دەمیرتاش: لەسەر بەربژێرێكی هاوبەش رێکنەکەون کارەسات دەبێت

ليست هناك تعليقات


سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و داوا لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەکات لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون "ئەگەر نا کارەسات روودەدات."

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە، لە گوتارێكدا بە ناونیشانی "ساڵی نوێ گۆڕانکاری گەورە" کە ئەمڕۆ سێشەممە 3ی کانوونی دووەم بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەداوە، حکومەت دەتوانێت "هەموو شتێک" بکات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا نەدۆڕێ، بە گوتنی "ماسییەکی نوقمبوو بە لاری دەڕوات، هەرگیز درێخی ناکەن لەوەی تاوانی نوێ بۆ تاوانەکانیان زیاد بکەن."

دەمیرتاش هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان کردووە و دەڵێت: "27 پارت بەشداری لە ھەڵبژاردندا دەکەن، پێنجیان لە بەرەی دەسەڵاتدان، 22یان لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن. ئەو 22 پارتەی ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر ھەمووشیان نەبن، بۆ نموونە لە کۆی 22 پارتی ئۆپۆزیسیۆن زۆربەیان بە مانیفێستێکی دیموکراسی 10 خاڵی و یەک لاپەڕەیی ئایا دەتوانن لەسەر یەک بەربژێر یەکبگرن؟ ئەگەر نەتوانن ئەوە بکەن، کارەسات دەبێت."

دەمیرتاش رۆژی دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2023 رایگەیاند کە بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە و ئاماژەی بەوەدا بە ناوی حزب و بەربژێرەوە هەڵمەتی بانگەشەی دەستپێنەکردووە.

سەلاحەدین دەمیرتاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر کە پارێزەرەکانی بەکاریدەهێنن بە گوتنی "دەستپێدەکەین" ئاماژەی بەوەدا، "یەکەم رۆژی دەوامی ساڵی نوێیە. سڵاوێکی گەورە و دڵسۆزانە بۆ هەمووتان. ساڵێکی قازانجبەخش بێت لە رووی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی. لە کاتێکدا کە کۆریدۆرەکانی سیاسەت ئامادەکاری بۆ هاوپەیمانی و بەربژێر و لیست و بەرنامە دەکەن، ئێمەش لەگەڵ ئێوە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانمان دەستپێدەکەین."

هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتیی تورکیا بڕیارە لە 18ـی حوزەیرانی 2023دا بکرێت. هیچ پارتێکی سیاسی لە تورکیا بە تەنیا و بەبێ هاوپەیمانی چانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا نییە.

ئاکپارتی و مەهەپە هاوپەیمانیی جمهووریان پێکهێناوە؛ جەهەپە و ئیی پارتیش کە هاوپەیمانی میللەتیان پێکهێناوە لەگەڵ 4 پارتی دیکەدا لە گفتوگۆدان بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانییەکەیان.

هەرچی هەدەپەیە لە دەرەوەی ئەو دوو هاوپەیمانییە ماوەتەوە و بەجیا لەگەڵ پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان لە تورکیا و لەگەڵ پارتە کوردستانییەکان لە باکووری کوردستان دوو هاوپەیمانی پێکهێناوە.

راپرسییەکان دەریدەخەن لەو هەڵبژاردنەدا دەنگدەری کورد رۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif