دانیشتنی دادگای باڵای ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی هاڵکبانک بەڕێوەدەچێت

ليست هناك تعليقات



ئەمڕۆ دادگەی باڵای ئەمریکا لەسەر سکاڵای تورکیا تێهەڵچوونەوە بۆ دۆسیەی هاڵکبانک دەکات کە لە لایەن واشنتنەوە تۆمەتبارکراوە بە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران.

بانکەکە دەیەوێت دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیار لەسەر بانگەشەکەی بدات بەوەی کە بە گوێرەی (یاسای ئەمریکا بۆ پارێزبەندیی بیانی)، بانکەکانی سەر بە حکومەتی وڵاتانی بیانی پارێزبەندییان هەیە و ناکەونە ژێر باری بڕیاری دادگە ئەمریکییەکان.

هاڵکبانک ساڵی 2019 تۆمەتبارکرا بەوەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە سپیکردنەوەی ملیاران دۆلاری نەوت و گازی سرووشتیی ئێران تێوەگلاوە و پێشێلی سزاکانی ئەمریکای کردووە.

بە گوێرەی بەڵگەنامەکانی دادگەکانی ئەمریکا، پارەکە لە کڕینی زێڕدا بەکارهێندراوە، گواستنەوەی پارەکەش لە رێگەی کڕین و فرۆشتنەوەی خۆراک و دەرماندا کراوە بۆ ئەوەی بکەونە خانەی یارمەتیی مرۆیی کە سزاکان نایانگرنەوە.

بە گوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، هاڵکبانک ژمارەیەک کۆمپانیای بەکارهێناوە بۆ ناردنی 20 ملیار دۆلار بۆ ئێران، لە نێویدا یەک ملیار دۆلار لە رێگەی سیستمی دارایی ئەمریکاوە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، بانکەکەی بە شەش دۆسیەی ساختەکاری، پارە سپیکردنەوە و سەرپێچیکردنی سزاکان تۆمەتبارکردووە کە بە گوتەی خۆی، جیددیترین دۆسیەی شکاندنی گەمارۆکانی سەر ئێرانن.

هاڵکبانک دەڵێت، (یاسای پارێزبەندیی بیانی) کە سەرکردە و حکومەتە بیانییەکان لە سکاڵاکانی ئەمریکا دەپارێزێت، دامەزراوە بازرگانییەکانی سەر بە حکومەتیش دەگرێتەوە.

بەڵام دادگەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەوە ناکۆکن، بۆیە دۆسیەکە بەرزکراوەتەوە بۆ دادگەی باڵا بۆ ئەوەی یەکلابکرێتەوە، بەڵام دۆسیەکە کەوتووەتە ژێر رەنگدانەوەی سیاسەتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەندینجار تۆمەتەکانی دژی هاڵکبانک رەتکردوونەتەوە و رایگەیاندووە، تورکیا گەمارۆکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران پێشێل نەکردوون، بەڵکو نەیارە سیاسییەکانی ئەنقەرە لە پشت ئەم دۆسیەوەن.

ژمارەیەک کەس لە دۆسیەکەدا تۆمەتبارکراون، لەوانەش محەممەد هاکان ئاتیلا، جێگری بەڕێوەبەری بانکەکە، کە ساڵی 2018 تۆمەتەکەی بەسەردا ساخکرایەوە و سزای بۆ دەرکرا.

ئاتیلا بۆ ماوەی ساڵێک بەندکرا و دواتر لە ساڵی 2019 ئازادکرا؛ لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا وەکو پاڵەوان پێشوازیی لێکرا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif