سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت؟

ليست هناك تعليقات

 



بورهان شێخ رەئوف45 خوێندراوەتەوە
-
سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان و ئه‌مریكا ناگۆڕێت له‌ ساڵێكه‌وه‌ بۆ ساڵێكی‌ تر و به‌ زۆری‌ ئه‌و سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستانه‌ی‌ دایده‌ڕێژن، درێژه‌ی‌ ده‌بێت بۆ ساڵی‌ داهاتوو، ته‌نها له‌ بارودۆخێكدا نه‌بێت كه‌ ده‌سته‌بژێری‌ فه‌رمانڕه‌وا له‌و وڵاتانه‌ و ئه‌مریكا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا بێت، بۆیه‌ پێده‌چێت سیاسه‌تی‌ زلهێزه‌كان بۆ ناوچه‌كه‌ له‌ 2023دا درێژه‌دان بێت به‌هه‌مان سیاسه‌تی‌ ساڵی‌ رابردوو.

جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیا

سه‌ره‌ڕای‌ جه‌نگی‌ روسیا و ئۆكرانیا له‌ 2022 و به‌شداریی‌ راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی‌ زلهێزه‌كانی جیهان له‌و جه‌نگه‌دا، به‌ڵام گرنگیدانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ كێشه‌ و قه‌یرانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست كه‌می‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌تی‌ وڵاتانی خۆرئاوا و روسیاش زیاتر ململانێ و پێشبڕكێ بووه‌ له‌سه‌ر چۆنیتی‌ راكێشانی‌ سه‌رنج و مه‌یلی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ خۆیاندا.

لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئاڕاسته‌ی‌ سیاسه‌تی‌ پێشبینیكراوی‌ ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ و توركیا و ئێران و ئیسرائیل له‌ 2023 بخه‌مه‌ڕوو.

ئه‌مریكا 

ئه‌مریكا هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی‌ سیاسیی‌ ستراتیژی‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاسته‌، گۆڕانكارییه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ كه‌ له‌ ئه‌مریكا هاتۆته‌گۆڕێ‌ ئه‌وه‌یه‌ حزبی‌ كۆماری‌ زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ بردۆته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌بێت. بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌مریكا له‌ 2023 دا به‌ چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌ك به‌ره‌و خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هه‌نگاو بنێت كه‌ دیارترینیان:-

1- تایبه‌ته‌ به‌ هاوپه‌یمانه‌ كۆنه‌كانی‌ ئه‌مریكا، كه‌ هه‌ڵوێسته‌كانیان جیاوازه‌ له‌مه‌ڕ جه‌نگی‌ ئۆكرانیا و روسیا، كه‌ زۆربه‌یان لایه‌نگری‌ سیاسه‌تی‌ ئه‌مریكا نه‌بوون له‌و جه‌نگه‌دا، ئه‌وه‌ش به ‌ده‌نگدانه‌كه‌یان له‌ نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان و هه‌روه‌ها له‌ وتاری‌ سه‌ركرده‌كانیان له‌ لووتكه‌ی‌ جه‌دده‌ به‌ ئاماده‌بوونی‌ جۆ بایدنی سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌ 2022 به‌ روونی‌ ده‌ركه‌وت، ئه‌مه‌ چ جای هه‌ڵوێستی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ری‌ نه‌وت له‌ ئۆپێك پڵه‌س، هه‌موو ئه‌مانه‌ زۆرجار ده‌بوونه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانیی‌ واشنتۆن، بۆیه‌ پێده‌چێت ئه‌مریكا هه‌وڵی‌ پێشخستنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ وه‌كو (میسر و سعودیه‌ و ئیمارات) بدات، كه‌ له‌ كۆتایی‌ ساڵی رابردووەوە به‌ره‌وپێشچوونی‌ باشی‌ به‌خۆوه‌ بینیووه‌، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی‌ كۆمارییه‌كانه‌وه‌ پشتگیریی‌ لێده‌كرێت .

ئه‌وه‌ش به‌ راستی‌ له‌م دواییه‌دا به‌ده‌ركه‌وت له‌ سەروبەندی سه‌ردانەکەی‌ سه‌رۆكی‌ چین بۆ سعودیه‌ كه‌ ئه‌مریكا ره‌خنه‌ی لێ نه‌گرت و نیگه‌رانیی‌ به‌رامبه‌ر ده‌رنه‌بڕی، ئه‌مه‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا گرنگی‌ به‌ هه‌ندێك وڵاتی‌ دیکەی عه‌ره‌بی‌ وه‌كو جه‌زائیر ده‌دات، كه‌ له‌ ساڵی‌ 2022 هه‌وڵی‌ راكێشانی‌ سۆز و سه‌رنجی ده‌دات، هه‌رچه‌نده‌ جه‌زائیر دۆست و هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانێكی‌ ته‌قلیدیی روسیایه ‌و په‌یوه‌ندیی‌ توندوتۆڵی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و ئابووریی‌ له‌گه‌ڵ مۆسكۆدا هه‌یه‌.

2- به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ ئێران له‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی‌ سه‌ربازی‌ كه‌ بیه‌وێت بیكات دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

3- مانه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ توركیادا، وه‌كو خۆی‌ له‌نێوان خراپبوون و باشبوون.

4- په‌یوه‌ندیی‌ به ‌ئیسرائیله‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ واشنتۆن ناكۆكی‌ سه‌ختی بۆ دروست ببێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ راستڕه‌وه‌ی‌ ئیسرائیلدا.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif