ڕەخنە لەفەزای تەندروستدا

ليست هناك تعليقات




فارس نەورۆڵی
-
قسەیەکی باو هەیە لە هەموو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش (ڕەخنە و ڕەخنە لە خۆگرتن)ە. ئەو قسەیەش لەحیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەتی وەرگیراوە و، واتە بنەچەیەکی مارکسی لینینی هەیە.

دەڵێن جارێک بە یەکێک لە سەرکردەکانی حیزبی شیوعی سۆڤیەتیان ووتوە (ئازادی ڕادەربڕین لەسۆڤیتەت هەیە؟)، ئەویش لە وەڵامدا ووتویەتی بەڵێ دەتوانی بەدڵی خۆت جوێن بە ئەمرکا بدەیت، ئەم وەڵامەش تاڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی لەناو بەشێکی زۆر لەحیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

لەڕاستیدا هیچ کەس و هیچ هێزێک ناتوانێ ڕەخنەی جدی قبوڵ بکات ئەگەر خاوەنی بیر کردنەوەی ڕەخنەیی نەبێت، بیرکردنەوەی ڕەخنەیش کاتێک لەناو کۆمەڵگا دەبێتە کەلتور کە پەروەردەیەکی دروست هەبێت. ئەمەش لە ناو میللەتی زیندوودا گەشە دەکات.

ڕەخنە هونەری بڕیاردانە، جیاکردنەوەی ڕاستییە لە هەڵەکان واتە دەرهێنان وجیاکردنەوەی ڕاستییە، لە هەڵە ڕەخنە ئامرازێکی ناوبژیوانی ئەقڵانییە ئامانجەکەشی هۆشیارکردنەوەی تاکەو گێڕانەوەی بایەخە بۆ مرۆڤ و بۆ دەسەڵات و بۆ ئۆپۆزسیۆن، ڕەخنە هەوڵێکی ڕاستگۆیانەیە بۆتێگەیشتن لە جیهان و دەستنیشانکردنی ڕاستی و دروستی جیاوازییەکان لەڕێگای ئارگۆمێنتەوە.

ڕەخنە دەبێ بنیادبەرانە و زانستی بێت و بایەخ بە ناوەڕۆک بدات، نەک فۆرم. ڕەخنە گفتوگۆیەک و مشتومڕێکی ئەقڵانییە دەربارەی کێشەکان و جیاوازییەکان و کردارەکان بەشێوەیەکی ئەقڵانی هەروەک دەڵێن یاسا لە سەرووی هەموو کەس و هێزێکەوەیە لەهەمان کاتدا هیچ کەس و هیچ لایەنێک لەسەرووی ڕەخنەوە نیە. ڕەخنە دەتوانێ هێز ببەخشێ بە دامەزراوەکان، بە کەسایەتییەکان، بە حیزبەکان ئەگەر قبوڵی بکەن.

خۆ ئەگەر هەر هێزێک و کۆمەڵگایەک ڕەخنە قبوڵ نەکات ئەوا لە بری سەرکەوتن سەرەو لێژبونەوە چارەنوسییەتی! وتەیەکی کورد هەیە دەڵێ (دۆست ئەوەیە دەمگریەنێت و دوژمن ئەوەیە …….).

چەمکی ڕەخنە و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن و میتۆدێکی سوکراتییە دواتر لەسەردەمی ڕۆشنگەریدا ئەما نۆێڵ کانت دەڵێ: (چاخەکەمان چاخی ڕەخنەیە هەموو شتێک پێویستە مل کەچ بێت بۆ ڕەخنە و پشکنینی ڕەخنەیی بەمەبەستی وەرگرتنی یاخود ڕەدکردنەوەی، هەروەها دەرکردنی بڕیارێکی ژیرانە لەسەری). ئازادی و ڕەخنە پێکەوە فەزایەکی ئەرێنی دروست دەکەن کاتێک ڕەخنە نەبوو ئازادی نیە کاتێکیش ئازادی نەبوو ڕەخنە نییە.

بۆیە ئێمەی کورد بمانەوێ کۆمەڵگایەکی تەندروستمان هەبێت دەبێت فەزایەک دروست بکەین کە ڕەخنەی بنیادنەر و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بتوانێ نەشتەرگەری بۆ نەخۆشییەکانی ناو هەموکایە کان و کردار و جوڵەکانمان و ڕاو بۆچونەکانمان بکات، ئەگینا لەکوێرەوەریدا دەمێنینەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif