رکابەرایەتی

ليست هناك تعليقات


بڵێسە جبار فرمان
-
رکابەرایەتی و پێشبڕکێ (مونافەسە) یەکێکە لە خەسڵەتی مرۆڤەکان. مرۆڤەکان بەگشتی حەز ئەکەن لەوانەی تر باشتربن و دەرکەوتووتربن.

بەسروشت حەزی باشتربوون و کێبڕکێ لە پیاودا زیاتر بەرجەستەیە تا لە ژن دا. لە دێرزەمانەوە پیاوەکان ھەوڵیان داوە بە زۆرانبازی و ئەسپ سەواری و تیرھاویشتن و چەندەھا شێوازی تری جیاواز بەسەر ئەوانەی تردا سەرکەون و براوەبن.
لە زۆرێک لە بوارەکاندا پێشبڕکێ سودی زۆری ھەیەو ھاندانێکە بۆ زیاتر خۆ ماندووکردن و پێشکەوتنی تاکەکان.

پێشبڕکێ یەکێکە لەو بابەتانەی لە قورئانی پیرۆزو فەرمودەکانی پێغەمبەریش دا ھاتووەو بە خەسڵەتێکی باش ناودەھێنرێت و لەھەمان کاتیشدا لە خراپ بەکارھێنانی ھۆشیاری دەدرێت.
لە ئایەتەکانی قورئاندا ھاتوە هانی کێبڕکێ دەدات لە کردەوەی چاک و گوێڕایەڵیدا (وَفِي ذَلِكَ فَلْيَتَنَافَسِ الْمُتَنَافِسُونَ).
پێغەمبەری خواش لە زۆر بارودۆخ دا شێوازی کێبڕکێی بەکارهێناوە بۆ هاندانی کاری چاکە، بەڵام ھۆشیاری داوە لەوەی پێشبرکێ ببێتە ھۆکاری خۆبەزل زانین و غرور بەمەش دەبێتە ململانێیەکی ناتەندروست.
پێغەمبەری خوا دەفەرموێ: (إِيَّاكُمْ وَالظَّنَّ، فَإِنَّ الظَّنَّ أَكْذَبُ الْحَدِيثِ، وَلَا تَحَسَّسُوا، وَلَا تَجَسَّسُوا، وَلَا تَنَافَسُوا، وَلَا تَحَاسَدُوا، وَلَا تَبَاغَضُوا، وَلَا تَدَابَرُوا، وَكُونُوا عِبَادَ اللهِ إِخْوَانًا).
مونافەسە بێجگە لە نێوان تاکی مرۆڤەکان دا، لە نێوان خێڵ و دەڤەر و شارەکان و وڵاتەکانیش دا ھەیە.
ساڵانێکی زۆر پێشبرکێیەکی توند لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێتیدا ھەبوو لە چونە سەرمانگ و دروست کردنی مانگی دەست کرد. دروست کردنی چەکی بایەلۆجی و بوون بە بەھێزترین وڵاتی جیھان و لە بەڕێوەبردنی سیاسەت و ئابوری لە جیھان.
ئەم کێبڕکێیە ئەوەندە توند بوو کە بە جەنگی سارد و جەنگی جیھانی سێیەم ناودەبرا.

ھەروەھا مونافەسەیەکی توند ھەیە لە نێوان وڵاتانی جیھان دا لە رووی دروستکردنی چەکی پێشکەوتوو و بەھێزکردنی وڵاتەکانیان لە رووی سەربازیەوەو بەکارھێنانی وڵاتانی تر وەک گۆڕەپانی جەنگی خۆیان.
پێشبرکێ و مونافەسە ھندستان و پاکستانی کردە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و حیساب بۆ کراو لەلایەن وڵاتانی دونیاوە.

واتا پێشبڕکێ لە نێوان مرۆڤەکان و خێڵ و وڵاتەکان دا ھەمیشە بوونی ھەبووە. ئەو پێشبرکێیە دەکرێت باش و بەسودبێت ھاندان بێت بۆ بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی و دەکرێت خراپ و تێکدەربێت و، ببێتە ھۆی دروست کردنی ترازان و ئاژاوە.
لە ھەرکام لەو روانەوە تەماشای بکەین واتا پێشبرکێی باش یان خراپ بۆتە ھۆی بەھێزکردنی وڵاتەکان.
گەر تەماشایەکی ھەرێمی کوردستان بکەین ئەوا دەبینین کە مەنافەسەیەکی توند لە نێوان شارەکان دا ھەیە. ھەر شارەو خۆی بە باشترو کراوەترو پێشکەوتوتر دەزانێت لە شارەکەی تر. بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە ھیچیان ھیچ ناکەن بۆ باشتر بوون لەوەی تر بەڵکو تەنھا بە دوای بابەتێک دا دەگەڕێن بۆ ناشرین کردنی یەکتری و بەوەش خۆ بە باشتر زانین. خۆ باش زانین لەسەر حسابی ناشرینکردنی ئەوی تر، یاخود جوانی خۆی لە ناشرینی ئەوی تردا ببینێت.
ئەم لۆجیکە روونی دەکاتەوە ھیچ داھێنانێکیان نیە کە ببێتە ھۆی بردنەوەو پێشکەوتنیان لە شارەکەی تر. ئەوەی ھەیانە ناشرین کردنی یەکتریە، بێئاگا لەوەی بەو شێوەیە کۆمەڵگای کوردی و ھەرێمەکە ناشرین دەکەن. خۆیانیش لەناو ئەو چوارچێوەیەدا ناشرین دەردەکەون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif