هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم دەکەن و دەڵێن، هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکانی هەر ئایینێک قبووڵکراو نییە.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر دەڵێت: "هێرشکردنە سەر هەر پیرۆزییەک و باوەڕێک قبووڵ ناکرێت. سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز، کتێبی پیرۆزی باوەڕی ئیسلامی لە سوێد دەکەین. ئێمە دژی هەموو جۆرە قسە و کردارێکی جەمسەرگیرین کە گەلان و بیروباوەڕەکان رووبەڕووی یەکدی دەکاتەوە".
هاوکات میتحەت سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپە پۆستێکی لە تویتەر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئێمە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە سوێد دەکەین. هێرشکردنە سەر بیروباوەڕ و پیرۆزییەکان بە هەر هۆکارێک رەوایی پێ نادرێت. ئێمە دژی هەموو جۆرە کارێکین کە گەلان و بیروباوەڕەکان دابەشبکات و دوژمنایەتیان لەنێوان دروستبکات".
رۆژی هەینی، 20-01-2023، لە خۆپێشاندانێکدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، راسموس پالودان، کەسایەتیی سیاسیی راستڕۆی سوێدی-دانیمارکی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی سووتاند، ئەوەش ناڕەزایی بەشێک لە موسوڵمانانی بەدوادا هات، لەوانەش هاووڵاتییانی تورکیا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە سوێد دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بە رەزامەندیی تورکیا هەیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق