تەسلیمبوونی شەڕکەرێکی بەجێماو

ليست هناك تعليقات


بەڵێن عزەت میکە

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە؛ مستەفا غالب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی بانکی ناوەندی کردوە، ئەم هەنگاوەش لە دۆخێکی وا نائاساییدایە کە بانکی ناوەندیی بە چەندین رێکار نەیتوانی بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا جێگیر بکات.

هۆشدارییەکەی ئەمریکا

مانگی نۆی ساڵی رابردو باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق سەردانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی کرد و پێی وت "پەلە بکەن لە پشتبەستن بە پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە خستنەڕوی حەواڵەی دۆلار" غالبیش بەڵێنیدا هەنگاوەکانی رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و بردنەدەرەوەی نایاسایی دۆلار خێرا بکەن.

سڕینەوەی جێ پەنجەکان

مستەفا غالب لەوکاتەدا پۆستەکەی وەرگرت کە مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیران بوو، باس لەوەش دەکرا کە لەسەر داوای سەدر دانراوە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی دەست بە سڕینەوەی جێ پەنجەکان کازمیی و سەدر بکەن لە ناو حکومەت و دامەزراوە هەستیارەکاندا، لەم پێودانگەشدا پێدەچێت ئەم ناجێگیرییەی چەند هەفتەی رابردوو بەتەواوەتیی لە ئۆفیسەکەی مالکییەوە نەخشەی بۆ دانرابێت، ئەوەی ئەم ئەگەرەش بەهێز دەکات ئەوەیە کە هیچ پەیوەندییەک لەنێوان ئاستی خستنەڕوی دۆلار و نرخی بازاڕدا نەماوە، واتە بانکی ناوەندی هەرچی دەکات نە بە کەمکردن و نە بە زیادکردنی فرۆشتنی دۆلار، ناتوانێت بارە لارەکە راست بکاتەوە.

کێ هەریسەکە دەخوات؟

تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئەو کۆمپانیا و بانکانەی کە دۆلار لە بانکی ناوەندی وەردەگرن و لە بازاڕ دەیفرۆشنەوە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار قازانجیان کردوە، بێگومان ئەم بانک و کۆمپانیایانە خاوەنی سیاسییان هەیە یان لانیکەم پشتیوانی سیاسییان هەیە، دەستکاریکردنی ئەم قازانجە گەورەیە و تێکدانی یارییەک کە ١٨ ساڵە ساحەی بۆ تەخت ئەکرێت هەروا ئاسان تێناپەڕێت.

وەزیری دارایی هەماهەنگ نییە

پەیوەندی وەزارەتی دارایی لەگەڵ بانکی ناوەندیی پەیوەندییەکی زۆر هەستیارە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە کەسێکی توندڕەو و حەدیی ناسراوە، پێدەچێت بە توندی دەستی خستبێتە بینی پارێزگاری بانکی ناوەندیی، بەشێوەیەک کە لە چەند رۆژی پێشودا دەنگێک لە بانکی ناوەندییەوە هاواری لێ هەستاو و وتی "پێویستمان بە هەماهەنگی هەیە، دۆخی هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندی لە ئاستێکی لاوازدایە و وا بەردەوام بێت کێشە دروست دەبێت".

دۆلار چی لێ دێت؟

ئەگەر بە وردتر لەم یارییە بڕوانیت تێدەگەیت کە ئەمریکا و ئێران دو یاریکەری سەرەکین تێییدا، قبوڵکردنی دەستلەکارکێشانەوەی مستەفا غالب بە واتای بردنەوەی ئێران دێت، ئاواش ئەگەری بەهێز هەیە لە داهاتویەکی نزیکدا بەهای ١٠٠ دۆلار بۆ ١٣٥ هەزار دینار داببەزێنرێت، بەڵام ئەگەر ئەمریکا و یارەکانی رێگربن لە سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە ئەوا دواکارتی ئێران بۆ هەستاندنەوەی تمەنەکەی دەسوتێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif