دابەزینی بەهای دینار و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی عێراق

ليست هناك تعليقات


 
لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە شاری بەغدا زۆرترین قسەوباسی ئەم چەند رۆژە، هەڵبەزین و دابەزینی بەهای دیناری عێراقییە بەرامبەر دۆلار.

هەر کەس و خاوەن پیشەیەک دەدوێنی یەکسەر پێتدەڵێت، دابەزینی بەهای دینار کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕ دروستکردووە.

موزەفەر تەیب، دانیشوویەکی بەغدایە و دەڵێت: "هەر پێویستییەکت دەوێت، پێتدەڵێن دۆلار بەرزبووەتەوە. تەبەقە هێلکەیەک بووەتە 8 هەزار دینار. کلیۆیەک گۆشت 18 هەزار دینارە. دەڵێین بۆچی؟ پێتدەڵێن دۆلار بەرزبووەتەوە. بۆیە ئەمە کاریگەری لەسەر تەواوی ئابووریی دروستکردووە."

عەبدوڵڵا جەبار، دووکاندارێکە لە بەغدا و دەڵێت، "نرخی دۆلار پلە بە پلە کاریگەری لەسەر بازاڕ دروستکردووە، بازاڕی پەکخستووە و جوڵە نییە. کڕیار کە دێتە بازاڕ سەیردەکات نرخەکان لە پێشووتر جیاوازن. هۆکارەکەشی دۆلارە."

بازاڕی زێڕنگران لە بەغدا وەک زێڕەکان نابرسیکێتەوە و سارد و سڕی پێوەدیارە، چونکە ئەم دۆخە نرخی زێڕی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بازاڕی زێڕنگرانی کزکردووە.

سەلاح حەسەنین، زێڕنگرێکە لە بەغدا و گوتی، "فرۆشمان کەمبووەتەوە، کاتێک دۆلار بە 120 هەزار دینار بوو، فرۆشمان 60٪ بۆ 65٪ بوو. ئێستا کە 100 دۆلار بە 158 یان 160 هەزار دینارە، فرۆشمان 20٪ش نییە، واتا چەندین جار دابەزیوە."

بانکی ناوەندیی عێراق، وەک داڕێژەری سیاسەتی دراوی وڵات، کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری بۆ بەهێزکردنی بەهای دینار گرتووەتەبەر، بەڵام تائێستا رێکارەکان بەهای دیناریان نەگەڕاندووەتەوە دۆخی پێشووی.

نەبیل عەلی تەمیمی، شرۆڤەکاریی دارایی رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەست نییە بە رادەی توانای دارایی و توانای دارایی عێراق لەبارەی نرخی دۆلارەوە، بەڵکو ئەم بابەتە راستەوخۆ پەیوەندارە بە کارەکانی بانکی ناوەندییەوە لەبارەی بەڕێوەبردنی حەواڵەوە." 

وەک نەبیل عەلی تەمیمی دەڵێت: "ئەو شڵەژانەی دووچاری بەڕێوەبردنی حەواڵە بووەتەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان شڵەژانی لە بازاڕ دروستکردووە، ئەمە وێڕای زیادبوونی خواست لە بازاڕ و بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندە."

ئێستا لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا، نرخی هەر 100 دۆلارێکی ئەمریکی بە نزیکەی 160 هەزار دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەرچەند حکومەت و بانکی ناوەندی پێداگری لەسەر گەڕانەوەی بەهای نرخی دینار بۆ نرخی پێشوو دەکەن، بەڵام تائێستا بازاڕ قسەیەکی دیکە دەکات.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif