ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ وڵاتان: هاوکاریی عێراق بکەن

ليست هناك تعليقات



ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا "بە تووندترین" شێوە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و دیالە دەکات کە تێیدا لانیکەم 19 کەس کوژران کە 11یان پۆلیسی فیدراڵی بوون.

ئەنجوومەنی ئاسایش هێرشەکان بە "ترسنۆکان"ـە وەسفدەکات کە داعش بەرپرسیارێتی لە ئەستۆگرتووە، هاوخەمیش بۆ کەسوکاری قوربانییان دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازێت.

راگەیێندراوەکە دەڵێت، ئەندامانی ئەنجوومەن پاڵپشتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی و پرۆسەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی عێراق دووپاتکردووەتەوە.

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم، لە نزیک گوندی سەفرە لە باشووری کەرکووک کاروانێکی پۆلیسی فیدراڵی کەوتنە "بۆسەیەکی داعشەوە،" بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کاروانەکەدا، "11 پۆلیسی فیدراڵی کوژراون" و دوو پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە شەوى 19ـی کانوونى یەکەمدا، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردەسەر گوندی ئەلبوبالی لە سنووری شارۆچکەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەهۆیەوە هەشت کەس کوژران کە سەرجەمیان سەر بە عەشیرەتى دلێم بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. تائێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە چەکدارییەکە لەلایەن داعشەوە کراوە.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر ئەوە کۆکن کە "تیرۆر بە هەموو فۆڕمەکانییەوە جیدیترین هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستدەکات."

هەربە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەندامانی ئەنجوومەن بە گرنگیان زانیوە ئەنجامدەر و رێکخەر و سپۆنسەری ئەم کردەوە چەکدارییانە بە سزای خۆیان بگەیێندرێن و راپێچی دادگە بکرێن. هاوکات داوای لە هەموو وڵاتان کرد بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش "چالاکانە لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە هاوئاهەنگی بکەن."

رۆژی سێشەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2022، ژەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی پێنتاگۆندا گوتی، "بەردەوامین لە رۆڵی راوێژ و هاوکاریکردن و مەشقپێکردنی ‌هێزەکانی عێراق، بەمەبەستی بە‌‌هێزکردنی تواناکانیان" بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو جۆرە هەڕەشانە.

پات رایدەر گوتیشی، "ئێمە پەیوەندییەکی لەمێژینەمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش، ئەمەش ئەو گرنگییە دووپاتدەکاتەوە کە پێویستە پێکەوە لە ناوچەکە کار بکەین و رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببینەوە کە داعش دروستی دەکات."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif