یۆنان: ساڵی رابردوو 1500 قاچاخچیمان دەستگیرکردوون

ليست هناك تعليقات



وەزیرێکی حکومەتی یۆنان رایگەیاند، ساڵی رابردوو ‌هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان 1500 قاچاخچییان دەستگیرکردووە. هەروەها رێگەیان لە نزیکەی 260 هەزار کۆچبەر گرتووە کە بچنە نێو خاکی یۆنانەوە.

رۆژی شەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2023، تیکاس تیۆدۆریکاکۆس، وەزیری پاراستنی هاووڵاتییانی یۆنان لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەوروپا لە یۆنان، رایگەیاند، وڵاتەکەی لەسەر پلانەکەی بەردەوامە بۆ دروستکردنی دیوارێک بە درێژایی 192 کیلۆمەتر لەسەر سنوورەکانی، کە ئامانج لێی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی وڵاتانی ئەوروپایە لە چوونی شەپۆلی کۆچبەران.

ئەو وەزیرە یۆنانییە ئاماژەی بەوەدا، ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە هاوکاریکردنی یەکێتیی ئەوروپایە و گوتی: "دەبێت یەکهەڵوێستی و هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادا هەبێت".

قۆناخی یەکەمی دیوارەکە لەسەر سنووری تورکیایە و درێژییەکەی 27 کیلۆمەترە و بەرزییەکەشی پێنج مەترە.

ئەو پڕۆژەیەی یۆنان لەکاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە چەندنین جار دەسەڵاتدارانی تورکیایان تۆمەتبار کردووە بەوەی پرسی کۆچبەرانیان کردووەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ دروستکردنی ناسەقامگیریی لە یۆنان و وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا.

ئەو بەرپرسەی یۆنان دەڵێت، ساڵی رابردوو، یەکێتیی ئەوروپا هەندێ هاوکاری پێشکێش بە ئەسینا کردووە لەوانە 500 پاسەوانی سنووریی دیکەی بۆسەر سنوورەکانی وڵاتەکەی زیادکردووە و ئێستا زیاتر لە دوو هەزار پاسەوان چاودێریی سنوورەکانی یۆنان دەکەن.

هەروەها یۆنان، بەرپرسانی تورکیای تۆمەتبار کردووە بەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ قاچاخچییەکان دەکات بۆ زیاتر گوشارخستنە سەر یۆنان و ئەوروپا، لەبەرامبەردا بەرپرسانی ئەنقەرە، یۆنانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی هۆکاری دروستکردنی قەیرانی کۆچبەرییە لە ناوچەکە بەوەی بە زۆر کۆچبەران دیپۆرتدەکەنەوە و رەوانەی تورکیایان دەکەنەوە.

تۆمەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە حکومەتی یۆنان لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2023، بەڕێوەبەری نوێی ئاژانسی چاودێریکردنی سنوورەکانی وڵاتانی ئەوروپا ناسراو بە فرۆنتێکس رایگەیاند، ئەو دژی بەزۆر ناردنەوەی کۆچبەرانە و نابێت ئەو ئاژانسە لەژێر چاودێری ئەودا ئەو کارە بکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif