سوێد: لە رێگەی ئەندامبوونی لە ناتۆوە دەبینە هاوپەیمانی ئەمریکا

ليست هناك تعليقات



سوێد دەڵێت، لەبارەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی، دەستی بە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا کردووە. لەکاتێکدا تورکیا بووەتە بەربەست لە ئەندامبوونی وڵاتە ئەسکەندەناڤییەکە لە هاوپەیمانیی ناتۆ.

رۆژی دووشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، پال جۆنسن، وەزیری بەرگریی سوێد لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هەریەک لە سوێد و ئەمریکا دانوستاندن لەبارەی گەیشتن بە رێککەوتنێک دەکەن بۆ "هاوئاهەنگیی نزیکتر لەگەڵ ئەمریکا لە پەیوەندیی دوولایەنە و لە چوارچێوەی ناتۆشدا."

وەزیری بەرگریی سوێد باس لەوەش دەکات کە رێککەوتنی هاوئاهەنگیی بەرگریی نێوان ئەوان و ئەمریکا دانوستاندنی لەسەر دەکرێت و وەکو خۆی دەڵێت، رێککەوتنەکە "رێگە بۆ هێزەکانی ئەمریکا ئاسانتر دەکات بۆ ئەوەی لە سوێد کار بکەن."

جۆنسن دەشڵێت، "دەکرێت رێککەوتنەکە دڵنیایی لە جبەخانەی پێداویستییە سەربازییەکان و وەبەرهێنان لە ژێرخان بدات بۆ ئەوەی رێگە بە پاڵپشتی و بەیاسایی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوێد بدات."

وەزیری بەرگریی وڵاتەکە دەشڵێت، "دەست بە دانوستاندنەکان کراوە، چونکە سوێد لە رێگەی بوون بە هاوپەیمانێکی ئەمریکادایە، ئەوەش لە رێگەی ئەندامبوونی لە ناتۆدا."

ئەوە لەکاتێکدایە کە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، هەریەک لە سوێد و فینلاند رێچکەی مێژوویی بێ لایەنبوونیان شکاند و مانگی ئایاری هەمان ساڵ بەشێوەیەکی فەرمیی داواکاریی ئەندامبوونیان لە ناتۆ پێشکێشکرد.

ئەوەش بێ ئاستەنگ نەمایەوە؛ بەگوێرەی پەڕاوەکانی ناتۆی تایبەت بە پرۆسەی ئەندامبوونی سوێد و فینلاند، لە کۆی 30 ئەندامی ناتۆ، تاوەکو ئێستا 28 ئەندامیان رەزامەندییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی هەردوو وڵاتەکە ببنە ئەندامی نوێی هاوپەیمانیی ناتۆ. ئەو دوو وڵاتەی ماونەتەوە هەریەکە لە تورکیا و هەنگاریان. هەر وڵاتێک بیەوێت ببێتە ئەندام لە ناتۆ، پێویستە رەزامەندیی تەواوی هاوپەیمانییە 30 وڵاتەکە بەدەستبێنێت.

ئەنقەرە، هەریەکە لە سوێد و فینلاند بە داڵدەدانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کورستان – پەکەکە و ئەندامانی سەر بە رێکخراوەکەی فەتحوڵڵا گولەن تۆمەتبار دەکات و رادەستکردنەوەیانی کردووەتە مەرجێک بۆ رەزامەندی دەربڕین لەسەر ئەندامبوونی هەردوو وڵاتەکە لە هاوپەیمانیی ناتۆ.

رۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2023، ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە کۆنفڕانسێکی ئەمنیی وڵاتەکەیدا گوتی: "بەشێکی داواکارییەکانی سوێد" ناتواندرێت جێبەجێبکرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە "تورکیا پشتڕاستیکردووەتەوە ئێمە ئەوەی گوتوومانە، ئەنجاممانداوە، بەڵام [تورکیا] هەندێک شتی دەوێت ئێمە ناتوانین بیکەین، نامانەوێت بیکەین و بەدەستەوەی بدەین."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif