ئەمریکا: لە عێراق بەردەوام بین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەکی داعش

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن سەبارەت بە زنجیرە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک و بەغدا رایدەگەیێنێت، ئەو هێرشانە ئەو گرنگییە زەق دەکەنەوە کە "پێویستە لەگەڵ هێزەکانی عێراق کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەک کە چەکدارانی داعش لەسەر وڵاتەکە دروستی دەکەن."

رۆژی سێشەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2022، ژەنەراڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی پێنتاگۆندا باسی لە هێرشەکانی چەند رۆژی رابردووی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق کرد کە ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، رایگەیاند "ئێمە پەیوەندییەکی لەمێژینەمان لەگەڵ عێراق هەیە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش، ئەمەش ئەو گرنگییە دووپاتدەکاتەوە کە پێویستە پێکەوە لە ناوچەکە کار بکەین و رووبەڕووی هەر هەڕەشەیەک ببینەوە کە داعش دروستی دەکات. من وردەکاریی ئەو هێرشانەم لەلا نییە، بەڵام هەروەکو دەزانن ئێمە بەردەوامین لە رۆڵی راوێژ و هاوکارییکردن و مەشقپێکردنی ‌هێزەکانی عێراق، بەمەبەستی بە‌‌هێزکردنی تواناکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیە."

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەم، لە نزیک گوندی سەفرە لە باشووری کەرکووک کاروانێکی پۆلیسی فیدراڵی کەوتنە "بۆسەیەکی داعشەوە،" بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کاروانەکەدا، "11 پۆلیسی فیدراڵی کوژراون" و، دوو پۆلیسی دیکەش بریندار بوون.

هەروەها لە شەوى 19ـی کانوونى یەکەمدا ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردەسەر گوندی ئەلبوبالی لە سنووری شارۆچکەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەهۆیەوە هەشت کەس کوژران کە سەرجەمیان سەر بە عەشیرەتى دلێم بوون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە چەکدارییەکە لەلایەن داعشەوە کرابێت.

لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە ترسی ئەمریکا بەوەی هێشتا تورکیا سوورە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی فراوانی زەوینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا بکات، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند "ئێمە هەڵوێستمان روون بووە سەبارەت بە هەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لەلایەن تورکیای هاوپەیمانمانەوە بۆ سەر باکووری سووریا. ئێمە بەردەوامیشین لە چاودێریکردنی دۆخەکە و هەروەکو دەشزانن ئەمریکا و هەسەدە گەڕە هاوبەشەکانیان دەستپێکردووەتەوە."

هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە بە گوتەی ژەنەراڵ پات رایدەر، بەردەوامن لە ئەرکەکەی خۆیان کە "رووبەڕووبوونەوەی داعشە." دەشڵێت، "لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەسەر ئەو پرسە بەردەوام لە هاوئاهەنگیدا دەبین لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمان و لە هەموو ئاستێکدا لە هاوئاهەنگیداین و بێگومان کاتێک دێتە سەر سەلامەتی و ئەمنییەتی هێزەکانمان. هیواداریشین کە نەگاتە دۆخێک کە ئەو پرسە بکەوێتە مەترسییەوە."

لە 20ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، تورکیا ئۆپەراسیۆنیکی فراوانی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجامدا و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا 59 کەس کوژران کە 16یان خەڵکی سڤیل بوون و 19یان شەڕڤانی هەسەدە بوون و 24یشیان سەربازی سوپای سووریا بوون.

لە دوای هێرشەکەش، چەندجارێک، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەوینی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif