڕێت. ئەمە شتێکە نابێت رووبدات. نابێت باری شانی هاووڵاتی گران بکرێت و ناچاربکرێت بچێتە وڵاتانی دراوسێ بۆ چارەسەر."

لەبارەی کەرتی کارەباش، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "هاوینی داهاتوو لە هەموو ساڵانی دیکە جیاوازتر دەبێت لەدابینکردنی کارەبا. هەموو دەسەڵاتێك دراوەتە وەزارەتی کارەبا بۆ گرێبەستکردن و کۆتاییهێنان بە خراپیی وزەی کارەبا کە بەهۆی گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردنی پێشووەوە بووە."

هەروەها لەبارەی دۆسییەی بەقاچاخبردنی نەوتیش، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "49 کەس کە زۆرینەیان لە دەزگا ئەمنییەکانن لە دۆسییەی بەقاچاخبردنی نەوت تێوەگلاون و دەستگیرکراون، ئەوەش وایکردووە بەقاچاخبردنی نەوت لەدوای چەندین کردەی دەستبەسەرداگرتن و دەستگیرکردن کەم ببێتەوە."

تایبەت بە دۆسییەی ئاوارەکانی شەڕی داعش، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، حکومەتەکەی پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بەو دۆسییە و گەڕاندنەوەی هەموو ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

لەبارەی گێڕانەوەی پارە دزراوەکەی ناسراو بە "دزینی سەدە" کە تێیدا نزیکەی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لەسەردەمی حکومەتی پێشووی عێراق بەسەرۆکایەتیی مستەفا کازمی لەپارەی سپاردەکانی باجەکان دزرا، سوودانی گوتی: "هێشتا کارکردن لەگەڵ دادگە لەمبارەیەوە بۆ گیڕانەوەی پارەکە بەردەوامە؛ هەروەها گشتاندنێکمان داوەتە ئینتەرپووڵ بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی داواکراون لە وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی رادەستی عێراق بکرێنەوە."

هەر لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق وەڵامی پرسیاری ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیاری ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە رایگەیاند: "حکومەت رژدە لەپشتبەستن بە بڕیاری مامەڵەکردن لەگەڵ ھەڵەبجە وەکو پارێزگایەکی عێراقی، چونکە ھەڵەبجە شیاوی زۆر شتە بۆی بکەین و لەسەرمان ئەرکە پشتیوانی بکەین و پشتیوانی دانیشتووانەکەی بکەین ئەوانە قوربانییان دا و خوێنی زۆریان بەخشی، لەقۆناخی داھاتوو کار لەسەر ئەو بڕیارە دەکەین."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif