کاریگەرییە ئابوورییەکانی جامی جیهانی لەسەر ئابووریی قەتەر

ليست هناك تعليقات



بەپێی خەمڵاندنی شرۆڤەکاران قەتەر لە بەڕێوەبردنی جامی جیهانیی تۆپی پێ لەڕووی ئابووری و لە زۆربەی رووەکانی دیکەشەوە زیان دەکات، بەڵام فیفا نزیکەی سێ ملیار دۆلار قازانج دەکات.

فیفا رایگەیاندووە، خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی جامی جیهانی لەئەستۆ دەگرێت کە 440 ملیۆن دۆلارە؛ لەو بڕە 44 ملیۆنی دەدرێتە تیمی براوە و تیمەکانی دیکەش کە دەدۆڕێن هەر تیمێک 9 ملیۆن دۆلای پێ دەدرێت، بەڵام لە ئاستە جیاوازەکان ئەو پارەیە کە دەدرێت بە تیمەکان جیاوازە.

خەرجییەکانی دیکەی فیفا بریتین لە 247 ملیۆن دۆلار بۆ بەڕێوەبردنی پەخشی تەلەڤیزیۆنەکان، 326 ملیۆنیش بۆ بەڕێوەبردنی خەرجیی یارییەکان و هەروەها 207 ملیۆن دۆلاریش بۆ هێزی مرۆڤی لایەنی کارگێڕی. لەبەرئەوە کۆی خەرجییەکانی فیفا بە 1.7 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەم خەرجییانە فیفا دەیگرێتە ئەستۆ و لەسەر شانی حکومەتی قەتەر نییە، بەڵام فیفا قازانجەکانی هاوبەش ناکات لەگەڵ حکومەتی قەتەر لەو 4.7 ملیار دۆلارە کە لە داهاتی تیکتەکان، سپۆنسەرەکان، هۆتێلەکانی خودی فیفا و هی دیکە بەدەستی دەهێنێت؛ واتە بەگشتی لەدوای دەرکردنی خەرجییەکان، فیفا 3 ملیار دۆلار قازانجی پوختە دەکات.

بەڵام بۆ حکومەتی قەتەر قازانج و زیانەکان بەمشێوەیە: قەتەر نزیکەی یەک ملیار دۆلار بە تەنیا خەرجیی دابینکردنی ئاسایشی یارییەکان دەکات. قەتەر لە ماوەی 10 ساڵدا 220 ملیار دۆلاری خەرجیی جامی جیهانی کردووە، کە نزیکەی 10 ملیار دۆلاری بۆ دروستکردنی 7 یاریگە یان نۆژەنکردنەوەیان و 36 ملیار دۆلاری بۆ خەرجیی دامەزراندنی هێڵی مێترۆ بووە.

دامەزراندنی ئامرازەکانی دیکە و هۆتێل و دامەزراوەکانی دیکە، خەرجییەکی زۆری لەسەر شانی ئەو وڵاتە داناوە. بۆ نموونە 100 هۆتێلی بۆ ئەو مەبەستە دروستکردووە.

قەبارەی کۆی بەرهەمی ناوخۆی قەتەر لە ساڵی 2021دا 180 ملیار دۆلار بووە، واتە ئەو وڵاتە لە ماوەی 12 ساڵدا هەموو ساڵێک 18.3 ملیار دۆلاری خەرجکردووە بۆ ئامادەکارییەکانی جامی جیهانی کە دەکاتە 10%ی داهاتی هەموو ساڵێکی لەو ماوەیەوە.

هەرچەندە هەندێک لەو ژێرخانانەی کە قەتەر دایمەزراندوون خزمەت بە گەشەکردنی ئەو وڵاتە دەکات، بەڵام هەندێکی دیکەش دەبێتە بارگرانی بۆ سەر شانی ئەو وڵاتە. بۆ نموونە هێڵی مێترۆی نێوان دوو یاریگەی گەورە دوای جامی جیهانی هیچ خزمەتێک بە ئابووریی ئەو وڵاتە ناکات. هەروەها دامەزراندنی چەندین یاریگەی گەورە، تەنانەت ئەگەر هەندێکیشیان هەڵبوەشێندرێنەوە هێشتا ئەوانی دیکە رووبەرێکی گەورەی زەوی لەو وڵاتە داگیر دەکات، خەرجیی راگرتنی ئەو هەموو هۆتێلەش بارگرانییەکی گەورەی بۆ قەتەر هەیە.

رەنگە بگوترێت بەڕێوەبردنی جامی جیهانی نێوبانگی قەتەری لە جیهاندا گەورە کردووە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدرێتە نێوبانگەکە، دوو لایەنەیە، هەم نێوبانگی بە باشی دەرچووە، هەم لە هەندێک رووەوە کە دیارن بە خراپی رۆیشتووە.

داهاتەکەی قەتەر چی دەبێت؟

نزیکەی 1.3 ملیۆن کەس سەرادنی قەتەریان کردووە بۆ جامی جیهانی، ئەگەر خەرجیی هەر کەسێک بۆ مانەوەی رۆژانە 300 دۆلار لەبەرچاو بگیرێت ئەوا داهاتی سەردانکردنی لاینەگرانی تۆپی پێ نزیکەی 1.56 ملیار دۆلار دەبێت.

قەتەر قازانجی دیکەش دەبات لە جامی جیهانی، وەکو ئەوەی کەرتی گەشتیارییەکەی دەبووژێتەوە، نێوبانگی بەرز دەبێتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆئەوەی وەبەرهێنەران روو لەو وڵاتە بکەن. هەروەها دەستکەوتی زۆری جیۆسیاسیش بۆ ئەو وڵاتە دەڕەخسێنێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا قەتەر بەراورد بە وڵاتانی دیکە کە میوانداریی جامی جیهانییان کردووە، سێ هێندە تاوەکو چوار هێندە پارەی زیاتری خەرجکردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif