شازادە هاری نهێنییەکانی نێو خێزانی شاهانەی بەریتانیا دەدرکێنێت

ليست هناك تعليقات



شازادە هاری دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەک جار گریاوە، ئەویش لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی دایکی بووە، دواتریش هەرچەندە هەوڵیداوە بگری، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی خواردنەوەی کحولی و ماددەی هۆشبەرەوە نەیتوانیوە. میدیای بەریتانییش بە "بەشێک لەو نەهامەتییە" دەزانێت کە بەسەر دایکیدا هاتووە.

لەمیانی هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی "60 خولەکی" کەناڵی "CBS News"ی ئەمریکی، شازادە هاری، شازادەی سەسێکس، شازادەی دەستبەرداربووی خێزانی شاهانەی بەریتانیا چەندین نهێنیی ژیانی خۆی باس دەکات و باسیش لە کتێبە نوێیەکەی دەکات. لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەیدا تووڕەیی خۆی لە میدیای وڵاتەکەی دەردەبڕێت و دەڵێت، "بەشێکە لەو نەهامەتییەی بەسەر دایکمدا هاتووە،" بۆ دەربازبوون لەو تووڕەییەش وەکو خۆی دەڵێت، پەنای بردووەتە بەر ماددەی هۆشبەر.

لەبارەی هاوسەرگیریی باوکی لەگەڵ هاوژینی ئێستای (کامیلا)، کە ئێستا هاوتای شاژنە، شازادە هاری ئەوەی خستەڕوو کە لەگەڵ براکەی رووبەڕوو بە باوکیان گوتووە کە هاوسەرگیریی لەگەڵدا نەکات، کامیلاش بە "نەیار" ناودەبات و دەڵێت، بۆئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ باوکیان بکات، لە میدیاکانی بەریتانیا دەستی بە هەڵمەتێک کرد بۆئەوەی "نێوبانگی خۆی جوان بکات" و "وێنەی خۆی راستبکاتەوە."

ئەگەرچی شازادە هاری لە ساڵی 2020 لە ئەرکە شاهانەییەکانی کشایەوە، بەڵام بێگومان خۆی و مێگان مارکڵی هاوژینی، شابانووی سەسێکس، لە باسوخواسە گەرمەکان دوورنەکەوتوونەتەوە. هەر مانگی رابردوو، هەردووکیان لە بەڵگەفیلمێکی نێتفلێکسدا دەرکەوتن، کە لە شەش بەشدا باس لە پەیوەندیی نێوانیان و بڕیارەکەیان بۆ وازهێنان لە ژیانی شاهانە دەکات، بەڵام ئێستا شازادە هاریی تەمەن 38 ساڵان، چیرۆکی خۆی لە پەرتووکێکی نوێی یادەوەرییەکانی دا دەگێڕێتەوە کە رۆژی سێشەممە بە ناونیشانی سپێر یاخود یەدەگ بڵاودەکرێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ رۆڵی خۆی لە جێنشینایەتیکردنی تەختی شاهانە.

پەرتووکەکە بە ترازانێکی سەرسوڕهێنەر لە پرۆتۆکۆلی شاهانە دادەنرێت، گێڕانەوەیەکی تەواو تایبەتی کێشمەکێشی چەندین ساڵەی شازادە هارییە لەگەڵ ئەو دڵتەنگییەی لە دوای مردنی شازادە دایانای دایکی، رووی تێکرد، هەروەها لێڕامانێکی رۆشنکەرە بۆ پەیوەندییە خراپەکانی لەگەڵ شا چارڵزی باوکی، کامیلای زڕدایک و هاوتای شاژن، هەروەها لەگەڵ شازادە ویلیامی برای و میراتگری ئەو تەختەی کە شازادە هاری وەکو یەدەگ بۆی دانراوە.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ لە نووسینەکەتدا باس لە گفتوگۆیەکی مشتومڕاوی لەگەڵ براکەت دەکەیت لە ساڵی 2021. گوتووتە: "من سەیری ویلیم کرد، باش سەیرم کرد. رەنگە ئەوە یەکەمجار بووبێت بەو شێوەیە سەیری بکەم لەو ساتەوەی ئێمە دوو کوڕی بچووک بووین. بەرگەی هەموو گرژ و مۆنییەکەیم گرت، کە هەمیشە لەو شێوەیەدا مامەڵەی لەگەڵ من کردووە، هەروەها کەچەڵییە نائاساییەکەی کە لە کەچەڵییەکەی من زیاتر بوو، شێوەکردنە بەنێوبانگەکەی لە دایکم کە بە تێپەڕبوونی کات و تەمەن، کاڵ دەبووەوە." ئەم قسانە زۆر تووندن؟

شازادە هاری: من هەرگیز وایان نابینم کە تووند بن. دەزانن کە من و برام یەکدیمان خۆشدەوێت. من ئەوم زۆر خۆشدەوێت. زۆر ئازار و ناخۆشی لەنێوان هەردووکماندا هەبووە، بە تایبەتی شەش ساڵی رابردوو. هیچ یەکێک لەو شتانەی نووسیومن یان باسم کردوون، بە ئامانجی ئەوە نەبووە خێزانەکەم ئازار بدەم، بەڵکو وێنەیەکی تەواو پێشاندەدات لەسەر ئەوەی کە بارودۆخەکە چۆن بووە کاتێک کە ئێمە گەورە دەبووین. هەروەها هەرەس بەو قسەیە دێنێت گوایە هاوژینەکەم هۆکاری لەنێوچوونی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو برایەیە.

ئەندەرسن کووپەر: پێموایە زۆر کەس تەماشای تۆ و براکەتیان کرد کە چۆن گەورە بوون، ئەوان هەستیان دەکرد ئەستەمە ئێوە لەیەک داببڕێن. بەڵام کاتێک پەرتووکەکەت دەخوێنینەوە، دەردەکەوێت کە لەو ساتەوەی دایکتان مرد، ئێوە هەریەکەتان بە جیا ژیانتان بەسەربردووە. تەنانەت کاتێک ئێوە لە قوتابخانە بوون، کە لە یەک قوتابخانەی ئامادەیی دەتانخوێند.

شازادە هاری: رکابەرایەتیی نێوان براکانە!

ئەندەرسن کووپەر: براکەت پێی گوتی وایدانێ ئێمە یەکدی ناناسین؟

شازادە هاری: بەڵێ، ئەو کات ئەو شتە ئازاری دام. نەمتوانی لێی تێبگەم. پێم گوت: مەبەستت چییە؟ ئێمە ئێستا لە هەمان قوتابخانەین. دەیان ساڵە شتێکی وام نەبینیوە رووبدات، بەڵام ئێستا دەتوانین پێکەوە بین. ئەو گوتی، نەخێر نا! ئەو کاتەی لە قوتابخانەین، یەکدی ناناسین. منیش ئەمەم بە شتێکی شەخسی وەرگرت، بەڵام تۆ راستدەکەیت. راستت پێکا! ئێمە ئەزموونێکی ئازاربەخشی زۆر لەیەکچوومان هەبوو، کە هەریەکەمان بە رێگەیەکی تەواو جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا کرد.

ئەندەرسن کووپەر: ویلیام ناوبەناو هەوڵیدەدا لەبارەی دایکتان قسەت لەگەڵ بکات، بەڵام تۆ وەکو منداڵێک، نەتدەتوانی کاردانەوەت هەبێت.

شازادە هاری: بۆ من، هەرگیز بابەتەکە ئەوە نەبوو پێی بڵێم من نامەوێت لەو بارەیەوە قسەت لەگەڵدا بکەم، بەڵکو تەنیا لەبەر ئەوەیە نازانم چۆن قسەی لەسەر بکەم. لەو کاتەدا هەرگیز پێموانەبوو شتێکی ساڕێژکەر بێت ئەگەر لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ براکەم یان هەر کەسێکدا بکەم.

(لە مانگی ئابی 1997، هاری و ویلیام لە سکۆتلاند لەگەڵ باوکیان خەریکی گەشت و گەڕان بوون. هاری 12 ساڵ و ویلیام 15 بوو. لە 31ی ئاب، لە قەڵای بالمۆراڵ لە خەودا بوون کاتێک کە هاری لەلایەن باوکییەوە بەخەبەرهێندرایەوە، کە پێی گوت، دایکی لە پاریس تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە.)

ئەندەرسن کووپەر: لە پەرتووکەکەدا، نووسیوتە: "باوکم گوتی: ئەوان هەوڵی خۆیان دا، کوڕی شیرینم. بەڵام بەداخەوە رزگاری نەبوو." تۆ دەڵێیت، ئەم قسانە وەکو تیری سەر نیشانە، لە بیرمدا چەقیون. ئایا تۆ گریایت؟

شازادە هاری: نەخێر. هەرگیز فرمێسکێکیشم نەڕشت. من تاسابووم. تۆ 12 ساڵ بیت، کاژێر 07:00 یان 07:30 خوولەکی بەیانی بێت، زۆر زوو، باوکت بێتە ژوورەوە و لەسەر قەرەوێڵەکەت دانیشێت، دەستی لەسەر ئەژنۆت دانێت و پێت بڵێت، رووداوێک دروستبووە. نەمتوانی بڕوا بکەم.

ئەندەرسن کووپەر: هەروەها تۆ لە پەرتووکەکەتدا نووسیووتە: "بابە باوەشی پێمدا نەکرد. ئەو لە بارودۆخی ئاساییدا لە دەربڕینی هەستەکانی زۆر باش نەبوو، بەڵام دووبارە دەستی دانایەوە سەر ئەژنۆکەم و گوتی: هەموو شتێک باش دەبێت؛ بەڵام دوای ئەوە هیچ شتێک باش نەبوو، تا ماوەیەکی زۆریش؟

شازادە هاری: نەخێر، هیچ شتێک باش نەبوو.

(هاری دەڵێت یادەوەریی رۆژانی دواتری هەلوەریون. بەڵام ئەمەی لەبیرماوە: دیمەنی سڵاوکردن لە ماتەمگێڕان لەبەردەم کۆشکی کێنزنتن لە لەندەن رۆژی پێش ناشتنی دایکی.)

ئەندەرسن کووپەر: ئێستا کە ئەو ڤیدیۆیانە دەبینیەوە، چی بە خۆت دەڵێیت؟

شازادە هاری: پێموایە شتێکی نامۆ بوو. چونکە دەبینم من و ویلیام زەردەخەنە دەکەین. بیرم دێتەوە هەستم بە تاوان دەکرد.

ئەندەرسن کووپەر: لە بەرامبەر چی؟

شازادە هاری: لە بەرامبەر ئەوەی کە، ئەو خەڵکەی دەمانبینین، هەستی زیاتریان هەبوو لە ئێمە، رەنگە زیاتر لە هەر کاتێکی ئێمە ئەوان هەستیان هەبووبێت.

ئەندەرسن کووپەر: ئەوان دەگریان بەڵام ئێوە نا؟

شازادە هاری: زۆر فرمێسک رژان. باسی ئەوەم کردووە چۆن دەستی خەڵک تەڕببوو، کە سەرەتا نەمزانیبوو بۆچی وایە.

ئەندەرسن کووپەر: دەستەکانیان تەڕببوون لەبەر...

شازادە هاری: بەهۆی سڕینەوەی فرمێسکەکانیان تەڕببوون.. من لەبیرمە، یەکێک لە شتە هەرە سەیرەکان وەرگرتنی گوڵ لە خەڵک و دانانی لەسەر گوڵەکانی دیکە بوو، وەکو ئەوەی من کەسێکی نێوەندکار بم بۆ خەمەکانیان. ئەوەش بۆ من زەق بوویەوە.

(بەخاکسپاردنەکە، کە لە بەیانییەکی ساردی ئەیلوول بەڕێوەچوو، لەلایەن نزیکەی دوو ملیار و نیو کەسەوە لە سەرانسەری جیهان سەیریکرا، وەکو یەکێک لە دیمەنە هەرە لەیادنەچووەکان. شازادە هاری و براکەی، لەدوای تابووتی دایکیانەوە رێیان دەکرد بەرەو کەنیسەی وێستمینستەر.)

ئەندەرسن کووپەر: چیت لەبیرە لەبارەی ئەو رێکردنە؟

شازادە هاری: ئەوەم لەبیرە کە چۆن هێمن بوو. شیوەن و هاواری کەسێکم لەبیرە. دەنگی ناڵی ئەسپەکانی سەر رێگەکەم لەبیرە. هەوساری ئەسپەکان و دەستەی راکێشانی گالیسکەکە و تایەکانیم لەبیرە. ئەو بەردە زیخەی لەژێر پێڵاوەکانمدا بوو لەبیرمە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی، بێدەنگییەکە لەبیرم ماوە.

(دوای رێوڕەسمەکە، تەرمی شازادە دایانا بۆ بەخاکسپاردن گوێزرایەوە بۆ ئەلسۆرپ، کە موڵکی باب و باپیرانیەتی.)

شازادە هاری: کە تابووتی دایکم چووە نێو زەوییەوە، ئەوە یەکەمجار بوو من بەڕاستی بگریێم. بەڵێ، هەرگیز جارێکی دیکە رووینەدایەوە.

ئەندەرسن کووپەر: لە تەواوی ساڵانی تەمەنی هەرزەکاریتدا، تۆ بۆی نەگریایت؟

شازادە هاری: نەخێر.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ بڕوات نەدەکرد ئەو مردووە؟

شازادە هاری: نەخێر... بۆ ماوەیەکی درێژ. ئامادە نەبووم قبووڵی بکەم کە ئەو نەماوە. بەشێکی لەبەر ئەوەی، دەمگوت ئەو هەرگیز شتێکی وا لەگەڵ ئێمە ناکات، بەشێکیشی لەبەر ئەوەی دەمگوت رەنگە ئەمە هەمووی بەشێک بێت لە پلانێک.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ بە راستی پێتوابوو رەنگە ئەو بڕیاری دابێت بۆ ماوەیەک خۆی ون بکات؟

شازادە هاری: بۆ ماوەیەک و دواتر پەیوەندیمان پێوە دەکات و ئێمەش دەڕۆینە لای. بەڵێ.

ئەندەرسن کووپەر: تاوەکو کەی وا بیرت دەکردەوە؟

شازادە هاری: بە ساڵ... چەندین و چەندین ساڵ. من و ویلیامیش قسەمان لەسەر ئەوە کرد. بیرکردنەوەی ئەویش وەکو من بوو.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ لە پەرتووکەکەتدا نووسیووتە: "هەندێک جار، بەیانیان یەکەم شت بە خۆمم دەگوت رەنگە ئەمڕۆ رۆژەکە بێت. رەنگە ئەمە ئەو رۆژە بێت ئەو بەدیاربکەوێتەوە."

شازادە هاری: بەڵێ... هیوایەک بوو. هیوایەکی گەورەم هەبوو.

(ئەو تاوەکو تەمەنی پێگەییشتووییش چنگی بەو هیوایەوە گرت. کاتێک هاری بووە 20 ساڵ، داوای کرد راپۆرتی پۆلیس لەبارەی ئەو رووداوە ببینێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دایکی؛ دۆدی ئەلفایدی کوڕە هاوڕێکەی و هێنری پۆڵی شۆفێریان، کاتێک کە شۆفێرەکان لە تونێلێکی پاریس بەدوایان کەوتبوون.)

ئەندەرسن کووپەر: بەڵگەنامەکان وێنەی شوێنی رووداوەکەیان تێدابوو. بۆچی ویستت بیبینیت؟

شازادە هاری: بە شێوەیەکی سەرەکی، بۆ بەڵگە، بەڵگە لەسەر ئەوەی کە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، بەڵگە لەسەر ئەوەی بریندار بووە، هەروەها بەڵگە لەسەر ئەوەی کە ئەو وێنەگرانەی بەرەو نێو تونێلەکە بەدوایان کەوتبوون، هەر خۆیان وێنەی لاشەی نیمچە مردووی ئەویان گرتبوو کە لەسەر کورسیی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە کەوتبوو.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ لە باسی ئەو وێنانەی لە شوێنی رووداوەکە گیرابوون، نووسیوتە: "تاوەکو ئەم ساتەش ئاگاداری ئەوە نەبووم کە کۆتا شت کە دایە لەسەر ئەم زەوییە بینیویەتی، گڵۆپی فلاش بووە."

شازادە هاری: بەڵێ.

ئەندەرسن کووپەر: ئەمە ئەو شتەیە لە وێنەکاندا بینیت؟

شازادە هاری: ئهم [بەڵێ]. وێنەکان وێنەدانەوەی کۆمەڵێک فۆتۆگرافەریان لەسەر جامەکە پێشاندەدا کە خەریکی وێنەگرتن بوون، وێنەدانەوەی سەر جامەکە، ئەوان بوون..

(ئەو تەنیا هەندێک لە وێنەکانی شوێنی رووداوەکەی بینی. سکرتێری تایبەت و راوێژکارەکەی قایلیکرد بۆئەوەی سەیری وێنەکانی دیکە نەکات.)

.. شازادە هاری: هەموو ئەو شتەی کە بینیم، پشتە سەری دایکم بوو کە بەر کورسیی دواوە کەوتبوو. هەندێک وێنەی دیکەی تۆقێنەرتر هەبوون، بەڵام من تاهەتایە سوپاسی دەکەم کە نەیهێشت خۆم بە بینینی شتی وا ئازار بدەم، چونکە شتی وا لە بیرکردنەوەتدا دەچەسپێت، بۆ تاهەتایە.

([ئەندەرسن کووپەر:] هاری دەڵێت، ئەو هەر پێیوابوو دایکی هێشتا زیندووە، تاوەکو گەیشتە تەمەنی 23 ساڵی و بۆ یەکەمی نجار سەردانی پاریسی کرد.)

ئەندەرسن کووپەر: تۆ بە شۆفێرەکەت گوت، دەمەوێت بچمە ئەو تونێلەی دایکم تێیدا مرد؟

شازادە هاری: دەمویست ببینم کە ئایا، بە هاژۆتن بەو خێراییەی کە هێنری پۆل دەیهاژوو، ئایا دەکرێت کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە لەدەستبدەیت و خۆت بە ستوونێکدا بکێشیت و نزیکەی هەموو سەرنشینەکانی ئۆتۆمبێلەکە بکوژیت. پێویستە ئەو گەشتە بکەم. پێویستە لەسەر هەمان رێگە بڕۆم.

ئەندەرسن کووپەر: بۆ هەمان تونێل، بە هەمان خێرایی دایکت؟

شازادە هاری: بەڵێ. هەمووی، چونکە بە من و ویلیام گوترابوو کە رووداوەکە وەکو زنجیری پایسکیلە. ئەگەر یەک ئەڵقەی لاببەیت، ئەنجامی کۆتایی رووینەدەدا. شوێنکەوتنیان لەلایەن فۆتۆگرافەرەکانەوە، ئەڵقەیەک بوو لەوە؛ بەڵام بەسەر هەموویانەوە چوو..

(هاری نووسیویەتی خۆی و براکەی بڕوایان بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2006 نەبوو، کە لەلایەن پۆلیسی میترۆپۆلیتانی لەندەنەوە کرابوو و گەییشتبووە ئەو ئەنجامەی، هێنری پۆڵ، شۆفێری دایانا پێش ئەوە خواردبوویەوە و رووداوەکە "رووداوێکی هاتووچۆی تراژیدی بووە.")

.. شازادە هاری: من و ویلیام بڕیارماندا لێکۆڵینەوەکە بکەینەوە، چونکە زۆر درز و کەلێنی تێدابوو کە هیچ واتایەکی نەبوو.

ئەندەرسن کووپەر: هێشتاش دەتەوێت ئەوە بکەیت؟

شازادە هاری: تەنانەت نازانم لەم کاتەدا ئەوە بژاردەیەکیش بێت، بەڵام، نەخێر، پێموایە... ئایا دەمەوێت ئێستا ئەوە بکەم؟ ئەوە پرسیارێکی زۆر سەختە، ئەندرسن.

ئەندەرسن کووپەر: پێتوایە تۆ ئەو وەڵامانەت لایە، کە پێویست بوو هەتبن لەبارەی ئەوەی چی بەسەر دایکت هاتووە؟

شازادە هاری: راستییەکەی بڵێم، نەخێر. پێموانییە هەمبن، پێموانییە براکەشم هەیبن. پێموانییە جیهانیش هەیبن. ئایا پێویستە زیاتر لەوەی ئێستا دەزانم، بزانم؟ نەخێر. پێموانییە بتوانێت شتێکی ئەوتۆ بگۆڕێت.

ئەندەرسن کووپەر: هاری ئێستا دەڵێت، تاوەکو ئەوکاتەی لەگەڵ سوپای بەریتانی لە ئەفغانستان دەستی بە خزمەت نەکرد، ئامانجی ژیانی خۆی و هەستی ئاساییبوونی نەدۆزییەوە.

شازادە هاری: ئەزموونە سەربازییەکەم، لە زۆر رووەوە منی رزگار کرد.

ئەندەرسن کووپەر: چۆن؟

شازادە هاری: منی لە باسوخواسی میدیای شانشینی یەکگرتوو دوورخستەوە. توانیم سەرنجم بخەمە سەر ئامانجێکی گەورەتر لە خۆم، هەمان جلوبەرگی ئەوانی دیکە لەبەر بکەم، بۆ یەکەمین جار لە ژیانی خۆمدا هەستێکی ئاساییم هەبێت و هەندێک لە رکابەرییە هەرە گەورەکانی ژیانم ببەمەوە. راهێنانم دەکرد بۆئەوەی ببمە فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەری ئەپاچی. ناتوانیت تەنیا لەبەر ئەوەی شازادەی، لێی دەربچیت.

ئەندەرسن کووپەر: ئەپاچی یەک دەنک بەلایەوە گرنگییە تۆ کێی؟

شازادە هاری: نەخێر، هیچ دوگمەیەکی بۆ لێخوڕینی خۆکارانەی بۆ شازادەکان نییە بۆئەوەی لێی بدەیت و ئەویش بتبات. من بەربژێرێکی زۆر باش بووم بۆ سوپا. من پیاوێکی گەنج بووم لە بیستەکانی تەمەنم، بە دەست شۆکەوە دەمناڵاند، بەڵام دواتر لە کورسیی پێشەوەی ئەپاچیدا بووم، تەقەم پێی دەکرد، دەمفڕاند، لە هەمانکاتدا چاودێریی رادیۆکانم دەکرد، هەروەها لەوێ بووم بۆ رزگارکردن و یارمەتیدانی هەر کەسێک لەسەر زەوی بە رادیۆ هاوار بکات و بڵێت: "پێویستمان بە یارمەتییە، پێویستمان بە یارمەتیی ئاسمانییە." ئەوە فریادڕەسم بوو. بەهۆی ئەوەوە هەستم بە چاکبوونەوە کرد، بە شێوەیەکی سەیر.

ئەندەرسن کووپەر: ئەنجامدانی ئەو کارانە لە یەک کاتدا و کارپێکردنی مێشکت بەو جۆرە، بۆ تۆ هەستێکی خۆشی هەبوو؟

شازادە هاری: وا هەستم دەکرد ئازار دەگۆڕم بۆ ئامانج. ئەو کات هۆشیار نەبووم لەوەی من ژیانی خۆم لەنێو ئەدریناڵیندا بەسەر بردووە، کە هەر لە تەمەنی 12 ساڵیمەوە وابوو، لەو ساتەوەی کە پێم گوترا دایکم مردووە.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ دەڵێیت، "جەنگ لە ئەفغانستان دەستیپێنەکرد، بەڵکو لە ئابی 1997 دەستیپێکرد."

شازادە هاری: بەڵێ جەنگ بۆ من، بەبێ ئاگاداربوونی خۆم، ئەو کاتە بوو کە دایکم مرد.

ئەندەرسن کووپەر: شەڕی کێت دەکرد؟

شازادە هاری: خۆم. بێزاری و گلەیی زۆرم هەبوو بەرامبەر میدیای بەریتانی بەهۆی رۆڵیان لەو بابەتەدا.

ئەندەرسن کووپەر: تەنانەت لە تەمەنی 12 ساڵیشدا تۆ هەستت بەرامبەر میدیای بەریتانی بەو شێوەیە بوو؟

شازادە هاری: بەڵێ. بۆ ئێمەی منداڵ روون و رەوان بوو کە میدیای بەریتانی بەشێکە لەو نەهامەتییەی بەسەر دایکماندا هاتووە. زۆریش تووڕە بووم لە ناخی خۆمدا. خۆشبەختانە لە کەس دەرمنەکرد، بەڵام پەنامبردە بەر خواردنەوەی لەڕادەبەر، چونکە دەمویست هەستەکەم سڕبکەم، یان دەمویست ئەو شتانە لەبیرخۆم ببەمەوە کە بیرم لێدەکردنەوە. تەنانەت پەنامبردە بەر ماددە هۆشبەرەکانیش..

(هاری دانی پێدا دەنێت کە حەشیشی کێشاوە و کۆکاینیشی بەکاربردووە. هەروەها نووسیویەتی، لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنی، هەستی بە بێهیوایی و سەرگەردانبوون دەکرد.)

.. شازادە هاری: قورساییەک لەسەر سنگم هەبوو، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەستم پێی کرد و هەرگیز نەمتوانی بگریم. بۆیە بەردەوام هەوڵمدەدا رێگەیەک بدۆزمەوە بۆئەوەی بگریم. بەڵام نەمتوانی، تەنانەت کاتێک لەسەر قەنەفەکەم دادەنیشتم و تاوەکو پێم دەکرا بیرەوەرییەکانی دایکم بهێنمەوە یاد. هەروەها هەندێک جار لەسەر ئینتەرنێت سەیری ڤیدیۆکانم دەکرد.

ئەندەرسن کووپەر: ئەوانەی دایکت؟

شازادە هاری: ئەوانەی دایکم.

ئەندەرسن کووپەر: بۆئەوەی بگریت؟

شازادە هاری: بەڵێ.

ئەندەرسن کووپەر: هەر نەیشت توانی؟

شازادە هاری: نەمتوانی.

(حەوت ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمین جار هاری داوای یارمەتیی لە پزیشکێکی دەروونی کرد، هەروەها ئاشکرای دەکات کە هەوڵی چارەسەری تاقیگەیی زیاتری داوە.)

ئەندەرسن کووپەر: تۆ لە پەرتووکەکەتدا نووسیوتە، ماددە هۆشبەرە دەروونییەکان، ئایواسکا، سیلۆسیبین، قارچک...

شازادە هاری: هەرگیز پێشنیار ناکەم خەڵک ئەمە بۆ سەرگەرمی بکات، بەڵام کردنی ئەم کارە لەگەڵ خەڵکی دروست، ئەگەر تۆ بەدەست لەدەستدان، خەم و گوشاری دەروونیی گەورە بناڵێنی، ئەوا ئەم شتانە دەتوانێت بە رێگەیەک وەکو دەرمان کار بکەن.

ئەندەرسن کووپەر: ئەمانە شتێکیان پێشاندایت، چییان پێشاندایت؟

شازادە هاری: بۆ من، ئەوان جامەکەیان پاککردەوە، نەهامەتیی لەدەستدانیان پاککردەوە، ئەو بیرکردنەوەیان نەهێشت کە لە مێشکمدا چەقیبوو بەوەی کە دەبێت بگریم بۆ ئەوەی بۆ دایکم بسەلمێنم کە من غەریبیی ئەو دەکەم، لە کاتێکدا کە تاکە شت ئەو لە منی دەویست، ئەوە بوو دڵخۆش بم.

([ئەندەرسن کووپەر:] شازادە هاری دەڵێت: بەو دڵخۆشییە گەیشتووە، لەگەڵ هاوژینەکەی لە کالیفۆرنیا. بەڵام وەکو ئێوە ئێستا گوێبیستی دەبن، هێشتا لە گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ خێزانی شاهانە، دوورە. پەرتووکی بیرەوەریی شازادە هاری، بەناوی سپێر یاخود یەدەگ، لە کێشانی وێنەی خێزانی شاهانەدا، هەموو شتێکە، یەدەگ نەبێت. بەتایبەتی وێنەی کامیلای زڕدایکی، کە ئێستا هاوتای شاژنە. ساڵی 2005 شووی بە شازادە چاڕڵزی ئەو کات کرد، وێڕای ئەوەی کە هەردووکیان بۆ ماوەی چەندین دەیە پەیوەندیی رۆمانسیی پچڕپچڕیان لەنێواندا بووە. کاتێک شازادە دایانا کامیلای بە سێیەم کەسی نێو ژیانی هاوژینیی خۆی ناوبرد، رۆژنامەکانی بەریتانیا بە چڕی باسیان کرد، شازادە هاریش هەرگیز لەبیری نەکردووە.)

شازادە هاری: ئەو نەیارەکە بوو. ئەو سێیەم کەسی نێو هاوسەرگیرییەکە بوو. پێویستی بە جوانکردنەوەی نێوبانگی خۆی بوو.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ و براکەت، هەردووکتان رووبەڕوو بە باوکتان گوت هاوسەرگیری لەگەڵ کامیلا نەکات.

شازادە هاری: بەڵێ.

ئەندەرسن کووپەر: بۆچی؟

شازادە هاری: پێمانوابوو پێویست ناکات. پێمانوابوو زیانی لە قازانجی زیاتر دەبێت. هەروەها لەبەر ئەوەی هەر خۆی لەگەڵ ئەو کەسەدا بوو کە دەیویست، ئەوە بە تەنیا بەسە. بۆچی دەبێت وا دوور بڕوات لە کاتێکدا هیچ پێوست ناکات؟ دەمانویست دڵخۆش بێت. دەشمان بینی کە چەند لەگەڵ کامیلادا دڵخۆشە. بۆیە لەو کاتەدا..

ئەندەرسن کووپەر: تۆ نووسیووتە کە کامیلا لە چاپەمەنیی بەریتانیدا دەستی بە هەڵمەتێک کرد بۆئەوەی رێگە بۆ هاوسەرگیری خۆشبکات. هەروەها نووسیوتە، تەنانەت دەمەوێت کامیلا دڵخۆش بێت، رەنگە ئەو کەمتر مەترسیدار بێت ئەگەر دڵخۆش بێت. چۆن مەترسیدارە؟

شازادە هاری: بەهۆی ئەوەیە کە پێویستی بەوەیە وێنەی خۆی راستبکاتەوە.

ئەندەرسن کووپەر: ئەوە وای لێکرد مەترسیدار بێت؟

شازادە هاری: ئەوە وای لێکرد مەترسیدار بێت بەهۆی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ چاپەمەنیی بەریتانیدا دروستیکردن. هەروەها ئامادەییەکی ئاشکرا لە هەردوولا هەبوو بۆئەوەی زانیاری ئاڵۆگۆڕ بکەن. لە لایەکی دیکەشەوە، لەبەر ئەوەی خێزانەکە شێوە هەڕەمییە و ئەویش دەیویست ببێتە هاوتای شاژن، دۆخەکە وای لێدەهات خەڵک یان تەرم لە شەقامەکان بکەون بەهۆی ئەوەوە.

([ئەندەرسن کووپەر:] هاری دەڵێت، بە تێپەڕینی ساڵ دوای ساڵ، ئەو بووە یەکێک لە تەرمەکان. کامیلا و تەنانەت باوکی خۆیشی تۆمەتبار دەکات بەوەی کە هەندێک جار ئەو یان ویلیەمیان بەکارهێناون بۆئەوەی لە رۆژنامەکاندا باشتر باس لەوان بکرێت. شازادە هاری دەڵێت، کامیلا منی کردە قوربانی لە کوشتارگەکەی خۆیدا. هاری لە کتێبەکەیدا دەنووسێت، کاتێک لە ساڵی 2016دا میگان مارکڵی بە خێزانەکەی ناساند، سەرەتا باوکی بە دڵی بوو، بەڵام ویلیام گومانی لێی هەبوو و بە بێڕێزیەوە بە "ئەکتەرە ئەمریکییەکە" ناوی برد. هەرچەندە هاری ناوی کەس نابات، بەڵام دەڵێت، ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی شاهانەش لەگەڵی نائارام بوون.)

شازدە هاری: هەر لە سەرەتاوە وابوون، پێش ئەوەی تەنانەت چانسی ناسینیشیان هەبێت. میدیای بەریتانیاش بەسەر ئەوەدا بازیدا. ئەوەتا بە ئێرە گەیشتووین.

ئەندەرسن کووپەر: ئەی ئەوە لەسەر چ بنەمایەک بوو، ئەو بێمتمانەییە؟

شازدە هاری: لەسەر ئەوەی کە ئەو ئەمریکییە، ئەکتەرە، جیابووەتەوە، رەشپێستە، دووڕەگە و لە دایکێکی رەشپێستە. ئەوانە تەنها چوار لەو چەشنە کۆنەپەرستانە بوون کە دەبنە ئامرازی هێرشکردن بۆسەر رۆژنامەگەریی بەریتانیا.

ئەندەرسن کووپەر: بەڵام هەموو ئەو شتانەی دیکەی نێو خێزانەکەش سەرچاوەی بێمتمانەیی بوون..

شازدە هاری: بەڵێ. دەزانی خێزانەکەم رۆژنامەکان دەخوێننەوە، ئەوە دەزانی؟ شتەکان هەموویان لە کاتی نانی بەیانیدا دادەنرێن کاتێک هەمووان کۆدەبنەوە. کەواتە، تۆ بڵێیت باوەڕت پێیەتی یان نا، هێشتا شوێن پەنجەیەک لە مێشکتدا جێدەهێڵێت، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە لەسەر بنەمای کۆنەپەرستی ئەو بڕیارەت هەبێت، زۆر زۆر قورسە بەسەر بڕیارەکەتدا زاڵ بیت. خێزانەکەم و میدیای بەریتانیا و ژمارەیەکی زۆر لە کەسانی دیکەش دەڵێن: "ئەو گۆڕدراوە. دەبێ کچەکە جادووگەر بێت. ئەو گۆڕدراوە." لە بری ئەوەی بڵێن.... بەڵێ، من گۆڕانکاریم بەسەردا هات و بەڕاستی دڵخۆشم کە گۆڕاوم، چونکە لەجیاتی ئەوەی سەرخۆش بم، لە یانەکان بکەوم، مادەی هۆشبەر بەکاربهێنم، خۆشەویستی ژیانی خۆم دۆزیبووەوە و دەرفەتێکم بۆ رەخسابوو کە خێزانێک لەگەڵیدا دروست بکەم.

ئەندەرسن کووپەر: هەر زوو دوای ئەوەی پەیوەندییەکەی نێوانیان ئاشکرا بوو، هاری سوور بوو لەسەر بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوێک کە تێیدا سەرکۆنەی رووماڵی هەندێک لە رۆژنامەکان لەبارەی مێگنەوە کرد کە ئەو بە "تۆنە نەژادپەرستەکانی نێو گوتارەکان" ناوی دەبرد. تۆ نووسیویتە باوکت و براکەت، ویلیام لێت توڕە بوون کە ئەو کارەت کردووە. بۆچی؟

شازدە هاری: هەستیان دەکرد ئەو شتە وای کردووە ئەوان بە خراپ ببیندرێن وا هەستیان دەکرد بۆیان ناکرێت یان ناتوانن ئەوە بۆ هاوژینەکانیان بکەن. ئەوەی کە مێگن پێیدا تێپەڕی بەشێکی لەوە دەچوو کە کەیت و کامیلا پێیدا دەربازبوون، بەڵام لە دۆخی زۆر جیاوازدا. ئەمە پرسی نەژادیشی تێدابوو. ئەوەش ئەوەبوو کە رۆژنامەکان.. چاپەمەنی بەریتانی راستەوخۆ بەسەریدا بازیان دا. من بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر چوومە نێو ئەم یاریە ساویلکەییەوە. هیچ نەمدەزانی کە چاپەمەنیی بەریتانی ئەوەندە تووندڕۆیە. بۆ خاتری خودا، من خۆم لەوانەیە پێشتر تووندڕۆ بووبم.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ... تۆ..

شازدە هاری: پێش پەیوەندییەکەم لەگەڵ مێگن.

ئەندەرسن کووپەر: پێتوایە پێش پەیوەندییەکەت لەگەڵ مێگن تووندڕۆ بوویت؟

شازدە هاری: من.. نازانم. با بەمشێوەیە بیڵێم، ئەوەم نەدەبینی کە ئێستا دەیبینم..

([ئەندەرسن کووپەر:] لە ئایاری 2018 ژیانی هاوژینییان پێکهێنا، لە ئاهەنگێکدا کە پێدەچوو موژدەی خێزانێکی شاهانەی مۆدێرنتر و گشتگیرتر بدات.. هەروەها ناسناوی شازادە و شابانووی سەسێکسیان پێدرا. بەڵام لە پشت پەردەوە، بە گوتەی هاری، بێمتمانەیی ویلیام بە مێگن بەرەو خراپتر رۆیشت. هاری با بپرسم، ئایا هەرگیز هەوڵت داوە لەگەڵ ویلیام و کەیت یەک ببینن بۆ ئەوەی گرژییەکان کەم بکەیتەوە؟)

.. شازدە هاری: بەڵێ.

ئەندەرسن کووپەر: ئەو کۆبوونەوەیە چۆن بوو؟

شازدە هاری: زۆر باش نەبوو..

([ئەندەرسن کووپەر:] هاری دەنووسێت لە سەرەتای ساڵی 2019دا توڕەیی نێوان ئەو و ویلیام لە هاوینەهەوارەکەی هاری لەنێو کۆشکی کێنسنگتن تەقیەوە.)

.. شازدە هاری: ئەوە کەڵەکەبوونێک بوو لە... بێزاری، پێم وایە، لەلایەن ئەوەوە؛ لە کاتێکدا بوو کە لەلایەن کەسانی نێو نووسینگەکەیەوە هەندێک شتی پێ دەگوترا. لە هەمان کاتیشدا ئەو رۆژنامەی زۆری دەخوێندەوە، زۆر چیرۆکی دەخوێندەوە؛ چەند کێشەیەکیشی هەبوو کە لەسەر بنەمای راستی سەرچاوەیان نەگرتبوو. منیش بەرگریم لە ژنەکەم دەکرد. ئەویش هێرشی دەکردە سەر ژنەکەم.. ئەو [مێگن] لەو کاتەدا لەوێ نەبوو، بەڵام لە رێگەی وشەکانییەوە هێرشی دەکردە سەری. من بەرگریم لە خۆم دەکرد. هەروەها ئێمە لە ژوورێکەوە چووینە نێو چێشتخانەکەوە. بێزارییەکانیشمان تا دەهات زیاتر و زیاتر و زیاتر دەبوون. هاواری بەسەرمدا دەکرد. منیش هاوارم بەسەردا دەکردەوە. شتێکی جوان نەبوو. بە هیچ شێوەیەک خۆشیش نەبوو. دواتر لێیدام و منی بە زەویدا کێشا.

ئەندەرسن کووپەر: تۆی بە زەویدا کێشا؟

شازدە هاری: منی بەزەویدا کێشا. کەوتمە سەر قاپی [خواردنی] سەگ.

ئەندەرسن کووپەر: پشتت برینداربوو؟

شازدە هاری: بەڵێ، پشتم برینداربوو. لەو کاتەدا نەمدەزانی. بەڵام، بەڵێ، ئەو دوای ئەوە داوای لێبوردنی کرد. کارێکی زۆر ناشیرین بوو، بەڵام...

ئەندەرسن کووپەر: داوای لێکردیت بە کەسی نەڵێی؟

شازدە هاری: بەڵێ... منیش ئەوەم نەدەکرد. هەروەها تا ئەو کاتەی ئەو... تا ئەو لەسەر..سەر پشتمی بینی. دواتر گوتی: "ئەوە چییە؟" منیش گوتم "ها، چی؟" لە راستیدا نەمدەزانی باسی چی دەکات. تاوەکو ئەو کاتەی لە ئاوێنەدا سەیرم کرد. ئەوکات گوتم:"ئۆی.. بەنەفرەت بێت"، چونکە هەرگیز نەمبینیبوو.

ئەندەرسن کووپەر: مێگن گوتوویەتی کە رەخنە و گوشارە بەردەوامەکان وای لێکردووە لە زستانی 2019دا بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.

شازدە هاری: ئەو شتەی زۆر ترساندوومی، دووبارەبوونەوەی مێژووە.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ هەر بە راستی ترسایت کە ژنەکەت، مێگن.....

شازدە هاری: بەڵێ، ترسم هەبوو، زۆر ترسام لەوەی کە لە کۆتاییدا هەمان ئەو شتەی کە دایکم لەدەستدا کاتێک تەمەنم 12 ساڵ بوو، بە ئاسانی بەسەر هاوژینەکەم دووبارەبێتەوە.

([ئەندەرسن کووپەر:] لە کانوونی دووەمی 2020دا شازادە هاری و مێگن رایانگەیاند کە وەک ئەندامانی باڵای بنەماڵەی شاهانە دەکشێنەوە. سێ مانگ دواتر روویان لە کالیفۆرنیا کرد. دواتر هەڤپەیڤینێکی بەناوبانگیان لەگەڵ ئۆپرا وینفری و گرێبەستێک لەگەڵ نێتفلێکس کرد کە دەگوترێت بەهاکەی 100 ملیۆن دۆلار بوو. رەخنەگران دەڵێن شازادە و شابانوو لەرێگەی ناسناوە شاهانەییەکانیانەوە پارە کۆدەکەنەوە لە کاتێکدا کە دەتوانن ئەوە بکەن.)

ئەندەرسن کووپەر: بۆچی دەستبەرداری ناسناوی شازادە و شابانوو نابن؟

شازدە هاری: ئەی ئەوە چ جیاوازییەک دروستدەکات؟

ئەندەرسن کووپەر: یەکێک لەو رەخنانەی کە پێت گەیشتووە ئەوەیە کە دەتەوێت بچیتە کالیفۆرنیا، دەتەوێت دەستبەرداری رۆڵی دامەزراوەیی بیت. بۆچی؟ بۆچی دەبێت ئەو گفتوگۆیانە ئاشکرا بکەیت کە لەگەڵ باوکت یان لەگەڵ براکەتدا هەتبوون؟

شازدە هاری: هەر جارێکیش هەوڵم دا بێت، کۆبوونەوە و دزەپێکردن و هەڵبەستنی چیرۆک دژی من و هاوژینەکەم روویداوە. دەزانی درووشمی بنەماڵە ئەوەیە کە هەرگیز گلەیی مەکە، هەرگیز هەندێک شت روون مەکەرەوە.

ئەندەرسن کووپەر: گلەیی و روونکردنەوەیەکی زۆر هەیە.

شازدە هاری: زۆر.

ئەندەرسن کووپەر: ئەوەی تایبەتیشە، لەرێگەی دزەپێکردنەوە دەکرێت.

شازدە هاری: لە رێگەی دزەپێکردنەوە.

ئەندەرسن کووپەر: شازادە هاری بەردەوامە لە بانگەشەکردنی ئەوەی کە هەرگیز دژی خێزانەکەی شت دزەناکاتە دەرەوە.

شازدە هاری: کەواتە ئێستا، هەوڵدەدەم بە زمانێک قسە بکەم بۆ ئەوەی ئەوان لێی تێبگەن، لێرە دادەنیشم و بەو وشانەی لە دەممەوە دێنە دەرەوە، راستیتان پێ دەڵێم، نەک کەسێکی دیکە، سەرچاوەیەکی بێناو، پڕ لە درۆ یان گێڕانەوەیەک بۆی میدیایەکی میللی کە بەڕاستی خوێنەرانی توندڕەو دەکات بۆ ئەوەی دواتر زیان بە خێزانەکەم؛ هاوسەرەکەم، منداڵەکانم بگەیەنێت.

([ئەندەرسن کووپەر:] مانگی رابردوو رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی بابەتێکی دڕندانەی لەسەر مێگن بڵاوکردەوە کە لەلایەن پێشکەشکارێکی تەلەفزیۆنەوە نووسراوە.)

ئەندەرسن کووپەر: ئەو نووسەرە گوتی: رقم لێیەتی، شەوانە، ناتوانم بخەوم کاتێک لەوێ پاڵدەکەوم و ددانەکانم جیڕکردووە و خەون بەو رۆژەوە دەبینم کە مێگن ناچاردەکرێت بە رووتی بە شەقامەکانی هەموو شارۆچکەیەکی بەریتانیادا بڕوات لەکاتێکدا قەرەباڵغییەکە هاواردەکەن و پێدەڵێن 'سەرشۆر' و پیسایی تێدەگرن. ئایا ئەوە بۆ تۆ سەیر بوو؟

شازادە هاری: بۆ من سەیر بوو...؟ نەخێر.... تووشی شۆکی کردم...؟ بەڵێ. مەبەستم.. سوپاس کە ئەوەی ئێمە باسماندەکرد، ئەو سەلماندی.

ئەندەرسن کووپەر: هیچ وەڵامێک لەو بارەیەوە کۆشکەوە هاتووە؟

شازادە هاری: نەخێر.. لە کاتی واشدا بێدەنگی ناپاکییە..

([ئەندەرسن کووپەر:] هاری گەڕاوەتەوە بەریتانیا. لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بۆ چالاکیەکی خێرخوازی لە لەندەن بوو، کاتێک کۆشکی شاهانە رایگەیاند کە شاژنی داپیرەی لە قەڵای بالمۆرال لە سکۆتلاند لە ژێرچاودێری پزیشکیدایە.)

.. شازادە هاری: لە براکەمم پرسی، گوتم "بەتەمای چیت؟ دۆخی تۆ و کەیت لەوێ چۆنە؟" پاشان، دوای یەک دوو کاژێرێک، هەموو ئەندامانی خێزانەکە کە لە ناوچەی وینزەر و ئاسکۆت دەژین، بەیەکەوە سواری فڕۆکەیەک بوون، فڕۆکەیەکی 12، 14 یانیش رەنگە 16 نەفەری بووبێت.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ بانگهێشت نەکرای بۆ نێو فڕۆکەکە؟

شازادە هاری: بانگهێشت نەکرام.

ئەندەرسن کووپەر: تا ئەو کاتەی هاری بە تەنیا گەیشتە بالمۆرال، شاژن کۆچی دوایی کرد.

شازادە هاری: چوومە نێو هۆڵەکە، پوورم لەوێ بوو، سڵاوی لێکردم. پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئایا دەمەوێت بیبینم؟ نزیکەی پێنج چرکە بیرم لەوە کردەوە و بیرم لەوە دەکردەوە کە "ئایا ئەمە بیرۆکەیەکی باشە؟" لەبەر خۆمەوە دەمگوت: "دەزانی چی؟ دەتوانیت... دەتوانیت ئەمە بکەیت. تۆ... پێویستە ماڵئاوایی لێ بکەیت." بۆیە چوومە سەرەوە، چاکەتەکەم داکەند و چوومە ژوورەوە و هەندێک کاتم بە تەنیا لەگەڵیدا بەسەر برد.

ئەندەرسن کووپەر: لە کوێ بوو؟

شازادە هاری: لە ژووری نووستنەکەیدا بوو. بەڕاستی دڵخۆش بووم.

ئەندەرسن کووپەر: هەروەک پێش 25 ساڵ، هاری و ویلیام خۆیان بینیەوە کە بەیەکەوە دەڕۆن، بەڵام جیاواز، ئەمجارەیان لە پشت تابووتەکەی داپیرەیانەوە. باشە، ئێستا قسە لەگەڵ ویلیام دەکەیت؟ نامەی بۆ دەنێریت؟

شازادە هاری: ئێستا، نەخێر. بەڵام چاوم لەوەیە کە بتوانین بە ئاشتی بگەین. دەمەوێت...

ئەندەرسن کووپەر: ماوەی چەندێک قسەتان نەکردووە؟

شازادە هاری: دەمێکە.

ئەندەرسن کووپەر: قسە لەگەڵ باوکت دەکەیت؟

شازادە هاری: نا، ماوەیەکی زۆرە قسەمان نەکردووە. بەمدواییانەش نا.

ئەندەرسن کووپەر: ئایا دەتوانیت پێشبینی رۆژێک بکەیت کە وەک ئەندامێکی تەواوی بنەماڵەی شاهانە بگەڕێیتەوە؟

شازادە هاری: نەخێر، ناتوانم پێشبینی روودانی ئەوە بکەم.

ئەندەرسن کووپەر: لە کتێبەکەدا تۆ ئەمەت بە "پچڕانێکی تەواو" ناوبردووە. ئایا دەتوانرێت چاک بکرێتەوە؟

شازادە هاری: بەڵێ. تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە، بەڵام، دەزانی، من و مێگن بەردەوام گوتوومانە کە ئێمە بە ئاشکرا داوای لێبوردن بۆ هەر شتێک دەکەین کە هەڵەمان کردووە، بەڵام هەر جارێک ئەو پرسیارە دەکەین، کەس شتێکی تایبەت یان هەر شتێکی دیکەمان پێناڵێت. پێویستە گفتوگۆیەکی بونیاتنەرانە هەبێت؛ گفتوگۆیەک کە بە نهێنی رووبدات و دزەی پێنەکرێت.

ئەندەرسن کووپەر: وا گریمانە دەکەم کە ئەوان دەڵێن "باشە، چۆن متمانەت پێ بکەین؟ چۆن بزانین کە تۆ هەر گفتوگۆیەکمان لە دانیشتنەکەدا ئاشکرا ناکەیت؟"

شازادە هاری: ئەمە هەمووی لەوەوە دەستی پێکرد کە ئەوان رۆژانە دژی ژنەکەم درۆیان بڵاودەکردەوە، تا ئەو رادەیەی کە من و هاوژینەکەم ناچار بووین لە وڵاتەکەمان.. لە وڵاتەکەم رابکەین.

ئەندەرسن کووپەر: پێموایە سەختە بۆ هەر کەسێک دینامیکییەکی خێزانیی لە خەیاڵدا بێت کە وەکو 'یاریی تەختە پادشایەکان (گەیم ئۆڤ ثرۆنز)' بێت بەبێ ئەژدیهاکان.

شازادە هاری: من تەماشای 'زنجیرەی گەیم ئۆڤ ثرۆنز' ناکەم، بەڵام..

ئەندەرسن کووپەر: ئۆهـ.. باشە.

شازادە هاری: بێگومان ئەژدیها هەن و ئەوە دیسانەوە لایەنی سێیەمە کە چاپەمەنی بەریتانییە؛ بۆیە لە کۆتاییدا بەبێ چاپەمەنی بەریتانی وەک بەشێک لەم کارە، رەنگە ئێمە هێشتا خێزانێکی تا رادەیەک ناکارامە بین، هەروەک چۆن زۆرێکی وا هەن! بەڵام لە نێوەڕۆکیدا، بێگومان خێزانێک هەیە. ئمم.. بەڕاستیش چاوم لەوەیە کە ئەو جۆرە خێزانەم بۆ بگەڕێتەوە. چاوم لەوەیە کە پەیوەندی لەگەڵ براکەمدا هەبێت. چاوم لەوەیە کە پەیوەندی لەگەڵ باوکم و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەمدا هەبێت.

ئەندەرسن کووپەر: تۆ ئەوەت دەوێت؟

شازادە هاری: ئەوە هەموو شتێکە کە داوام کردووە.

([ئەندەرسن کووپەر:] بۆ لێدوان پەیوەندیمان بەکۆشکی باکینگهامەوە کرد. نوێنەرانی داوایان کرد پێش ئەوەی بیر لە وەڵامدانەوە بکەنەوە، پڕۆگرامی 60 خولەک پێش پەخشکردنی هەڤپەیڤینەکەی ئەمشەو، راپۆرتەکەمانیان پێبدات، ئەمەش شتێکە کە ئێمە هەرگیز نایکەین.)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif